دیمانە و ڕاپۆرتڕۆژنامەکوردستانی

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: نەبونی موچە بۆتە لێكترازانی هەندێك خێزان

بەپێی ئەو داتایانەی رۆژانە دەگەنە لامان، دۆخی ئەمنی سلێمانی ئارامە و هیچ تاوانێكی قورسمان نییە

ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە تاوانەكان لەئاستێكی نزمدان، بۆ نموونە كوشتن بەراوردی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو 25%ی ساڵی پار نییە، ئەگەر پار 10 كەس كوژرا بێت، ئەمساڵ 2 كەس كوژراون،

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان، هاوبیر هیوا

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نەبوون و دواكەوتنی مووچە كاریگەری خراپی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیش دروستكردووە و بۆتە هۆی ترازانی هەندێك خێزان، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەمساڵ هیچ تاوانێكی قورس روویان نەداوە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەچاوپێكەوتنێدا لەگەڵ رۆژنامەی (شكۆی كوردستان) باسی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە و كێشەی سواڵكەرەكان دەكات.

شكۆی كوردستان: بەگشتی دۆخی ئەمنی شاری سلێمانی چۆنە؟

نەقیب سەركەوت: بەپێی ئەو داتایانەی رۆژانە دەگەنە لامان، دۆخی ئەمنی سلێمانی ئارامە و هیچ تاوانێكی قورسمان نییە، بۆیە هاتووچۆی هاوڵاتیانیش ئاساییە.

شكۆی كوردستان: چۆنە ئەمساڵ هیچ تاوانێكی قورس رووینەداوە؟

نەقیب سەركەوت: دیارە ئەو رووداوانەشی روودەدەن زۆربەی كوشتنەكان كێشەی كۆمەڵایەتین یان خێزانییە، ئەمساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكرد خەڵك نەیەنە دەرەوە یان كاتێكیش دێنە دەرەوە پێداویستییەكان دەكڕن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، هەروەها هاتووچۆی نێوان قەزا و ناحیەكان كەمتر بۆتەوە، بۆیە رووداوی نێو سەنتەری شارەكانیش كەمترن.

شكۆی كوردستان: دیارترین كێشەكانی ئەمساڵ چیبوون؟

نەقیب سەركەوت: ئەمساڵ زیاتر كێشەی دەستبڕینی خەڵكە بەمۆبایل و كێشەی ماددیی هەبوون.

شكۆی كوردستان: وتت ئەمساڵ تاوانەكان كەمبوون، لەسەدا چەند كەمیان كردووە؟

نەقیب سەركەوت: ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە تاوانەكان لەئاستێكی نزمدان، بۆ نموونە كوشتن بەراوردی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو 25%ی ساڵی پار نییە، ئەگەر پار 10 كەس كوژرا بێت، ئەمساڵ 2 كەس كوژراون، بەشێكیشی پەیوەندی بەهۆشیاربوونەوەی هاوڵاتیانەوە هەیە كە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان پەنا بۆ یاسا دەبەن.

شكۆی كوردستان: جیاوازی ئەمینەتی شار و قەزا و ناحیەكان چۆنن؟

نەقیب سەركەوت: كێشەی قەزا و ناحیە و لادێكان زیاتر لەسەر زەوی و زار و كۆمەڵایەتی و دوژمنایەتی كۆنن، بەڵام لەنێو شارەكاندا ئەو رووداوانە نین و هەندێك حاڵەتی دەستەویەخە هەیە، بەڵام مەبەستیان كوشتن نییە، بەڵام زۆر قەزا و ناحیە و گوندیش هەیە لەزۆر شارەكان پێشكەوتووترن.

شكۆی كوردستان: لەم مانگەدا كوشتنی دوو خوشك لەقەزای چەمچەماڵ دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە وەك دەوترێت لەلایەن باوكیانەوە كوژراون، بۆچی تائێستا تۆمەتبار نەگیراوە؟

نەقیب سەركەوت: سنورەكان كراوەن بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ كەسێك تاوانێك بكات دەتوانێت سبەینێ لەئێران بێت، یان هەڵبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ ئەو دۆسیەیە بەردەوام بەدواداچوون دەكرێت و ناوەڕاست و باشوری عێراقیشمان ئاگادار كردۆتەوە.

شكۆی كوردستان: ماوەیەك لەمەوبەر كێشەی سواڵكەرەكان لەترافیكەكانی سلێمانی هەبوون و دەستگیرتان كردن، ئەو دۆسیەیە بە كوێ گەیشت؟

نەقیب سەركەوت: تائێستاش لەسەر ئەو دۆسیەیە بەردەوامین، بەڵام خۆتان دەزانن ئەو كێشەیە بنەبڕ ناكرێت، كەسێك چاوی پۆلیسی لێ دیار نەبوو دەڕوات عەلاگەیەك دێنێت و دەیفرۆشێت، ئێمە كۆنتڕۆڵی هەندێك شوێنمان تێدا كردووە و بەردەوامین بۆ دەستگیركردنی ئەو سواڵكەرانەشی كە لەفولكەكاندا كێشە دروست دەكەن.

شكۆی كوردستان: بەگشتی هەماهەنگی پۆلیسی پارێزگاكان چۆنە؟

نەقیب سەركەوت: هەماهەنگی پۆلیس زۆر چالاك و پتەوە، بۆ نموونە ئەم ماوەیە دوو كەس فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوو زانیمان بەرەو شاری هەولێر دەڕۆن توانیمان لەیەكێك لەبازگەكان دەستگیریان بكەین، لەگەڵ خوارووی عێراقیش هەماهەنگی زۆر باشمان هەیە.

شكۆی كوردستان: زۆرجار بەرپرسانی پۆلیس گلەیی لەنەبوونی پێداویستی دەكەن، پێداویستیتان وەك پێویست هەیە؟

نەقیب سەركەوت: پێداویستمان باشە و كارەكانمان پەكیان نەكەوتون، بەڵام ساڵانە پێداویستی پێشكەوتووتر دێتە پێشەوە لەپشكنین و هەڵگرتنەوەی بەڵگە، بۆیە ئەگەر ئەو پێداویستییە پێشكەوتووانە هەبن رەنگە كارەكان باشتر بەڕێوە بچن، لەوانەش پێداویستی پشكنین و هەڵگرتنەوەی تاوانەكان بۆ نەهێشتنی تاوان، یان پێداویستی چالاكی مەدەنی.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین ئەمساڵ مووچە زۆر دواكەوتووە، ئەو دواكەوتنە تا چەندێك كاریگەری خراپی بۆ كارەكانی پۆلیس هەیە؟

نەقیب سەركەوت: مووچە بژێوی ژیانی خەڵكی لەسەرە، ئەگەر مووچە نەبێت رەنگە كێشە بخاتە نێو ژیانی خەڵكەوە، بۆ نموونە هەندێك ترازانی خێزانی بەهۆی مووچەوە بووە، هەندێك كەس بەهۆی نەبوونی مووچەوە خۆیان كوشتووە، بۆیە مووچە بەلێبڕینیشەوە بێت ژیانی پێ دەڕوات، واتە بدرێت لە نەدانی باشترە، بۆیە هەقە مووچە لەئەولەویەتی كارەكانی حكومەتی هەرێم بێت، تا ئەو كەسەشی مووچەخۆرە لەهەر بوارێكدا بتوانێت باشتر ئەركەكەی راپەڕێنێت.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close