دیمانە و ڕاپۆرتکوردستانی

کارە دەستیەکان لەھەولێر بەرەو نەمان دەچن

شکۆی کوردستان – ھەولیر
کاری دەستی لە ھەولێر بە یەکێک لە پیشە دێرینەکان دادەنرێت کە نەوە دوای نەوە لە باوک‌و باپیرانەوە بەجێماوە، ئیتر بە تێپەڕبونی کات ئەو جۆرە پیشەیە پشتگوێخراوەو وایلێھاتو‌وە کە لەگەڵ خواست‌و توانای لاواندا ناگونجێت.
سەرەڕای ئەوەش، ھاوردەکردنی ھەموو شمەکێک لەدەرەوە کاریگەریی کردۆتە سەر کەمکردنەوەی بازاڕی بەرھەمی ناوخۆ .
عەلی رەمزی ، دارتاش، کەتەمەنی زیاتر لە چل ساڵە بە داخ‌و حەسرەتەوە قسەیدەکردو وتی “لە قۆناغی نەرمی نینۆکەکانمەوە (لە منداڵییەوە) لەم پیشەیەدا کاردەکەم‌و لەباوکمەوە فێربوم،” وەستا علی پیشەکەی بە یەکێک لە پیشە جوانەکان دادەنێت. ھاوکات، وتیشی دارتاشی لە ساڵانی ھەشتاکان‌و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا زۆر باشتر بوو لەوەی ئێستا ھەیە، ئەویش لەڕوی کواڵیتیی‌و دارایشەوە سودی ھەبووە بۆ خاوەن پیشەکە.
رەمزی بە شکۆی کوردستان وت ” کارگەی گەورەی دارتاشی لە شارەکەدا نەماوە بۆ دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ، ژوری نوستن، ژوری دانیشتن‌و نانخواردن” بەھۆی ھاوردەکردنی کەلوپەل لە شوێنی جیاوازەوەو بەنرخێکی ھەرزانیش بێگوێدانە جۆری ئەو کەرەستانەی بەکارھێنراون لە دروستکردنیاندا.
بە وتەی ئەو، ئەوەش بەھۆی لاوازیی ڕۆڵی چاودێریی‌و پشکنینی جۆرییەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، گرانی بژێوی کڕیار ھۆکارێکی ترە، بۆیە کەلوپەلی ھاوردەی ھەرزان دەکڕن بە بەراورد بەھەمان شمەک کە لەناوخۆدا دروستدەکرێت.
ھاوکات، ئاسنگەرێک باس لە ھۆکاری کەمبونەوەی پیشەی ئاسنگەریی دەکات کە بە یەکێک لە پیشە گرنگەکان دادەنرێت‌و پێویستی بەھەوڵ‌و دانبەخۆداگرتن ھەیە، حاجی عەبدولواحد حسێن وتی “یەکێکە لە پیشە بنەڕەتییەکان چونکە خزمەتی زۆری پیشەکانی تر دەکات” وەک کشتوکاڵ‌و دارتاشیی‌و بیناسازیی‌و ئەوانی تریش. ئەوەشی وت، زۆرینەی ئامێرەکان لە ڕێی ئاسنگەرەوە در‌وستدەکرێن، لەوانە دەسک، چەقۆ، مەنجەڵ، خاکەناز، زنجیر، بۆری ھەڵکەندن و ئەوانی تریش.
لای خۆیەوە، عەلی ئاسنگەر کە نزیکەی ٦٥ ساڵە ئاسنگەریی پیشەیەتی، وتی “بەم دواییانە ئەم جۆرە پیشەیە بەرەو نەمان دەچێت، چونکە خەڵک بەرەو پیشەی تر دەڕوات،” ئەوەش بەھۆی نەبونی پشتگیریی حکومەت، کەمی داھاتی دارایی ئەم پیشەیەو رۆیشتنی خەڵک بەلای پیشەی تردا کە پێویستی بەھەوڵی زۆر نییە.
ئەو پێشکەوتنەی جیھان بەدەستیھێناوە بۆتە ھۆی دورخستنەوەی خەڵکی ھەولێر لەو پیشەیەو کەمبونەوەی پێشوازی خەڵک لێی، ئەوە سەرەڕای پشتبەستنی خەڵک بە کەلوپەلی ھاوردەی سەردەم، کە کواڵیتیان باش‌و جوانترو بە کاتێکی کەمتریش بەرھەمدێن.
وەھاب سامی، ھەلاج کە ٢٧ ساڵە ئەوە پیشەیەتی وتی “ئەم پیشەیە فێربوم بەڵام ئێستا بەرەو دواوە دەڕوات، بەبەراورد بە کاڵای ئامادەکروای ھەرزان بەتایبەت کەلوپەلی چینیی” کە بە خراپی کاریگەریی کردۆتە سەر بەرھەمە ناوخۆییەکان، بۆیە ھەلاجی لە ھەندێک لە گەڕەکە میللیەکان ماوە بەڵام پێشتر ھەلاجەکان لەلایەن خاوەن ماڵەکانەوە بانگدەکران تا لە ماڵەکاندا کاربکەن.
تا ئێستاش ھەندێک لەو خێزانانە داوای نوێن‌و جێگەی نوستنی در‌وستکراو لە لۆکە دەکەن، چونکە پێیانوایە بەرھەمی ناوخۆ ماوەیەکی زیاتر بەرگەدەگرێت.

توێژەری کلتوریی، خالس یاسین باس لەو ھۆکار‌و کاریگەریانە دەکات بونەتە ھۆی پشتگوێخستنی کاری دەستی لەوانە” ئەو لێکترازانەی لەنێوان نەوەکاندا در‌وست بوەو بەیەک نەگەیشتنەوەو بەجێمانی پیشەی باوک بۆ وەچەکانی،” ئەوەش لە ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە بەشداریی‌و کاریگەریی گەورەی ھەیە لەسەر وەستانی ھەندێک لە کارگەکان لەگەڵ کەمبونەوەی شمەکی خام‌و ئامێری بەکارھێنان بۆ ئەو پیشانە .
ئەو توێژەرە بۆ سەرای وتیشی “ئێستا دەوڵەت بەدەست ڤایرۆسی بێکارییەوە دەناڵێنێت،” ئەوەش بەھۆی کۆمەکنەکردنی پیشەسازیی دەستی کە وایکرد لاوان پشت لەو پیشانە بکەن، بە پێچەوانەی حکومەتەکانی پێشوو ھاوکاریی بوارەکەیان دەکرد لەڕێی دابینکردنی مادەی خا‌و، ئامێری بەکارھێنان‌و ڕاھێنانی دەستی.
بەڵام مامۆستای قوتابخانەی پیشەیی، تارق عبدالکریم وتی “نەمانی ھەندێک لەو پیشە دەستیانە لە شارەکەدا ھۆکارەکەی گوێنەدانە بە قوتابخانە پیشەییەکان‌و پیشەسازییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، بەجۆرێک کە قوتابی پێویستی بە دابینکردنی مادەی خام‌و ئامێری سەردەمیانەیە لە فێربونی پیشەییدا. وتیشی خێزانەکان نایانەوێت خوێندکارەکانیان بۆ ئەو جۆرە قوتابخانانە بنێرن چونکە پاشەڕۆژیان مسۆگەر نییە.
شارەزایان دەڵێن لە ئێستادا کاری دەستیی بونی لە مەترسیدایە لە بازاڕەکاندا، ئەوەش بەھۆی زۆری بژاردەکان لای ھاوڵاتیان کە وایکردوە بازاڕ پڕبێت لە کەلوپەلی ھاوردەی ھەرزان لەچاو بەرھەمی ناوخۆییدا.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close