نێودەوڵەتیڕۆژنامە

تەڤگەری ئازادی: هێرشەكانی توركیا بۆسەر پەكەكە ناكرێن، بەڵكو بۆ سەر گەلی كورد دەكرێت بێ جیاوازی

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-ڕێبین كه‌مال- سلێمانى

بەرپرسێكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی و پارتی نەیانویستووە ئەوان پێشبكەون یان كار و چالاكییان بێ ئاستەنگ تێپەڕێت، سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت: “ئەوەی ناڕەحەتمان دەكات كە بەتەنها هێزەكانی دەسەڵات تەحەفوزیان نەبووە لەكاركردن لەگەڵمان، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنیش تەحەفوزیان هەبووە”.
نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی تەڤگەری ئازادی لەم چاوپێكەوتنەی (شكۆی كوردستان) باسی كارەكانیان لە باشووری كوردستان و ئەو ئاستەنگییانە دەكات كە بۆیان دروستدەكرێت.

شكۆی كوردستان: تەڤگەری ئازادی لەكەیەوە دامەزراوە؟
نەریمان ئەحمەد: تەڤگەری ئازادی لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی 2014 دامەزرا، دروستكردنی حیزبەكەمان لەكاتێكدا بوو كە هەرێمی كوردستان ملی دەنا بۆ كێشەی سیاسی و ئیداری، هێرشی داعش لەسەر باشووری كوردستان هەبوو، بۆ دروستبوونی تەڤگەر باوەڕمان وایە ڕاستە هێزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەبوو، بەڵام هێزێكی سیاسی كە بەبیر و تاكنیكی نوێوە گۆڕانكاری بكات باوەڕمان هەبوو كە بۆشایی هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایە وەك تەڤگەر و لەهەموو ناوچەكان بەڕەچاوكردنی هاوسەنگی ڕەگەزی و ڕەچاوكردنی ئەندام و لایەنگرانمان خۆمان ڕاگەیاند.

هەر لەسەرەتاوە تەڤگەر رووبەڕووی گرفتی سیاسی و یاسایی بووەوە بەوەی داوای مۆڵەتی فەرمیمان لەحكومەتی هەرێم كرد، بەڵام هەر ئەو كاتە داواكەمان ڕەتكرایەوە، هەرچەندە هیچ كێشەی یاساییشمان نەبوو، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی ناوحۆ و بڕیاری زۆرێك لەلایەنەكان مۆڵەتمان نەدرایە، باوەڕیشمان وایە مۆڵەتنەدانمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیر و مەبدەئە جیاوازەی كە هەمانە، پێمانوایە لەڕابردوودا زۆر هێزی سیاسی وەك ئۆپۆزسیۆن لەباشوری كوردستان خۆیان راگەیاند، بەڵام نەبوونەتە هێزی ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی، بەڵام لەساڵی 2018دا لەعێراق مۆڵەتمان وەرگرتووە.

شكۆی كوردستان: ئێوە وەك لقێكی پەكەكە لەباشوور ناسراون، هەست ناكەن بەشێك لەو مۆڵەتنەدانە پەیوەندی بەوەوە هەیە؟
نەریمان ئەحمەد: هێزە سیاسییەكانی ناو دەسەڵات و هەمیش بەشێك لەئۆپۆزسیۆن كەی لەبەرژەوەندییان بوو دەڵێن سەر بەپەكەكەن، چ كاتێكیش لەبەرژەوەندییان نەبوو دەڵێن ئەمانە هیچ مافێكیان بەپەكەكەوە نییە، ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەپەكەكەوە نییە، بەڵام وەك هەر هێزێك لەژێر ڕامان و بیری ڕێبەر ئۆجەلاندا خۆمان رێكخستووە.

شكۆی كوردستان: ئێوە لەگەڵ یەكێتی پەیوەندیتان باشبوو، بەڵام ماوەیەكە چالاكیتان لە سلێمانی سنوردار كراوە؟
نەریمان ئەحمەد: ئێمە هیچ كاتێك ناتوانین بڵێین لەم قۆناغەدا پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی باشبووە و لەم قۆناغەشدا پەیوەندیمان لەگەڵیان خراپ بووە، هەمیشە یەكێتی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن تەماشای كردووین، دژایەتی لایەنەكانی دەسەڵات هەبووە بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی وەك ئێمە، لەسەر ئەو بنەمایەیە زۆرجار نەیانهێشتووە بەشداری پڕۆسەی سیاسیش بكەین، وەك پەیوەندیشمان لەگەڵ یەكێتی پەیوەندییمان لاوازە و بەهێز نییە، ئەم پەیوەندییەمان لەم كاتەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی باشوور زۆر بەهێز نییە، لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی ئۆپۆزسیۆن پەیوەندیمان هەیە، بەڵام لایەنەكانی ناو دەسەڵاتدا پەیوەندییەكانمان تاڕادەیەك لاوازن.

شكۆی كوردستان: بۆچی لەگەڵ یەكێتی بەو شێوەیەن؟
نەریمان ئەحمەد: وەك ئاماژەم پێكرد خەڵك ئێمە وەك ئەلتەرناتیڤێك تەماشا دەكەن بەوەی لەداهاتووی كوردستاندا جێدەستمان بەتەواوی دیار بێت لەوەی پێیانوایە كادیر و ئەندام و كەسایەتییەكانمان پاكن و بۆ داهاتووی هەرێم دەتوانن چارەسەری بەدوای خۆیاندا بێنن، بۆیە هەمیشە لەو ڕووەوە چ یەكێتی و چ پارتی نەیانویستووە ئێمە پێشبكەوین یان كار و چالاكیمان بێ ئاستەنگ تێپەڕێت، هەم لەسلێمانی و گەرمیان و هەولێرو دهۆكیش زۆرجار چالاكیمان ئاستەنگی بۆ دروستدەكرێت.

شكۆی كوردستان: بەڵام زۆر چالاكیشتان لە سلێمانییە كە یەكێتی باڵادەستە و ڕێگەشتان پێدەدەن خۆپیشاندان بكەن؟
نەریمان ئەحمەد: خۆتان كە لەچالاكییەكانن دەزانن بە چ شێوە و ناڕەحەتییەك خۆپیشاندانمانەكان كردوون، ئەو ڕێگەدانە بەئیسراری خۆمان بووە، لەهەولێر و بادینانیش بۆ زۆر كێشەی ناوخۆیی و نەتەوەییەكان چالاكیمان هەبووە هەرچەندە لەوێش هێزە ئەمنییەكان بەتوندی ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر كردوومانە.

شكۆی كوردستان: دەوترێت لەهەولێر و دهۆك چالاكیتان كەمترە ئەوە پەیوەندی بەحوكمڕانی پارتییەوە هەیە لەو ناوچانە یان ئەندامتان كەمن؟
نەریمان ئەحمەد: ئێمە ئەندامەكانمان بەیەكسان بەسەر ناوچەكانی كوردستاندا دابەشبوون و نەبووینەتە پارتێكی ناوچەیی، بەڵام بتەوێت و نەتەوێت لەئێستای كوردستان بەراورد بكەیت زۆرترین چالاكییەكان لەناوچەی سلێمانی دەكرێت ئەویش نەك بەو مانایەی هێزێك لێرە دیموكراتی بێت بەڵكو بەو مانایەی هێزێك لەوێ توندترە.

شكۆی كوردستان: چەند ئەندامتان هەیە؟
نەریمان ئەحمەد: بەدەیان هەزار ئەنداممان هەیە، وەك رێژە لەپەرلەمانی عێراق كامەران بەرواری كاندیدمان لەبادینان زیاتر لە 70 هەزار دەنگی هێنا، بەڵام بەداخەوە دەنگەكانی سووتێنرا، لەهەولێر مامۆستا ئاسۆ كاندیدیمان 34 هەزار دەنگی هێنا و دەنگەكانیان سووتاند، لەكەركوك حسێن كەركوكی زیاتر لە 40 هەزار دەنگی هێنا بوو، بەڵام دەنگەكانی سووتێنرا، لەسلێمانی ئەندامێكمان سەركەوت.

شكۆی كوردستان: لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن پەیوەندیتان چۆنە؟
نەریمان ئەحمەد: زۆر بەداخەوە ئێمەش پێمان خۆشە لەو هێزانەی دیكەش بپرسن ئێمە كەمێك ئەوە ناڕەحەتمان دەكات كە بەتەنها هێزەكانی دەسەڵات تەحەفوزیان نەبووە لەكاركردن لەگەڵمان، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنیش تەحەفوزیان هەبووە، ئێمە قەناعەتمان ئەوەیە هۆكارێكیان ئەوەیە لەكوردستان پشكمان لەحكومەت نییە و هیچ بودجە و مووچەیەكیشمان لەناو هەرێمی كوردستان نییە و هیچ ئەندام و كادیریشمان ماددیەن گرێدراو نییە بەو دەسەڵاتەوە.
بۆ نموونە پەرلەمانتاریان هەیە یان لەحكومەت پشكیان هەیە و بودجەیان هەیە، بابەتێكی دیكە ئەم لایەنە سیاسییانە مەبدەئیەن باوەڕیان بەكاری هاوبەش نییە، ئێمە لەڕابردوو زۆر هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزمان داوە، بەڵام دەسەڵات خستۆتە ناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە و بێهێزی كردوون.

شكۆی كوردستان: ئەوەندەی تێبینی دەكرێت لەخۆپیشاندانەكان كەمتر بۆ داوای خەڵك دێنە شەقام، بەڵام بۆ پەكەكە راستەوخۆ دێنە شەقام؟
نەریمان ئەحمەد: بەقەناعەتی ئێمە ئەو هێرشانەى ده‌كرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بۆ پەكەكە ناكرێن، بەڵكو بۆ سەر گەلی كورد دەكرێت بێ جیاوازی، دەبێت ئێستا ئێمە بەو شێوەیە پێناسەی بكەین كە پەكەكە هاوكارێكی باشی باشوری كوردستانە لەپاراستنی كوردستان، جیاواز لەوەش بەردەوام بۆ پرسە ناوخۆییەكان قسەمان هەبووە، بەڵام بەداخەوە راگەیاندنەكانیش رۆڵی خراپ دەگێڕن لەوەدا ئەگەر ئێمە لەسەر دۆسیەیەكی نەتەوەیی قسە بكەین وەك پاڵپشتی بۆ پەكەكە نیشانی دەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە بۆ كەركوك و سلێمانی و بۆ گەندەڵییەكان قسەمان هەیە، بەڵام ئەم رووە دەرناخەن.

شكۆی كوردستان: بۆچی رێگە نادەن كۆنگرە بكەن؟
نەریمان ئەحمەد: ئەوە هەڵوێستێكی نادیموكراتییانەیە و ئەو رەخنەیە رووبەڕووی پارتی و یەكێتی دەكەینەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close