ڕۆژنامەکوردستانی

بریتانیا 400 ملیۆن دۆلار بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی زیاددەكات

شكۆی كوردستان-

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی بریتانیا هاوکارییە داراییەکانی وڵاتەکەی بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار زیادبکات، هاوکات داوای بوژانەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە “دزێوەکان” لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەکات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشت بەست بە بەیاننامەیەکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بڵاویکردەوە، بڕیارە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە وتارێکدا لە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکارییە داراییەکانی وڵاتەکەی بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار، واتە بەڕێژەی 30% زیاددەکات، بەوەش پاڵپشتییە دارایەکانی بریتانیا دەکاتە سێ یەکی کۆی داهاتی رێکخراوەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جۆنسن لەو راگەیەندراوەدا داوای کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە “ناشرین و دزێوەکان”ی وڵاتانی جیهان دەکات و داوا دەکات هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتاکە توندبکرێتەوە.

بڕیاریشە جۆنسن لەو وتارەدا پێنج خاڵ بۆ باشترکردنی چۆنێتی روبەڕوبونەوەی نێودەوڵەتی کۆرۆنا لە داهاتودا بخاتەڕو.

زیاتر لە چوار مانگە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و لایەنگیریکردن لە چین، لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاوەتەوە و سەرجەم هاوکارییە داراییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەو رێکخراوە وەستاندوە.

بەپێی ئامارەکان، لەسەرتاسەری جیهان تا ئێستا 32 ملیۆن و 770 هەزار و 836 توشبوی کۆرۆنا تۆمارکمراون، لەوژمارەیەش 24 ملیۆن و 178 هەزار و 921 کەش چاکبونەتەوە و 993 هەزار و 555 کەسی دیکەش گیانیانلەدەستداوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close