نێودەوڵەتی

لوتكه‌ی ئه‌وروپا له‌كۆبونه‌وه‌دایه‌ و چه‌ند پرسێكی گرنگ تاوتوێده‌كات

شكۆی كوردستان-

یەکێک لەو پرسانەی کە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا دەیانەوێت لە لووتکەی ئەمڕۆیاندا لە بڕۆکسل گفتوگۆی لەسەر بکەن کێشەی رووسیا و ئۆکرینایە.

ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا، پێش بەڕێکەوتنی بەرەو شوێنی لووتکەکە، لە بەرلین هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی قورسی بەسەر رووسیادا کرد لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکراینا.

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی “هەر پێشێلکاریێک دژی سەروەری خاکی [ئۆکراینا] بکرێت، ئەوا باجی دەبێت، باجێکی قورس. ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و هاوپەیمانە ئەتڵەسییەکانمان بە یەک دەنگ لەسەر ئەم پرسە قسە دەکەین.”

رۆژی چوارشەممەش لووتکەیەکی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا بە بەشداریی ئۆکراینا، مۆڵدۆڤا و جۆرجیا، کە سێ ئەندامی یەکێتیی سۆڤیەتی جارانن، بەڕێوەچوو.

هەریەکە لەو سێ وڵاتە داوا دەکەن ببنە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بەتایبەتیش ئۆکراینا داوا لە ئەوروپییەکان دەکات دژی مۆسکۆ، بەرگریی لێ بکەن.

رووسیا رەتیدەکاتەوە نیازی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای هەبێت و بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ بە هێڵی سوور دەزانێت.

سێرگی ماکارینکۆ، پسپۆڕی سیاسیی رووسی گوتی “ئەگەر ئۆکراینا بەشێوەیەکی دیموکراتی بڕیاربدات ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئێمە دەتوانین چی بڵێین؟ ئەگەر بە دڵیشمان نەبێت پێویستە پێی رازیبین. بەڵام ئۆکراینا وڵاتێکی داگیرکراوە و هیچ دیموکراسیێکی نییە. راستیەکەی، هەوڵەکانی بە ئەندامبوونی لە ناتۆ لە لایەن خودی ئۆکرایناوە رێکنەخراون، بەڵکو لە لایەن ئەمریکاوەیە.”

پێشتر رووسیا داوای لە ئۆکراینا کرد رێککەوتنی مینسک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دژی جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا جێبەجێبکات.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە هێزەکانی ئۆکراینا بە چەکەکانییەوە لە نزیک هەرێمی دۆنباسی جوداخوازی لایەنگری مۆسکۆ بکشێنەوە و هەردوولاش دیلەکانی شەڕ ئازادبکەن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close