کوردستانی

چۆن دەتوانین بە زووی ئەم قەیرانە تێبپەڕێنین؟

كاروان گه‌زنه‌یى
‎وەکو پێشتر چەند جارێک هۆشداری ئەوەمان داوە کە حکومەتی هەرێم دووچاری قەیرانێکی سەخت بووەتەوە، و دەبێت بە ناچاری بچێتە ژێر بارییەوە، و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ڕەتدانەوەی ئێمەش لەسەر ئاشکراکردن و باسکردنی دۆخەکە سود بە بارودۆخی حکومەت ناگەیەنێت و چارەسەری دۆخی دارایی هەرێمیش ناکات؛ پێویستە حکومەتی هەرێم واز لە وەڵام و وەڵامکاری بهێنێت و تێبینی و ڕەخنەکان بە هەند وەربگرێت. بۆیە پێویستە بەدوو شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بکرێت: دانانی پلانی دوور مەودا و دانانی پلانی کورت و خێرا، کە ئەمەی دوەمیان چارەسەرە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا.

‎حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووڕیانی ڕۆژانێکی سەختدایە، و دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنی داهاتی ناوخۆیی پێکەوە تا بینەی حکومەت دەستیان بردووە. هەڵبەت ئەم قەیرانە فرە ڕەهەندە و بەشێکی پەیوەستە بە دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی بازاڕەکانی جیهانی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە. بەشەکەی دیکەی پەیوەستە بە سیاسەتی چەوتی ناوخۆییەوە- سەرباری هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆناش.

‎پێش باسکردن لە چارەسەر، دەبێت تیشک بخەینە سەر ئەو مەترسی و کەموکورتیانەی کە دابەزینی نرخی و نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا پەردەیان لەسەر لادا بۆ تێگەیشتن لە جۆری قەیرانەکە.

لە خوارەوە بە کورتی بە چەند خاڵێک باسیان لەبارەوە دەکەین:
‎یەکەم: ئەم قەیرانە دەبێت بۆ حکومەتی ڕوونکردبێتەوە کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تا ئێستا وەزارەتێکی تەماشاکەرە و نە توانیویەتی بارزگانی بکات و نە هیچ سودێکی پیشەسازی هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە بارگرانی دارایی زیاتر سودێکی دیکەی نەبووە.
‎دووەم: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەکاربەرە، و ئابووری هەرێمی کوردستانیش ئابوورییەکی پاشکۆیە بەتایبەت وڵاتانی تورکیا و ئێران؛ هەموو پشت بەستنێکیشی بە هاوردەکردنە.
‎سێیەم: حکومەتی هەرێم سیاسەتی ئەمنی خۆراکی نەبووە و نییە، کە ئەمە وایکردووە کە کەمترین دەرگا داخستن ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان و هاووڵاتییان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.
‎چوارەم: هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانییوە یەدەگی یاسایی هەبێت، و ئەمەش دەرگا دەکاتەوە کە لەهەر تەنگەتاوییەک حکومەت پەنا ببات بۆ سەدەقە و داواکردن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک.
‎پێنجەم: ناشەفافیەتی لە پڕۆسەی نەوت کاریگەری زۆر ڕاستەوخۆی بەسەر دروستکردنی قەیرانەکەوە هەیە، بە جۆرێک کە سەختە بۆ ئابووری ناسان بتوانن چارەسەر لەسەر ژمارەی گریمانە کراو بدەن بە حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
‎شەشەم: تەواوی کوردستان لە لایەن چەند کەسێکە و مۆنۆپۆل کراوە، کە ئەمە کارەساتێکی ئابووری گەورەی خوڵقاندووە، نمونەش بۆ ئەم ڕاستییە تاڵە ئەوەی کە لەگەڵ بانگەوازی لێخۆشبوونی کرێ، خەڵکانێک پشتگیرییان کرد کە خاوەندارێتی ناوچەی یەکجار زۆر و ستراتیژییان دەکرد کە دەبوایە لە بنەمادا ئەمانە موڵکی شارەوانی بن. ئەم جۆرە مۆنۆپۆلیەش بەتەنها سود بە کەسانێک دەگەیەنێت کە مووچەی فیکسیان هەیە و ناتوانن داهاتی زیادە دەستەبەربکەن.

‎چارەسەری گونجا و خێرا چین بۆ ئەم دۆخە:
‎یەکەم: یەکەم هەنگاو داننانە بەم قەیرانە و ڕوونکردنەوەیەتی لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دڵنیای دان لە ماوەی قەیران و چارەسەرکردنی دۆخەکە بەشێوەیەکی زانستی و پلان بۆ دانراو بۆ ئەوەی خەڵک خۆی ئامادەبکات و بەسەر دۆخێکدا نەکەوێت کە چاوەڕوان نەکراوبێت بۆی.
‎دووەم: ڕێککەوتنێکی لۆژیکی نوسراو لەگەڵ بەغدا و چونە ژێر باری مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی لە بەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.ـ
‎سێیەم: کەمکردنەوە یان بڕینی خەرجی بەشێک لە وەزارەتەکان بۆ ماوەیەکی کاتی و گێڕانەوەی شایستەکانییان دوای تێپەڕاندنی دۆخی قەیران.
‎چوارەم: بڕینی سەرجەم خەرجییە زیادەکان وەکو وزەی ئۆتۆمۆبێل، سیانە، خەرجی دامەزراوە لاوەکییەکان، ئیفادات بۆ دەرەوە بۆ ماوەیەکی کاتی و گێڕانەوەیان لە کاتی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا.
‎پێنجەم: هەوڵدان بۆ کارکردن لە گەڵ حکومەتی ناوەندی لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی بۆ سووکردنی دەسەڵاتە سیادییەکانی هەرێم بە گوێرەی ماددەی (١١٠)ی دەستوور بۆ ڕاکێشانی پارە، هەرچەندە ئێستا بانکی مەرکەزی خۆی لقی هەیە، بەڵام ئەمەش دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی هاوکار بێت هەرچەندە بە گوێرەی دەستوور لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
‎شەشەم: حکومەت کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرمایەدارەکان بکات لە هەرێمی کوردستان و داوایان لێبکات کە پارە بخەنە بانق لە بەرامبەردا فائیدەیان بۆ زیاد بکات بە گوێرەی گرێبەستی نێوانیان لە ٦ مانگەوە دەست پێبکات تا دەگاتە ساڵێک و بگرە زیاتریش.
‎حەوتەم: پێویستە حکومەتی هەرێم کاربکات بە زووی بۆ برەودان بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و داهات لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە هەرکاتێک پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان ببەستێت، بە نمونە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران و دروستکردنی سایلۆ بۆ بەرهەمهێنانی ئارد نەک هەر بۆ هەرێم بگرە بۆ تەواوی عێڕاقیش.
‎ھەشتەم: لە ئێستادا لە هیچ سوچێکی دنیا ئابووری ئیشتراکی تەواو یان سەرمایەداری تەواو نییە، بەڵکو ئابووری میکس هەیە واتا هاوبەش؛ حکومەتی هەرێم دەبێت بەزووی دەستبکات بە تەداخولات لە هاوردەکردنی بەرهەم هەم بۆ دڵنیابوون لە نرخ و کوالێتی هەمیش بۆ ڕێکخستن و سود وەرگرتن لە هەر هاوردەیەک لە لایەن بازرگانەکانەوە.
‎نۆیەم: ئەوەی کە دەوترێت داهاتی ناوخۆ نزیک دەبێتەوە لە سفر، دوورە لە ڕاستییەوە چونکە باج یەکێکە لە داهاتە ناوخۆییەکان و باج لە سەنەی مالی وەردەگیرێت؛ بۆیە حکومەت دەبێت بەزووی بیر لە ڕێخستنی باج بکاتەوە، و هەوڵبدات چی بەشێوەی قەرز یان باجی پێشوەختەی تەخمینکراو لە کۆمپانیا گەورەکان وەربگرێت بە ڕێژەیەکی زیاتر و دواتر لە کاتی باشبوونەوەی دۆخی ئابووری ئیعفای کۆمپانیاکان بکات، یان بەر هەر ناوێکی دیکە کە یاسای بێت.
‎دەیەم: بانگکردنی خەڵکانی پسپۆڕ بۆ ڕاوێژ لە هەموو بوارەکان و کۆبوونەوەی دەوری لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەستەکان بۆ وەرگرتنی زۆرترین بۆچونەکان پێش دەرکردنی بڕیارگەلێک کە نەتواندرێت جێبەجێ بکرێن.

‎جگەلە ئەم هەنگاوانە، دەستبردن بۆ بڕینی هەر مووچەیەک یان دواخستنی بە هیچ شێوەیەک چارەسەری دۆخەکە ناکات و دەبێت حکومەت بە ژیری مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات کە تەنها کەمتر لە (٣) مانگ دەخایەنێت و تێدەپەڕێت. دواتر دەتواندرێت سود لە پلانی دوور مەودا و کەسانی شارەزا ببیندرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close