ڕۆژنامەکوردستانی

سەرتیپ جەوهەر: رێگای دووەممان لەبەردەم نەماوە

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن، رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا زۆر ئەستەمە. دەتوانین بڵێن یەكلایی بۆتەوە كە رێكناكەون. لەلایەك وەفدەكەی حكومەتی هەرێم وەختێك چۆتە بەغدا كە هەرێم بەدۆخێكی زۆر خراپی ئابوریی سیاسی و بگرە ئیداریی تێدەپەڕێت، لەلایەكی دیكە حكومەتی عیراق بۆخۆی لەبارودۆخێكی ئابوریی زۆر خراپدایە.

رێككەوتن لەگەڵ هەرێم جێی گرنگی ئەوان نییە، بەڵام دەرفەتێكە فشاری زۆر لەسەر هەرێم بكەن. بەپێی زانیاریی بەشێك لەداواكارییەكانی بەغدا بازدانە بەسەر دەستورو مافەكانی هەرێم لەئیدارەدانی دارایی و سامانی سروشتیی، ئەوەیشی ئامادەن بیدەن، شتێكی ئەوتۆ نییەو تێرایی پێویستی هەرێم ناكات.

مخابن هەرێمی كوردستان لەماوەی حەوت ساڵی رابردوو زۆربەی فاكتەرەكانی هێزی لەدەستدا. لەگفتوگۆكانی رابردوو بەغدا ئامادەبوو بەزۆر لەو داخوازیانەی هەرێم جێبەجێبكات، بەڵام كورد وتەنی حكومەتی هەرێم یان حكومڕانانی هەرێم (تا نەیاننا لەتەبەق نەیانگوت ئەلڵاهو سەدەق).

لەماوەی ئەو حەوت ساڵەی رابردوو كە حكومەتی بەغدا موچەو بەركەوتەی هەرێمی لەبودجەی گشتیی بڕیوە، تەنها دوو رێگە لەبەردەم هەرێمی كوردستان بوو. یەكەمیان یان دەبوو لەگەڵ بەغدا رێككەوێت بەجۆرێك بەركەوتەی هەرێم بەتەواوی دابینبكات و مافە دەستورییەكان گرەنتی بكات، دووەمیان؛ یان دەبوو پرۆژەی بەدیلی هەبوا! پرۆژەی بەدیل نەك تەنها لەترسی بڕینی ئەو پارەیە، بەڵكو پرۆژەیەك هەرێمی كوردستان لەقۆناغی وابەستەبوون بەبەغدا بۆ وابەستەبوون بەئابوریی سەربەخۆو لەسەر پێ وەستاو سەقامگیركردبا، بەڵام لەو ماوەیە هەرێم هیچ كام لەو دوو ئەگەرەی نەگرتۆتەبەر.

هەموومان دەزانین عەقلیەتی شۆڤینی عەرەبی لەزەینی دەستەبژێری عەرەبی عیراق هێشتا لە هەڕەتیەتی، بۆیە دەبێ‌ لەوچوارچێوەیە هەڵسوكەوت و سیاسەت بكرێت نەك سەقفی داواكاری بەرزبكرێتەوە بەجۆرێك دەستكەوتە وەدەستهاتووەكان بخەینە مەترسی.

لەو ماوەیەدا  هەرێم جگە لەوەی پرۆژەی بەدیلی نەبووە، هاوكات هەرێم لەناوخۆدا روبەرووی داخورانی رێككەوتنی سیاسی و بەیەكەوە كاركردن بوویەوە كە بنەمای بەرەو پێشبردنی كوردستان بوو، لەئەنجامدا روبەرووی داڕمانی ئابوریی بوینەوەو دووبارە گەڕاینەوە بۆ چوارگۆشەی بێمتمانەیی نێوان لایەنە سیاسیەكان، كە ئەمەیان زیانێكی ئێجگار گەورەی بەهەرێمی كوردستان گەیاند.

خولاسەی كەلام ئێستا تەنها یەك رێگا لەبەردەم هەرێمی كوردستان ماوەو دووەمی نییە، ئەویش دوبارە رێككەوتنێكی درێژخایەن لەنێوان لایەنە سەرەكییەكانە بەتایبەت (یەكێتی و پارتی) بۆ حكومڕانی ئەم هەرێمە. وێنە گشتییەكەی بریتیە لە داڕشتنی نەخشەڕێ و پرەنسیپە گشتییەكانی بەیەكەوە كاركردن و بڕیاردانە، كە بنەماكەی بریتیی بێت لەچاكسازیكردن لەحكومڕانیی و هاوكات بنیاتنانی ئابورییەكی بەهێز كە بەردی بناغەی پێشكەوتن و سەقامگیریی كۆمەڵگایە، ئەگەر ئەوە نەكرێت بەدڵنیاییەوە بەدیلەكەی زۆر خراپە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close