کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی داوای بەپەلە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەکات

شکۆی کوردستان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئازایەتیی راستەقینە چارەسەرکردنی كێشەکانە.” دەشڵێت، کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتی: “20 ساڵ ئەزموونی ئازادی لە عێراق دەکرا زۆر باشتر بووایە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرابا و فیدراڵی کە سیستمی عێراقە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە، جێگیربکرابا. جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵی، پابەندنەبوون بە دەستوورەوە زۆر کێشە و ناکۆکیی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی لە عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیریی عێراق هەمیشە بە لەرزۆک ببیندرێت.” 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: “پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق.”

  لەبارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، “فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین.

خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراق.” دەشڵێت، “ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان.” 

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close