محهمهد رێكانى بۆ رۆژنامەی شكۆی كوردستان-
بە بەردەوام گلەیی لە دادگاکان و دادوەرو داواکاری گشتی دەکرێت، بەتایبەت لەکاتێكدا کە کەیسێک لاای گشتی لەسەر دروستدەبێت و میدیایەکان تیشکی دەخەنەسەر، ئەمەش پێویست بە وەستانێکی جیددیە بۆ زانینی هۆکاری ئەم گلەیی و رەخنانە چییە و چەندی لەجێی خۆیدایە و چەندیش بێئاگایی هاووڵاتیانە لە یاسایەکان و رێکكارەکانی دادوەری؟.
سەرەتا یاسایەکانی کوردستان کە دادگاکان کاری پێدەکەن لە 80% هیچ کەم و کوڕییەکی تێدا نییە، ئەوەی جێگای نیگەرانی خەڵک و هاووڵاتیانە شێوازی بەڕێوەچون و جێەجێکردنی یاسایەکانە لە دادگاکان و بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگاکانی تری جێبەجێکردنی یاسایە، کە بەڕاستی گلەییەکان تاڕادەیەکی زۆر لەجێی خۆدان، چونکە ئەو رێكکارو شێوازەی دادگاکان و داواکاری گشتی کاری پێدەکات زۆر دواکەوتون لە وڵاتانی دونیا ئێستا کاری پێناکرێت، لەوانه:
1. کەمی دادوەرو داواکاری گشتی لە بەرامبەر ئەو هەموو کەیسانەی لە دادگاکانن.
۲.کەمی دادگاکان کە تا کەیسێک یەکلایی دەبێتەوە جاری واهەیە چەند ساڵی پێدەچێت کە ئەمەش جۆرێکی تری ستەمە.
۳.رۆتینیاتی لەبەردەم دادگاکان و بنکەکای پۆلیس و بەڕێوەچوونی رێکكارەکان کە جاری واهەیە هەر وتەیەکی سکاڵاکار یان تۆمەتبار دەبێت لەبەردەم پۆلیس و لێکۆڵەری دادوەری و دادوەر وەربگیرێت کە دەبێت هۆی بێزاری ئەو کەسە.
٤.دووری و ناشەفافی پڕۆسەی دادوەری لە کوردستان بۆ میدیاو راگەیاندنەکان کە هۆکارێکە بۆ بوونی ئەم گلەییانە.
٥. شێوازی رەفتاری هەندێک لە دادوەران و داواکارانی گشتی و لێکۆڵەرە دادوەرییەکان و پۆلیس لەگەڵ لایهنەکانی کێشەکان ناشارستانی و نایاساییە، کە توندی و توڕەیی و بێ رێزی پێوە دیارە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ناگونجێت.
٦.سیستەمی داواکاری گشتی، وەک ئهوهى ئێستا هەیە لە کوردستان لەهیچ شوێنێکی دونیا نەماوە، پێوست بە کاراکردنێکی ریشەیی هەیە کە لە ئاست بەرپرسیارەتی کۆمەڵگهو و سەروەری یاساو پاراستنی سامان و مافی گشتیدا بێت.
۷.دەسەڵاتی دادوەری نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگه بدات هیچ دەسەڵاتێکی تر دەست تێوەردانی پڕۆسەی دادوەری بکات.زۆر هۆکاری تر هەن، کە دەبنە هۆکاری گلەیی هاووڵاتیان لە دادگاکان کە ئەوەش مافی خۆیانه چونکە تەنها شوێن کە دەبێت ماف بۆ خاوەن ماف بگهڕێنێتەوە دادگاکانە، کە نابێت خەڵک بێئومێد بکات.ئهندامى داواكارى گشتى ههرێم.