کوردستانی

راگەنراوێك لەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكانی ئەمدواییەی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە، نیگەرانن بەرانبەر گرژیی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت، “پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت”.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، “زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژیی و پەرەسەندن و ئۆپراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بوەتە هۆی دڵەڕاوكێی هاوڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردویش دوبارە بوەتەوە، هەموجار و ئەم جارەیش قسەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم دو وڵاتە كردوە و نیگەرانییەكانیان پێ ڕاگەیاندون، “ئەوان جەختیان لەوە كردوەتەوە كە هیچ جۆرە دژایەتییەكیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆكاری بوردومانەكان بونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانە كە لەناو خاكی هەرێم، كردەی سەربازی دژی ئێران و توركیا ئەنجام دەدەن”.

پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەشکردوە، “ئێستا پەكەكە نزیكەی پێنجسەد گوندی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێ كردوە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەكەوێت و شوێنەكانی تری هەرێمیش دەكەونە ژێر مەترسی”.

ئەوەشی خستەڕو، پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت، “بۆیە پێشتر گوتومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە كە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێكاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی تر و ئەگەر پەكەكە و لایەنە چەكدارەكانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بن با شەڕ و چاڵاكییەكانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی راستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close