شکۆی کوردستان

رێككه‌وتنی (ئیمارات – ئیسرائیل) و كاردانه‌وه‌كانى

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆى كوردستان-

راگەیاندنى رێککەوتنى فه‌رمیی نێوان شانشینى ئیماراتی عەرەبى یەکگرتو لەگەڵ ئیسرائیل،  کاردانەوەى جیاوازى لە سەر ئاستى میللى و فەرمى لە جیهانى ئیسلامیدا لێکەوتەوە.

توندترین  کاردانەوە تا ئێستا لەلایەن ئێران و تورکیاوەیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکدا بەتوندى هێرشى کردە سەر ئیمارات و رایگەیاند رەنگە دۆخەکە بگاتە ئاستێک باڵێۆزى خۆى لە ئیمارات بکێشێتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەى توندە سەبارەت بە رێککەوتنەکە لە کاتێکدایە تورکیا خۆى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و باڵیۆزخانەى ئیسرائیل لە تورکیا دەرگاکانى لەسەر پشتە.

چاودێران ئەو هەڵوێستە توندەى سەرۆککۆمارى تورکیا وەک “نوکتەیەکى سیاسى” شرۆڤە دەکەن و دەڵێن؛ لانى کەم پێویست بو تورکیا باڵیۆزى خۆى لە ئیسرائیل بکێشایەتەوە، ئەوکات هەڕەشەى کشانەوەى باڵیۆزەکەى لە ئیمارات بکات.

ئەردۆغان هەڕەشەى ئەوە دەکات باڵیۆزەکەى لە ئیمارات دەکشێنێتەوە لەبەر ئەوەى ئەو وڵاتە رێککەوتنى ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردوە، ئێرانیش ریککەوتنەکەى بە خیانەت لە دۆزى فەلەستین وەسفکردو راشییگەیاند ئەم “خیانەتە” لاواز مان ناکات، بەڵکو بەرەى بەرگرى دژ بە ئیسرائیل بەهێزتر دەبێت.

هاوکات سەرۆک کۆمارى ئێران رێککەوتنەکەى بە خیانەتکارانە ناوبرد و هۆشدارى دایە ئەو وڵاتە لە “هێنانى ئیسرائیل بۆ ناوچەکە”.

لە دواى ئەم رێککەوتنە ئیدى ئیمارات یەکەم دەوڵەتى کەنداوە پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل دەبەستێت، لە ریزى وڵاتانى عەرەبیشدا ئیمارات بە سێیەم وڵات دادەنرێت هەنگاوێک لەو شێوە هەستیارە بنێت، میسر یەکەم دەوڵەتى عەرەبییە لە ساڵى (1979) و لەسەردەمى ئەنوەر سادات پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ ئیسرائیل بەست، دواتریش ئوردن وەک دوەم وڵاتى عەرەبیی لە سەردەمى شا حسەین و لە ساڵى (1994) پەیوەندیەکانى بەشێوەى فەرمى لەگەڵ تەل ئەبیب ئاسایى کردەوە.

وەک هەر رێکەوتنێکى پێشوترى ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى، رێککەوتنەکەى ئیمارات و ئیسرائیلیش بەسەرپەرشتى  کۆشکى سپى ئەنجامدراوە، مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند؛ ماوەیەکى زۆرە ئیدارەکەیان ناوەندگیریى دەکات بۆ لەیەک نزیککردنەوەى ئیسرائیل و ئیمارات و “ئەمڕۆش ئەو پڕۆژەیە هاتە بەرهەم و بە واژۆکردنى کۆتایی گەیشت، لەمەودوا هەردو وڵات پەیوەندى باشیان دەبێت ئەمەش لە قازانج و ئاسودەیی هەمواندا دەبێت”.

سەرۆکى ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بە یەکێک لە سودمەندانى پرۆژەکە دادەنرێت، چاودێران وەک دەستکەوتێک بۆ ئیدارەکەى و لەقازانجى دوبارە هەڵبژاردنەوەى وێناى دەکەن، دۆناڵد ترەمپ لەکۆشکى سپیەوە رێککەوتنەکەى راگەیاند و پیرۆزبایی لە هەردولا کرد و وتى:”لەمەوداوا ئیمارات و ئیسرائیل کاردەکەن لەسەر ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانیان بە شێوەیەکى تێر و تەواو”.

 زۆرێک لە وڵاتانى جیهان پێشوازیان لە رێکەوتنەکە کرد و هیوایان خواست ببێتە سەرەتاى چەسپاندنى ئاشتى لە ناوچەکەدا، بەڵام  بەرەى “بەرگرى دژ بە ئیسرئیل” و دەسەڵاتى فەلەستینیی بە سەرۆکایەتى  مەحمود عەباس و تورکیا و ئێران دژى رێککەوتنەکەن و بە “خیانەتێک” لە دۆزى رەواى گەلى فەلەستین و موسوڵمانان وەسفی دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆکى میسر عەبدولفەتاح سیسى پێشوازى لە رێککەوتنەکە کرد و بە هەنگاوێکى گرنى دانا بۆ چەسپاندنى ئاشتى و ئارامیی سیاسیی لەناوچەکەدا، هەروەها وڵاتى بەحرەین وەک یەکەم وڵاتى کەندا و پێشوازى لە رێککەوتنەکە کرد و هیواى خواست ببێتە هۆى ئاشتى لەناوچەکەدا.

شانشینى عومانیش پشتیوانى لە بڕیارى ئیمارات کرد بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، هیواشى خواست رێککەوتنەکە ببێتەهۆى چەسپاندنى ئاشتى و دادپەروەرى لەناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست .

هەر یەکە لە  نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتى ئەوروپا و ئەڵمانیا و فەرنسا و چین و بەریتانیا پشتیوانیی خۆیان بۆ رێککەوتنەکەى ئیمارات و ئیسرائیل ڕاگەیاند و هیوایان خواست ببێتە هەنگاوى یەکەمى ئاشتى لە ناوچەکەدا.

 ئیماراتى عەرەبى رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل بە گرنگ وەسفدەکات، پێىوایە ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەى پلانى ئاشتى دۆناڵد ترەمپ بۆ بەرپاکردنى ئاشتى لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ئەنجامدراوە.

لەوبارەیەوە محەمەد بن زاید جێنشینى ئیمارەتى ئەبو زەبی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند: رێکەوتنەکەمان لەگەڵ ئیسرائیل لەقازانجى فەلەستینیەکانە و لەسەر بنەماى راگرتنى پڕۆژەى لکاندنى بەشێک لە زەویەکانى کەرتى رۆژئاوا (کەلەژێر دەسەڵاتى فەلەستینیەکاندایە) بە ئیسرائیلەوە، ئەنجامدراوە، وەک لە نەخشەى دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتى عەرەب ئیسرائیل، هاتوە”. هەروەها ئیمارات پێیوایە ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرى کیشەى فەلەستین ئیسرائیل لەسەر بنەماى (چارەسەرى دو دەوڵەت) .

بن زاید رایگەیاند بۆ لەمەودا بە پێى رێککەوتنەکە، ئیسرائیل و ئیمارات لەسەر هەمو ئاستەکان پەیوەندیەکانیان ئاسایی دەکەنەوە.

ئەو ئاستانەى هەردو وڵات پەیوەندیەکانیانى تیایدا برەو پێدەدەن بریتین لە گۆڕینەوەى باڵیۆز، کەرتى گەشتیاریى، پەروەردەو فێکرکردن، بازرگانیى، تەندروستیى، ئاسایش.

رێکەوتنەکە پلانى لکاندنى کەرتى رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە رادەگرێت؟

 هەرچەندە ئیسرائیل پابەندبونى خۆى بە بڕیارى راگرتنى لکاندنى بەشێک لە زەویەکانى کەرتى رۆژئاواى فەلەستینیی بە ئیسرائیلەوە راگەیاندوە وەک لە رێکەوتنەکەدا هاتوە و ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ئیمارات وەک دەستکەوتى رێکەوتنەکە بۆ فەلەستینیەکان وێناى دەکات، دۆناڵد ترەمپیش دوپاتى کردەوە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بەجۆرێکى تر لەمبارەیەوە قسەى کرد و نەیشاردەوە ئیسرائیل واز لەخەونى گەڕاندنەوەى هەمو ئەو زەویانەى بە مافى خۆى دەزانێت لەکەرتى رۆژئاوا، ناهێنێت.

نەتەنیاهۆ وتى”لکاندنى بەشێک لە زەویەکانى کەرتى رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە دوا دەخرێت، بەڵام ئیسرائیل وازى لەو زەویانە نەهێناوە”، جەختیشیکردەوە کە هەرگیز واز لە “مافەکانمان” لە زەویەکانماندا ناهێنم.

لاى خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئیسرائیل پلانەکانى بۆ لکاندنى زەوى زیاتر لەکەرتى رۆژئاواى فەلەستینیی بە ئیسرائیلەوە رادەگرێت، بالیۆزى ئیماراتیش لە واشنتن هەمان قسەى دوبارە کردەوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل هەرجۆرە گۆڕانکاریەکى لە پلانى لکاندنى ئەو زەویانە بە ئیسرائیلەوە رەتکردەوە و وتى تەنها بۆ ماوەیەک رایدەگرین.

  بەشێک لە چاودێرانى سیاسى پێیانوایە ؛ زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى ئەگەرچی پەیوەندى فەرمى و ئاشکراشیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبوبێت، ئەوا پەیوەندى ژێر بەژێرو نافەرمى و بێدەنگبون لە پڕۆژەکانى ئیسرائیل هەمیشە بە شێک بوە لە سیاسەتى ئەو وڵاتانە، هەر بۆیە ئەوەى لە رێککەوتنەکەى ئیسرائیل و ئیماراتدا نوێیە تەنها بە فەرمى ناساندنى پەیوەندیەکان و ئاشکرا کردنیان و گۆڕینەوەى باڵیۆزو زیادبونى ئاست و جۆرى پەیوەندیەکانە، نەک شتێکى تر.

هەروەک چاودێران لەوبڕوایەدان کە راگەیاندنى ئەم رێککەوتنە لەم کاتەدا لە قازانجى هەردو سەرۆکى ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بنیامین نەتەنیا هۆە ، کە هەردو کیان بەرەو هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى دەڕۆن.