کوردستانی

وردەكاری تاپۆكردنی خانووى زێدەڕۆ و زەوی كارت ئاشکرا دەکرێت

شكۆى كوردستان – هه‌ولێر
سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش مانگی ئاداری 2018 دروستكراون، تاپۆ دەكرێن و هەر خانووێكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە، هاوكات كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و كه‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر بێبه‌رامبه‌ر خانووه‌كانیان تاپۆ ده‌كرێن.

بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش مانگی ئاداری 2018 دروستكراون، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019 جێگیركراو تاپۆ دەكرێن، هەر خانووێكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە و ئێستاش لیژنەی تایبەت پێكهێندراوە.

بۆ خێراكردنى پڕۆسه‌كه‌، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوای زیادكردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و یاسایی و ئیداری لە سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان كردووە پەلە بكەن بۆ تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاپۆكردنی ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون، به‌ (شكۆى كوردستان)ى راگەیاند: بەپێی یاسای ژمارە 3ی جێگیركراو و بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو خانووانەی لە پێش مانگی ئاداری 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون تاپۆ دەكرێن. دەشڵێت: “پێشر یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2018 بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆیی دەرچووە و هەر خانووێكیش لە پێش ئەو رێككەوتەوە بەزێدەڕۆ دروستكرابێت، ئەو یاسایە دەیگرێتەوە بۆ تاپۆكردن:.

دەربارەی هۆكارى دواكەوتنی جێبەجێكردنی یاساكە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند: بەهۆی پشووی فەرمانگەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵ، نەتواندرا رێككارەكانی ئەو یاسایە جێبەجێبكرێن و ئێستاش وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دەركردووە بۆ ئەوەی یەكە ئیدارەییەكان دەستبكەن بە رێككارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووانە.
دەربارەی رێككارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: “كەسی زێدەڕۆكار داواكارییەك پێشكەشی یەكە ئیدارییەكەی دەكات و یەكەی ئیدارییش لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ راییكردنی كاروبارەكانی ئەو بابەتی تاپۆكردنە”.

هەروەها سەبارەت بە رێككارەكان لە شار و شارۆچكەكان، وه‌زیرى شاره‌وانى وتى: “خانووەكە لە ناو شارەكان نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت، لە قەزاكان 250 مەتر و ناحیەكانیش 300 مەتر زیاتر نەبن”.

حكومەتی هەرێم بە ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە پڕۆژە یاساكەدا نرخی زۆر رەمزی پێشنیار كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك لە سەنتەری پارێزگاكان مەتری لە نێوان 15 تا 30 هەزار دینار و لە شارۆچكەكان مەتری 10 تا 15 هەزار دینار و لە ناحیەكانیش مەتری 5 تا 8 هەزار دینارە.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كام چین و توێژ له‌ وه‌رگرتنى پاره‌ى تاپۆكردنى خانووه‌كان ده‌به‌خشرێن، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر به‌ (شكۆى كوردستان)ى راگه‌یاند: كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان، ئەنفالكراون و كەمئەندامانی سەنگەر ئەو حوكمە داراییە نایانگرێتەوە و بێبه‌رامبه‌ر خانووه‌كانیان تاپۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها هەر زێدەڕۆییەك كرابێتە سەر زەوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستانیش تاپۆ ناكرێن.

جگه‌ له‌ تاپۆكردنى ئه‌و خانووانه‌ى به‌ زێده‌ڕۆ دروستكراون، زه‌وییه‌ كارته‌كانیش تاپۆ ده‌كرێن، له‌وباره‌یه‌وه‌ ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتى: “تاپۆكردنی زەوی كارت پڕۆسەیەكی بەردەوامە لەنێوان سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و ئەوانەی لە پارێزگاكانن لەگەڵ فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی وەزارەتی داد، ئەو پڕۆسەیە ئەگەر هیچ گرفتێكی یاسایی نەبووبێت بەردەوام بووە و بەشی زۆری ئەو زەوییە كارتانە كراونەتە سەنەدی خانوو و رادەستی شارەوانییەكان كراونەتەوە و ئەوانیش رادەستی هاووڵاتییانیان كردووەتەوە، تەنیا وەك نموونە ئێستا لە شاری هەولێر شەش هەزار سەنەدی دیكە لەلایەن فەرمانگەی تاپۆوە ئامادە كراون، بە نووسراو و رێنماییش هەموو سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانییەكان ئاگادار كراونەتەوە پەلە بكەن بۆ زیادكردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و ئیداری و یاسایی بۆ ئەوەی پڕۆسەكە خێراتر بێت”.

به‌پێى یاساكه‌، دەبێ خاوه‌ خانووه‌ زێدەڕۆکان، لەماوەی سێ مانگدا داوای تاپۆکردن پێشکەش بکات، ئه‌وكات له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كانیان رایى ده‌كرێت، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ولێر، ده‌ڵێت: “لە ئێستاشەوە دەرگای مامەڵەکردنی تاپۆکردن لە رێگەی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە کراوەیە”.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌ركردنى یاساى تاپۆكردنى خانووه‌ زێده‌ڕۆكان پێش قه‌یرانى دارایى و ڤایرۆسى كۆڕۆناوه‌ ده‌ركراوه‌، بۆیه‌ خاوه‌ن خانووه‌كان پێیانوایه‌، به‌هۆى قه‌یرانى دارایییه‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ زۆره‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تاپۆكردنى خانووه‌كانیان وه‌رده‌گرێت و داواده‌كه‌ن بڕى پاره‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تى هه‌رێم هیچ بڕیارێكى بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى پاره‌كه‌ ده‌رنه‌كردووه‌.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close