Uncategorized

پەرلەمانتارێک: کاری پاڵاوگە نایاساییەکان مەترسییە لەسەر تەندروستی و بەرھەمی کشتوکاڵی

شكۆی كوردستان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەدان گۆڕەپان و پاڵاوگەی بێمۆڵەت  بەناوی  دروستکردنی گازوایل و بەنزین ژیانی ھەمو ھاوڵاتی کوردستانیان خستوەتە مەترسییەوە و بەرهەمەکانیان ھۆکاری چەندین نەخۆشی مەترسیدارن  لەسەر تەندروستی مرۆڤ و  بەرھەمی کشتوکاڵی.

 ماددەیەکی ژەھراوی مەترسیدار دروستدەکەن ناویان ناوە گازوایل

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەنوسینێکدا کە لەپەڕەی فەرمی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، “کۆمەڵێک گۆڕەپانی بێ مۆڵەت کە لە ژێر ھیچ چاودێریەکدا نین، چەند ماددەیەک تێکەڵ دەکەن و ماددەیەکی ژەھراوی مەترسیدار دروستدەکەن ناویان ناوە گازوایل ئەمیش بۆ مۆلیدەو ئەو ئۆتۆمبیلانە بەکاردێت بە گازوایل کاردەکەن”.

مەوادێکی مەترسیدار دروستدەکرێت و وەک بەنزین دەفرۆشرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەھەمان شێوەی گازوایل،  بەتێکەڵکردنی کۆمەڵێک مادەی کیمیاوی و بەشێوەی نازانستی و لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە  لە پترۆکیمیاوی و کۆندێن سەیت و بەرزکەرەوەی ئۆکتان، مەوادێکی مەترسیدار دروستدەکرێت و وەک بەنزین دەفرۆشرێت”.

 مەترسیەکانی ئەم ماددە ژەھراویانە زیاتر دەبن و ھۆکاری چەندین نەخۆشی مەترسیدارن

ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەکاتەوە ڕۆژبەڕۆژ مەترسیەکانی ئەم ماددە ژەھراویانە زیاتر دەبن و ھۆکاری چەندین نەخۆشی مەترسیدارن لەوانە،  دروستکردنی خانەی شێرپەنجەیی، شێرپەنجە، نەخۆشیەکانی دڵ، فشاری خوێن، خوێنبەرەکان، کۆئەندامی ھەناسەو کێشەی منداڵبون، کۆئەندامی بەرگری، کێشەی گەشەی منداڵ و کەمخوێنی.

دەقی نوسینەکەی عەلی حەمە ساڵح:


ئەنجامە ترسناکەکان

ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوین بۆ ئەو ساختەکاریە گەورەی لە سەدان گۆڕەپان و پاڵاوگەی بێمۆڵەت و خەزاندا دەکرێت، بەناوی  دروستکردنی گازوایل و بەنزین ژیانی ھەموو ھاوڵاتی کوردستان کراوەتە قوربانی ئەم بزنسە ڕەشە.

گازوایل: بۆ ئەم گازە لە تێست دەرناچێت؟ 

چونکە فلاش پۆینتی نزمەکان کە مەترسی گرگرتنی هەیە و لە زستاندا دەیبەستێت .
ئەمە پوختەی توێژینەوەیەکە لەگەڵ چەند کەسێکی پسپۆڕ لە بواری کیمیا ئەنجاممان داوە.

کۆمەڵێک گۆڕەپانی بێ مۆڵەت کە لە ژێر ھیچ چاودێریەکدا نین، چەند ماددەیەک تێکەڵ دەکەن و ماددەیەکی ژەھراوی مەترسیدار دروستدەکەن ناویان ناوە ” گازوایل” ئەمیش بۆ مۆلیدەو ئەو ئۆتۆمبیلانە بەکاردێت بە گازوایل کاردەکەن.

ئەم تێکەڵە لە ناوچەی کاشێی دھۆک و تانجەرۆ و گۆڕەپانەکانی ھەولێر دروستدەکرێن.

چۆنیەتی دروستکردن 
95% ئەو گازەی کە بەکاردێت بۆ بەکارهێنان بریتی یە لە گازی تێکەڵەیە! 
ئەمیش لە تێکەڵکردنی جۆرە ڕۆنێک کە بشێکی مۆم (WAX) ەو (25000ppm)  و ڕێژەی گۆگرد تێیدا (S) دروستدەبێت ، ئەو ڕۆنەش کە بەکاردێت بۆگرتنەوەی گازەکە لە پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان بەرهەم دەهێنرێت کە بە ڤكیوم کاردەکەن و نەوتی خاوی سوریاو عەینزالەو مەحمودیەو حوزیران بەکاردێنن! 

ڕۆنە قاوەیەکە کاتێک لەگەڵ نەوتی سپی تێکەڵ دەکرێت.. بەرھەمێکی لێدەردەچێت پێی دەڵێن “گازی قاوەیی” پاشان لە گۆڕەپانەکان بە تێزاب و کۆستیک( soda) جارێکی دیکە تەسفیە دەکرێتەوە پێی دەڵێن تەسفیەی دو بۆ ئەوەی ڕەنگەکەی بگۆڕن بۆ زەرد… ئەم تەسفیەی دوە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی سلفەرەکەی بۆ سەرو (25000ppm) 
ئەمیش لە کاتی سوتاندن دەبێتە ھۆی دروستبونی بڕێکی زۆر لە ( SO2 , H2S , CO2) ، دوان ئۆکسیدی گۆگرد (SO2) و دوان ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)  

بەنزین: 
بەھەمان شێوەی گازوایل،  بەتێکەڵکردنی کۆمەڵێک مادەی کیمیاوی و بەشێوەی نازانستی و لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە  لە پترۆکیمیاوی و کۆندێن سەیت و بەرزکەرەوەی ئۆکتان، مەوادێکی مەترسیدار دروستدەکرێت و وەک بەنزین دەفرۆشرێت.

گرفتی بەنزین تەنیا ئۆکتان نیە، بەڵکو ئەو ماددە کیمیاویانەیە تێیدەکرێت.
ئەو ماددانەی بەکاردێت: تۆلین,  C2H5 , MTBE, PB(C2H4)2 ، ڕیفۆرمەیت و ئیسانۆڵ و میسانۆڵ. ئەرۆماتیک
کە ئەم ماددانە ڕێگا پێدراو نین.

ئەنجام: 
بەپێی تویژینەوەکان ڕۆژبەڕۆژ مەترسیەکانی ئەم ماددە ژەھراویانە زیاتر دەبن و ھۆکاری چەندین نەخۆشی مەترسیدارن، لەوانە: 
دروشتکردنی خانەی شێرپەنجەیی و شێرپەنجەو نەخۆشیەکانی دڵ و فشاری خوێن و خوێنبەرەکان و کۆئەندامی ھەناسەو کێشەی منداڵبون و کۆئەندامی بەرگری و کێشەی گەشەی منداڵ و کەمخوێنی..
دەبێتە ھۆی دروستبونی ترشە باران، کەئەمەش زیانی گەورە لە بەرھەمی کشتوکاڵی دەدات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close