نێودەوڵەتی

هەشت وڵات ڤاکسینی ئاسترازینیکایان هەڵپەسارد

شكۆی كوردستان-

حکومەتی هۆڵەندا بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاسترازێنیکای بەریتانی- سوێدی تاوەکو 29ی ئەم مانگە هەڵپەسارد. 

راگرتنی ڤاکسینەکە بەگوتەی بەرپرسانی حکومەت، بۆ هەبوونی کاریگەری نەرێنی نییە، بەڵکو هەنگاوێكی پێشوەختەی هۆڵەندایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی کاریگەری لاوەکی ڤاکسینەکە کە تاوەکو ئێستا ئەو ناوبانگەی خراوەتەپاڵ کە گوایە بەکارهێنەرانی تووشی مەینی خوێن دەکات. 

هۆڵەندا پێشوەختە پارەی 12 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکای داوە و بەرپرسانی تەندروستی، خشتەی کاتی تایبەت بە پێدانی 290 هەزار ژەمە ڤاکسینیان بە خەڵکی ئامادەکردووە. بەو جۆرەش هۆڵەندا چووە پاڵ وڵاتانی تایلاند لە ئاسیا و دانیمارک، ئایسلاند، نەمسا، ئیتالیا، ئایرلاند، بولگاریا و نەرویج لە ئەوروپا. 

دەیڤد گرایمس، پسپۆڕی پزیشکی دەڵێت “پێموایە دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە لە زانستدا ناکرێت شتەکان بێ هۆکاری زانستی بەیەکدی ببەستیتەوە. لەڕاستیدا بڕیارەکانی ئێمە بە راگرتنی ڤاکسینی ئاسترازینیکا لەسەر بنەمای چەند راپۆرتێک بوو کە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤییەوە هاتن، لەکاتێكدا دەزانین کە لە بەریتانیادا دەیان ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکا لە خەڵک دراون بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیش دروستبکەن. بەڵام ئەو قسەیەش راستە کە دەڵێت دەبێت وریا بین. بۆیە راگرتنی ڤاکسینی ئاسترازێنیکا لەسەر بنەمای وریایی پێشوەختە بووە”. کێشەکەش لە نەرویج سەریهەڵدا کاتێك کە 3 لە کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینی ئاسترازێنیکایان وەرگرت و دواتر بەهۆی خوێنبەربوون و مەینی خوێن لە نەخۆشخانە خەوێندران.

 هەنگاوەکەی هۆڵەندا لەدوای یەک رۆژ لە بڕیارەکەی ئایرلاند هات بە راگرتنی ڤاکسینی ئاسترازێنیکا. پۆل هەنتەر، پسپۆڕی پزیشکی و ئەندامی ناوەندی دەرمانەکانی نەرویج دەڵێت “ئەمە وادەکات پەسەندکردنی ڤاکسینی ئاسترازێنیکا لەلایەن خەڵکەوە قورستر بێت، هەر ئەم هەستە خەڵکی تووشی نەخۆشی دەکات و ئەگەر ئەوە زەق بێتەوە، ئەوا لەوانەیە هەندێ کەس بمرن”. بێمتمانەییەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە تێیدا بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا داوای پەسەندکردنێکی دیکەی ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی بۆ ڤاکسینەکە دەکەن. بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دەڵێت “ئێمە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازێنیکا رادەگرین. بە نووسراو داوای دووبارە پەسەندکردنی دەکەین لەلایەن ئاژانسی دەرمانی ئەوروپییەوە، تاوەکو وەڵامی دێتەوە، ئێمە بەکاریناهێنین”. 

هۆکاری هەڵپەساردنی ڤاکسینی ئاسترازێنیکای بەریتانی – سوێدی زانستی بێت یان سیاسی، ڤاکسینەکە لە رکابەری نێو بازاڕە گەرمەکەی ڤاکسین لە ئەوروپا و جیهان تاڕادەیەک دووردەخاتەوە و دەرفەت بۆ  ڤاکسینەکانی فایزەری ئەمریکی ئەڵمانی، مۆدێرنا و جۆنسن ئەند جۆنسنی ئەمریکی بۆ فرۆش و کاریگەری زیاتر دەکات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close