نێودەوڵەتیکوردستانی

نوسینگەی سودانی ڕەزامەندی و مەرجەکانی سەرۆک وەزیران بۆ دابینکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرادەکات

شکۆی کوردستان-

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیران ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان راستەوخۆ بدات، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای فەرمی بداتە حکومەتی عێراق.

 رۆژی 14-11-2023، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەڵامی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە کە لە 02-10-2023دا ئاراستەی کراوە. نووسراوەکە لە وەڵامی نووسراوێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد و تێیدا داوایان کرد، هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق TBI کە لقی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

 سوودانی لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا دەڵێت، لاری نییە لە پێشنازەکانی ئەو نووسراوە بەمشێوەیە:

 یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای فەرمانبەران بداتە حکومەتی فیدراڵی بۆ جێگیرکردنی مووچەکانیان و راستەوخۆی ناردنی مووچەکەیان بۆ سەر هەژمارەکانیان. 

دووەم: پارەدارکردنی مووچەکە لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە یاسای بودجەی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە یاسای بودجە دا هاتووە کە پەرلەمان پەسندی کردووە لەگەڵ رەچاوکردنی ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانە، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی.   هەریەک لە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە.  

دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی 22-11-2023 رایگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە پارتی، ئەو نووسراوەیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، داواکراوە مووچەی فەرمانبەران دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و راستەوخۆ بدرێتە فەرمانبەران.  

دارا سێکانیانی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، پێیوایە باشترین بژاردە هەموارکردنی یاسای بودجەی عێراقە، بەشێوەیەک هەولێر و بەغدا رێکبکەون گەرەنتیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.   

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان بوو، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ کردووە، خراپیی دۆخی فەرمانبەران و مامۆستایانی بۆ باسکردووە. بڕیار رەشید کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابووری و بارزگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت، “وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندم، دوایین 700 ملیار دیناری دیکە وەک قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ناتوانێت هیچ بڕەپارەیەکی دیکە رەوانە بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close