نێودەوڵەتی

دیارترین ئەو گۆڕانکاریانەی پاش دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا رودەدەن

دوای 47 ساڵ بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا چوەدەرەوە، ئەوەش دوای تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر راپرسی خەڵکی ئەو وڵاتە، کە بە رێژەی  52% دەنگیان بە جیابونەوە دابو.

لەپاش جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا قۆناغی راگوزەر دەستپێدەکات، کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا بریتانیا پابەندی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت، تا ئەوکاتەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا رێککەوتننامەی بازرگانی واژۆدەکەن.

لەماوەی راگوزەردا بریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا گفتوگۆ دەکات بۆ مانەوەی زۆرینەی پەیوەندییەکانی نێوانیان وەکو خۆی، جگە لەم حەوت خاڵەی خوارەوە کە بەتەواوەتی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

یەکەم: پەرلەمانتارانی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کورسییەکانیان لە دەستدەدەن

بەهۆی ئەوەی بریتانیا لە سەرجەم دامەزراوە و دەزگا سیاسیەکانی یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە، پەرلەمانتارانی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کورسییەکانیان لەدەستدەدەن، کە ژمارەیان 73 ئەندام پەرلەمان دەبێت.

دوەم: بەشداریکردن لەکۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا

ئەگەر سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بیەوێت لە داهاتودا بەشداری لە کۆبونەوەی لوتکەیی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکات، دەبێت لە یەکێتی ئەوروپاوە بانگێشتننامەی فەرمی پێگەیشتبێت، ئەوە بۆ کۆبونەوە خولییەکانی یەکێتی ئەورپاش بەهەمان شێوە دەبێت.

سێیەم: بەفەرمی گفتوگۆ بازرگانییەکان دەستپێدەکات

لەگەڵ جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بریتانیا دەتوانێت گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان دەستپێبکات و یاسای نوێ بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان دابنێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لەرابردودا کاتێک بریتانیا ئەندامی یەکێتی ئەوروپابو، نەیدەتوانی دانوستانی فەرمی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا، لەئێستادا پشتیوانانی برێکزیت ئازادی بریتانیا لە بڕیاردان لەبارەی سیاسەتە بازرگانییەکان، هۆکارە بۆ بەهێزبونی ئابوری بریتانیا.

لەئێستادا هەریەکە لە لەندەن و برۆکسڵ هەوڵ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی فراوانی بازرگانی دەدەن لەکارە پێشینەکانیان، بۆ خۆپاراستن لە سەپاندنی باجی گومرکی زیاتر لەسەر کەلوپەلەکانیان لەپاش تەواوبونی ماوەی راگوزەر.

چوارەم: گۆڕینی رەنگی پاسپۆڕتی بریتانیا

رەنگی پاسپۆرتی بریتانیا دەگۆڕێت بۆ رەنگی شینی تۆخ، ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی 30 ساڵ بەسەر گۆڕینی رەنگەکەی بۆ سور تێپەڕبوە.

وا بڕیارە لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا رەنگی پاسپۆرتی بریتانیا بکرێتەوە بە شینی تۆخ، بەڵام ئەو کەسانەی کە هەر بە رەنگە سورەکە مامەڵە دەکەن پاسپۆتەکانیان کاری پێدەکرێت.

پێنجەم: دراوی ئاسنینی برێکزیت

حکومەتی بریتانیا سێ ملیۆن دراوی ئاسنین لە رۆژی دەرچونی بریتانیا دەخاتە بازاڕەوە، وەک یادەوەری ئەو رۆژە مێژوییە، کە لەسەری نوسراوە “ئاشتی گەشەسەندن و  هاوڕێیەتی لەگەڵ سەرجەم گەلاندا”ی لەسەر هەڵکۆڵدراوە.

شەشەم: داخستنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری برێکزیت

تیمە حکومییەکەی بریتانیا کە سەرقاڵی گفتوگۆکانی جیابونەوەی بریتانیا بون لە یەکێتی ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە، ئەو تیمانە ساڵی 2016 بە بڕیاری تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا پێکهێندرابون.

حەوتەم: ئەڵمانیا گەشتی هاوڵاتییان بۆ بریتانیا سنوردارناکات

بریتانیا ناتوانێت گومانلێکراوانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هاتو توانیبێتیان بۆ ئەو وڵاتە هەڵبێن، چونکە دەستوری ئەڵمانیا رێگە بە رادەستکردنی گومانلێکراوان بە هیچ وڵاتێک نادات ئەگەر ئەو وڵاتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نەبێت.

لەو بارەیەوە وتەبێژی ئەڵمانیا رایگەیاندوە، “لە دوای دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەو یاسایە کاری پێناکرێت”.

جگە لەو گۆڕانکارییانە چەند شتێکی دیکە هەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە ئەوانیش:

یەکەم: گەشتکردن

پڕۆسەی گەشتە ئاسمانی، زەمینی و ئاوییەکان لە ماوەی راگوزەریدا وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

دوەم: مۆڵەتی شوفێری و پاسپۆرتی ئاژەڵە ماڵییەکان

وەک خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانکاریان بەسەردا نایەن.

سێیەم: کارتەکانی دڵنیایی تەندروستی ئەوروپی

بریتانییەکان دەتوانن کارتی دڵنیایی تەندروستی لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا بەکاربهێنن، ئەو کاتە نەخۆش دەکەون یاخود توشی روداوێک دەبنەوە، کارتەکە لە هەمو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بەدێژای ماوەی راگوزار بەکاردەهێندرێت، لەنێویشیاندا نەرویج، سویسرا، ئایسلاند و لیختنشتاین.

چوارەم: مانەوە و کارکردن لەیەکێتی ئەوروپا

لەماوەی راگوزاردا ئازادی گواستنەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەوەش هاوڵاتیانی بریتانیا دەتوانن لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بژین و کاربکەن و هەمان شێوە هاوڵاتییە ئەوروپییەکانیش کە دەیانەوێت لە بریتانیا.

پێنجەم: موچەی خانەنشینی

ئەو بریتانیانەی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەژین بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی، تەنانەت زیادەی ساڵانەشیان خەرجدەکرێت.

شەشەم: بەشداریکردن لە بودجەی یەکێتی ئەوروپا

بریتانیا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە بودجەی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی راگوزەریدا، واتا بریتانیا بەردەوام دەبێت لە وەبەرهێنان و جیبەجێکردنی پلانەکانی بریتانیا کە پێشوتر داڕێژرابون.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close