نێودەوڵەتی

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا: داخستنی هەدەپە مردنی دیموکراسییە

شكۆی كوردستان-

هەوڵەکانی هەردوپارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) لەرێگەی حکومەتی تورکیاوە بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کەلەلایەن کوردەوە پشتیوانی دەکرێت بەردەوامی هەیە و ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش باوەڕیوایە داخستنی هەدەپە واتای مردنی “دیموکراسییە و حکومەت کەوتوەتە جەنگ لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆی”.

بەهۆی بەشداری  پارتی دیموکراتی گەلان،  ئاک پارتی نەیتوانی بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت

ئالیف بوڵۆت، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بە کەناڵی “العربية”ـی راگەیاندوە، ئاک پارتی بەشێوەیەکی کرداری دەستیکردوە بە هەنگاوەکانی داخستنی پارتەکەیان بەئامانجی بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2015 بەهۆی بەشداری  پارتی دیموکراتی گەلان، نەیتوانی بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت و ناچاربو لەگەڵ  پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هاوپەیمانی بکات، لەو ماوەیەشدا “ئاک پارتی کە حکومڕانی تورکیا دەکات چەندین تاوانی لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە و کەوتوەتە جەنگ لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆی و وڵاتانی دراوسێ”.

پارتەکەمان بۆ کۆمەڵگە پێویستە کە هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر گەندەڵییەکانی ئاک پارتی هەیە

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بەشێوەی رۆژانە فشارەکانی لەسەر هەدەپە چڕدەکاتەوە لەوانەش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانیان، دەستگیرکردنی سەدان سەرکردە و بەرپرسی رێکخستنەکانیان و لەئێستاشدا دەیانەوێت هەدەپە دابخەن، بەڵام “ئێمە دەڵێن لێرەین و پارتەکەمان بۆ کۆمەڵگە پێویستە کە هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر گەندەڵییەکانی ئاک پارتی هەیە و داوای یەکسانی دەکەین، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت لەرێگەی بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن، رێگری بکات لە شکستەکانی”.

 لەو وڵاتانەدا کەداخستنی پارتەکان هەیە بەقۆناغ ئازادی کەمبوەتەوە و خۆپیشاندان و ئازادی رادەبڕین بەرتەسک کراونەتەوە

لای خۆیەوە ئیردل ئافجیش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، داخستنی پارتەکان واتای کەمبونەوەی روبەڕوی دیموکراسی و مردنی “دیموکراسییە و لەو وڵاتانەشدا کەداخستنی پارتەکان هەیە بەقۆناغ ئازادی کەمبوەتەوە و خۆپیشاندان و ئازادی رادەبڕین بەرەو لاوازبون یان نەمان رۆشتون”.

کارەکانی ئێمە پەیوەست نیە بەبونی پارتی سیاسییەوە، چونکە ئێمە جوڵانەوەیەکین دژی قەیرانە زۆر و بەردەوامەکان

جەختیشیکردەوە، هەپەدە بەردەوامە لە کارەکانی خۆی و “کارەکانی ئێمە پەیوەست نیە بەبونی پارتی سیاسییەوە، چونکە ئێمە جوڵانەوەیەکین دژی قەیرانە زۆر و بەردەوامەکانی ژیان نەک لەپێناوی تەنها گرتنەدەستی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکان”.

17ی ئەم مانگە داواکاری گشتی تورکیا داوایەکی یاسایی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاڕاستەی دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد و هۆکاری داواکارییەکەشی بۆ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو پارتە گەڕاندوەتەوە کە “یەکێتی خاکی تورکیایان بەئامانج گرتوە”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close