ڕۆژنامەکوردستانی

حکومەتى هه‌رێمى كوردستان بۆ وەرگرتنی باج “ڕێوشوێنی نوێ” دەگرێتەبەر

“دەتواندرێت داهاتی باج 100% زیاد بکرێت”

ئا/ شكۆى كوردستان

بەشێک لە کۆمپانیا گەورە و پڕ داهاتەکان باج نادەن و حکومەتی هەرێم لەم مانگە بەدواوە بۆ وەرگرتنی باج و روسوماتی کۆمپانیاکان رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر، ئەندامێکی پەرلەمان، دەڵێت: پینج جۆرە کۆمپانیا باج نادەن و دەتواندرێت بە گرتنەبەری هه‌ندێك رێوشوێن داهاتی باجى مانگانه‌ بۆ 180 ملیار دینار به‌رز بكرێته‌وه‌.

حکومەتی هەرێم لە مانگی 12ی ساڵی 2020، تەنیا 90 ملیار دیناری لە باج و ڕوسوماتی کۆمپانیاکان دەستکەوتووە، بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 10ى كانوونى دووه‌مى 2021 دەرچووە و واژۆی مەسرور بارزانی لەسەرە، بڕیار دراوه‌ لەمەودوا 20%ى باج لە کۆمپانیاکانی گەیاندن وەربگیرێت و کارمەندانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی سکویریتی نەوت و گاز و میوانخانە چوار ئەستێرەکان دەبێت راستەوخۆ باج بدەن و میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت پەیڕەو دەکرێت.

ده‌تواندرێت  داهاتى باج 100% زیادبكرێت

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، به‌ ده‌زگاى میدیاى بوار نیوزى ڕاگه‌یاندوه‌: بەگرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی پێویست و ناچارکردنی کۆمپانیا گەورەکان، حکومەت دەتوانێت داهاتی  کۆکراوەی باج لە مانگێکدا بۆ 180 ملیار دینار به‌رز بكاته‌وه‌.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هه‌رێم، 32 هەزار و 780 کۆمپانیا لە پارێزگاکانی هەرێم دامەزراون، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و دوو سەد کۆمپانیا بیانین و باقی کۆمپانیاکانی تر خۆماڵین. %70ی کۆمپانیاکانیش لە لیستی جمووجۆڵی بازرگانی تۆمارکراون.

کێن ئەوانەی باج نادەن؟

عەلی حەمە ساڵح، بەدواداچوونی کردووە و کۆمەڵێک داتای دەستکەوتووە لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە باج نادەن، بە بواری گوت: شەش هەزار و 229 کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج و دەرامەت نین، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکەدا نییە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەو پەرلەمانتارە، پێنج جۆرە کۆمپانیا باج نادەن کە ئەمانەن:

-کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت و خزمەتگوزارییەکان کە ژمارەیان 822 کۆمپانیایە.

-کۆمپانیاکانی سکویریتی.

-کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی خاڵە سنوورییەکان.

-کۆمپانیاکانی گەیاندن.

-کۆمپانیاکانی وەرگرتنی باج لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج و دەرامەت لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت: یەکێکە لە بڕیارە هەرە باشەکان و مانگانە بە ملیارەها دینار دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت.

کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج  و خانووبەره‌ی هه‌رێم، لە 11ى كانوونى دووه‌مى2021 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن بەتایبەت کۆڕەک و زین و ئاسیا، یەکیکە لە بڕیارە هەرە باشەکان و داهاتەکە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەمەودوا ئەو داهاتە بۆ خەزینەی گشتی دەوڵەت دەگەڕێندرێتەوە.

زیاتر لە هەشت هەزار کۆمپانیا قەرزی باجیان لەسەرە

بەپێی خشتەیەک کە لاى بوار نیوزە، لەسەرجەم شارەکانی کوردستان، هەشت هەزار و 656 کۆمپانیا قەرزی باجیان لەسەرە کە هەشت هەزار و 192-یان لە هەولێرن و 406 کۆمپانیاش لە سلێمانین، هەروەها چوار هەزار و 992 کۆمپانیا نەهاتوون بەدەم مامەڵەکانیانەوە، کە زۆربەیان لە سلێمانی و دهۆک-ن.

کەمال تەیب، ده‌ڵێت: پێداچوونەوە بە لێخۆشبوون لە باج و داهاتەکان لە گومرگەکان کۆتووبەند دەکرێن، هیچ کەسێک نییە پارێزبەندی هەبێت و دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان باج بدەن.

گوتیشی: بەپێی گرێبەستەکان بەبیانووی جیاواز کۆمپانیاکانی بواری نەوت و کارمەندانی بیانی کە لەو کەرتە کاردەکەن باجیان نەداوە، لەمەودوا دەبێت باج بدەن.

دوو مانگ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان

حکومەتی هەرێم ماوەی دوو مانگی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دیاریکردووە و لە نووسراوەکەشدا هاتووە کە دواتر بنەما و میکانیزمەکان دیاریدەکرێن و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راسپێردراوە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی و دیاریکردنی ئاستی پابەندییەکانی  و لایەنەکانی کەمتەرخەم.

پێشتریش لە 5ى تشرینى یه‌كه‌مى 2020، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکیدا لەبارەی چاکسازی لە باج و رەسوماتەکان رایگەیاندبوو: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەن و دەبێت دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هه‌بێت و هەموو رێککارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرنەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close