نێودەوڵەتی

بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازێنێکا بۆ خوارتەمەنی 30 ساڵ راگیرا؛ پزیشكێک رێنمایی و هۆکارەکانی دەخاتەڕو

شكۆی كوردستان-

دكتۆر زانا زرار حه‌مه‌دئه‌مین، پزیشكی ڕاوێژكاری هه‌ناو له‌ وڵاتی بریتانیا رایگەیاند، حکومەتی بریتانیا و دەزگای چاودێری دەرمان و تەندروستیی بەریتانی دەڵێن، زۆر پێدەچێت کە دیاردەی خوێن مەیین لەو کەسانەی کە ڤاکسینی ئاسترازێنێکایان بەکارهێناوە کاریگەریی لاوەکیی ڤاکسینەکە بێت، هەربۆیە بڕیاردراوە بۆ خوار تەمەنی 30 ساڵ بەکارنەهێرنرێت، بەڵام داوا لە هاوڵاتیانی سەروی 30 ساڵ دەکات ساردنەبنەوە لە بەکارهێنانی بەهۆی ئەوەی ئەو ڤاکسینە و ڤاکسینەکانی دیکەش کاریگەرییەکی باشیان هەبوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دامەزراوەی دەرمان و چاودێری تەندروستی بریتانیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای چاودێریی دەرمان و تەندروستی (MHRA) و لیژنەی کوتان و بەرگریکردن (JCVI) بڕیاریان دا کە ڤاکسینی ئۆکسفۆرد ئاسترازێنێکا لە بریتانیا تەنها بۆ تەمەنی سەروی 30 ساڵ بەکاربێت، بە واتایەکی تر، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە 30 ساڵ بە خوارەوەن ڤاکسینی تریان بۆ دابین دەکرێت لە جیاتی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا وەکو ڤاکسینی فایزەر بایۆنتیك یان ڤاکسینی مۆدێرنای ئەمریکی.

 حکومەتی بریتانیا و دەزگای چاودێری دەرمان و تەندروستیی بەریتانی دانیان بەوە دانا کە “بەڵێ” زۆر پێدەچێت دیاردەی خوێن مەیین کاریگەریی لاوەکیی ڤاکسینەکە بێت

دكتۆر زانا زرار حه‌مه‌دئه‌مین لەنوسینێکدا لەبارەی بڕیارەکەی دامەزراوەی دەرمان و چاودێری تەندروستی بریتانیا  بڵاویکردەوە، ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە حکومەتی بریتانیا و دەزگای چاودێری دەرمان و تەندروستیی بەریتانی دانیان بەوە دانا کە “بەڵێ” زۆر پێدەچێت دیاردەی خوێن مەیین کاریگەریی لاوەکیی ڤاکسینەکە بێت، کە ئێستا لە بریتانیا ژمارەیان گەیشتوەتە 79 حاڵەت (3 کەس لە خوار تەمەنی 30 ساڵ) لە کۆی زیاتر لە 20 ملیۆن کەس کە تا ئێستا ڤاکسینی ئۆکسفۆرد ئەسترا زێنێکایان وەرگرتوە (4 حالەت بۆ هەر ملیۆنێك) و ژمارەی ئەو کەسانەی مردون بەو دیاردەی خوێن مەیینە تەنها 19 کەسن لە کۆی ئەو 20 ملیۆنە (یەک حاڵەتی مردو بۆ هەر ملیۆنێك) هەبوە.

 هێشتا ئەوە ناگەیەنێت کە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕابگیرێت

دكتۆر زانا زرار حه‌مه‌دئه‌مین باس لەوەدەکات، ئەو بڕیارە شتێکی چاوەڕوان کراو بو، بەڵام هێشتا ئەوە ناگەیەنێت کە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕابگیرێت هەروەکو هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا کردویانە، چونکە ڤایرۆسەکە هێشتا لەناومان ماوە و بەردەوامە لە بڵاوبونەوە لە کوردستان و لە وڵاتانی تریش، “خەڵك ئێستاش زۆر زۆر زیاتر گیان لەدەست دەدەن بە نەخۆشیی کۆڤید-19، ئەوەش بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەو ڕێژە کەمەی مردوان بە هۆکاری کاریگەریی لاوەکیی ڤاکسینەکە”. 

لە چەند ڕۆژ و هەفتەی رابردو با نەترسن و خۆیان توشی دڵەڕاوکێ نەکەن، با ژەمی دوەمیان ڤاکسینێکی تر بێ

ئەو پزیشکە رێنمایی کەسانی خوار 30 ساڵ دەکات کە ڤاکسینی ئاسترازێنێکایان  وەرگرتوە، دەڵێت، “لە چەند ڕۆژ و هەفتەی رابردو با نەترسن و خۆیان توشی دڵەڕاوکێ نەکەن، با ژەمی دوەمیان ڤاکسینێکی تر بێ لە ماوەی 4 تا 12هەفتە پاش ژەمی یەکەم”.

تا ئێستا ئەو ڤاکسینە و ڤاکسینەکانی تریش کاریگەرییەکی باشیان هەبوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشیی کۆڤید-19

هاوکات رێنمایی هاوڵاتیان دەکات بەوەی، “تکایە با ئەو هەواڵانە ساردتان نەکاتەوە لە وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە ئەگەر تەمەنتان لە سەروی 30 ساڵەیە، چونکە تا ئێستا ئەو ڤاکسینە و ڤاکسینەکانی تریش کاریگەرییەکی باشیان هەبوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشیی کۆڤید-19 لە وڵاتی بریتانیا، هیوادارین هەمان کاریگەرییان هەبێ لە کەمکردنەوەی ژمارەی توشبوان و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بە نەخۆشیی کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان”. 

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close