ڕۆژنامەکوردستانی

رێواز فایەق: میدیای ئازاد لەپاشەكشەدایە

شكۆی كوردستان-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدایە و کاتێک ئەو میدیایە دەکەوێتە پاشەکشەوە بوارەکانی دیکەش دەکەونە پاشەکشە، ئێستا جۆرێکی تر لە میدیا هەیە، ئەویش میدیای کڕدراوە، کە نە هی حزبەکان و نە سێبەری حزبەکانە نە ئازادیشە، “ئەوە ئەو میدیایە کە بە پارەی سیاسیەکان و گەندەڵی و بە پارەی دزراو ئاڕاستەی دەکرێن، پەیام ئاڕاستە دەکات و لە میدیای ئازاد زاڵترە”.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆی لەمیانی وتارێکدا لەمەراسیمی راگەیاندنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لەلایەن سەنتەری میترۆوە رایگەیاند، “راپۆرتی رەوشی رۆژنامەنوسان بەڵگەیەکی مەترسیدارە و پاشەکشەی ئازادیە بەشێوەیەکی گشتی وئازادی راگەیاندنە بەشێوەیەکی تایبەتی، کە ئەوەی بەرهەمی ئەو شڵەژاندنەیە کە لە تەواوی کایەکانی ژیان لە کوردستاندا هەیە، لە کایەی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی کە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر یەکێک لە چالاکییە گرنگەکان هەیە کە بریتیە لە میدیا”. 

ئەگەر وتبێتمان ئێمە تازەین، ئەسڵ وایە دەبێت ساڵ بە ساڵ تۆزێک بچینە پێش نەک بە پێچەوانەوە، ئەوەی هەیە پێچەوانەکەیەتی

ئاماژەی بەوەشکرد، “راگەیاندن لەهەمان ئەو فەزایەدا کاردەکات کە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و حزبی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی کاری تیایدا دەکەن، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە بەجۆرێکە کە هەمو ساڵێک دەڵێین خۆزگەمان بە ساڵی پار، کە لەراستیدا نەدەبو وابێت، لە رابردودا ئەگەر وتبێتمان ئێمە تازەین، ئەسڵ وایە دەبێت ساڵ بە ساڵ تۆزێک بچینە پێش نەک بە پێچەوانەوە، ئەوەی هەیە پێچەوانەکەیەتی”.

جۆرێک میدیای تر هەیە کە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکرێن لەلایەن حزبەکانەوە وەک روداو، کوردستان 24 و کوردسات ئەوەش تاڕادەیەک رونە چ پەیامێکی هەیە

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەمیانی وتەکانیدا بۆ ئامادەبوان، وتی، “بەڕێزان پێتان وایە میدیای ئێستا میدیا چوار ساڵ پێش ئێستایە؟، لەراستیدا نەخێر، میدیای حزبەکان رونە و ناسراون، من وەک هاوڵاتییەک کە قسەیەک لە تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان وەردەگرم کە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، واتا خۆم ئامادەکردوە لە روی دەرونییەوە کە لەو پەیامەکەدا روئیای یەکێتی ببینیم، جۆرێک میدیای تر هەیە کە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکرێن وەک روداو، کوردستان 24 و کوردسات ئەوەش تاڕادەیەک رونە چ پەیامێکی هەیە”.

جۆرێکی تر لە میدیا هەیە، ئەویش میدیای کڕدراوە، کە نە هی حزبەکان و نە سێبەری حزبەکانە نە ئازادیشە

رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕو، “وەکو بینەرێک نەک وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێموایە کە میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدایە و کاتێک ئەو میدیایە دەکەوێتە پاشەکشەوە بوارەکانی دیکەش دەکەونە پاشەکشە، ئێستا جۆرێکی تر لە میدیا هەیە، ئەویش میدیای کڕدراوە، کە نە هی حزبەکان و نە سێبەری حزبەکانە نە ئازادیشە، ئەوە ئەو میدیایە کە بەتایبەتی لەناو میدیای ئەلیکترۆنیدا بە پارەی سیاسیەکان و گەندەڵی و بە پارەی دزراو ئاڕاستەی دەکرێن، پەیام ئاڕاستە دەکات و لە میدیای ئازاد زاڵترە”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close