کوردستانی

هەولێر بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ دەدات

شكۆی كوردستان-

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکردوە. یەکێک لە بڕیارەکان “قەدەغەیەکی هاتووچۆی سنووردار”ـە و دەشڵێت، ” لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەقی بڕیارەکان بڵاودەکەینەوە.”

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی سایلۆی هەولێری کرد و سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ رایگەیاند، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاری هەولێر لە کاژێر 10:00 تاوەکو 12:00 کۆبووەتەوە و تاوتوێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی هەرێمی کوردستان کردووە “چونکە بەداخەوە ئێستا ئێمە لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدارداین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکان بڵاوبووەتەوە”.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریان لەسەرداوە، تایبەت بە قەدەغەی هاتووچۆ گوتی ” لە بڕیارەکاندا هەوڵمانداوە لەنێوان دۆخی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان هاوسەنگیمان دروستکردووە و قەدەخەیەکی هاتووچۆی سنووردارمان پەیڕەوکردووە”.

رۆژی چوارشەممە 24-06-2020 ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەسەڵاتی قەدەخەی هاتووچۆی تەواو یان سنوورداری لەڕووی شوێن و کاتەوە دایە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو کە لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو 1ی تەممووزی مانگی داهاتوو هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا رادەگیرێت، پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند، ” هاووڵاتیان تەنیا بەپێ و لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەکان دەتوانن هاتووچۆ بکەن.”

ئەو رێکارە نوێیانەی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنن بەمەبەستی زیاتر رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. چونکە رۆژە بە رۆژ ژمارەی مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close