ڕۆژنامەکوردستانی

خوێندنی باڵا زیاتر لە دو هەزار یەکەی نیشتەجێبون بۆ فەرمانبەرانی لە هەولێر دروست دەکات

شكۆی كوردستان-

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەک جێبەجێکردنى پرۆژەیەکى نیشتەجێبوونیان بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتەکە لە هەولێر تاوتوێکرد کە تایبەتە بەو فەرمانبەرانەی لەنێو شاری هەولێردا دەوام دەکەن.

 د. داود سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازە و پرۆژەکان و سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری ئەو پرۆژەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لێکۆڵینەوەی زانستی رایگەیاند: “پرۆژەکە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی خوێندنی باڵایە کە لە شاری هەولێرن، بۆ فەرمانبەرانە نەک بۆ مامۆستایان.

ئێستا پرۆپۆزەڵەکەی ئامادەیە و لە قۆناخی دانوستاندنداین. ئەو پرۆژەیە بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە.” ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیاکە مۆڵەتی لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و دەبێت لە دوو بۆ سێ مانگی دیکەدا دەست بە دروستکردنی پرۆژەکە بکات کە تەنیا بۆ فەرمانبەرانی خوێندنی باڵایە لە هەولێر و دەشڵێت: “فەرمانبەری خوێندنی باڵا لە هەر شارێکی دیکەی وەک دهۆک و سلێمانی ئەو داوایە پێشکەش بکەن، بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت.” ژمارەی فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا لە شاری هەولێر نزیکەی شەش هەزار و 500 کەسە کە پرۆژەکەیش بەشی هەموویان ناکات.

 د. داود سلێمان وتیشی: “مەرجێکمان بۆ شێوازی پێشکەشکردن داناوە کە دەبێت فۆڕم پڕبکەنەوە و دەبێت فەرمانبەری هەمیشەیی بن و فەرمانبەری ناو شاری هەولێر بن. تاوەکو ئێستا تاکە شت کە ماوە و لەگەڵ کۆمپانیاکەدا تەواو نەبووە، بابەتی نرخی ئەو یەکانەیە. هەوڵ دەدەین نرخەکەی گونجاو بێت، چونکە بۆ فەرمانبەرانە.” رووبەری 138 دۆنم بۆ پرۆژەکە دابینکراوە. دەکەوێتە سەر رێگەى سەرەکیی هەولێر – کەرکووک، 2060 یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە کە شوقە و خانوون، 440ـیان خانوون و 1620ـیشیان شوقەن.  پرۆژەکە 15 باڵەخانەیە کە هەریەکەیان 18 نهۆمە و هەر نهۆمێکیش شەش شوقەیە. رووبەری شوقەکانیش 133 مەتر دووجا و 160 مەتر دووجان.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close