کوردستانی

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: 2 هەزار مناڵی كورد توشی نەخۆشی دەرونی بون

شكۆی كوردستان-

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند” هێشتا کابووسی داعش بەرۆکی ژمارەیەکی زۆر لە  ئێزدی و کەمینە ئاینییەکان بەرنادات کە لەدەست ئەو گرووپە پەڕگیرە رزگارییان بووە و تائێستا 2 هەزار مناڵی كورد توشی نەخۆشی دەرونی بون.”

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی( ئامنستی ئینتەرناشناڵ) راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتوە” نزیکەی 2000 منداڵی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە بەبارمتەگیرابوون  و دواتر رزگارکراون، ئێستا بەدەست کێشەیەکی گەورەی جەستەیی و دەروونییەوە دەناڵێنن. “

راپۆرتەکە لەژێر ناونیشانی” حوکمڕانی تیرۆر: نەهامەتی منداڵە رزگاربووەکانی دەستی داعش” بڵاوكراوەتەوە و تێیدا رێکخراوەکە داوادەکات جیاکردنەوەی زۆرەملێی دایکان و ئەو منداڵانەیان کۆتایی پێ بهێنرێت کە لەئەنجامی دەستدرێژی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەدایکبوون، ئەگەر دایکانیشیان لەدەرەوەی وڵاتن، منداڵەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

 بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لەنێوان 2014 تاوەکو 2017، داعش تاوانی جەنگی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی کردووە، لێدوانەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دووپاتدەکاتەوە کە ئەو رێکخراوە جینۆسایدی لە دژی ئێزدییەکان کردووە. 

راپۆرتەکەی ئەمنستی 56 لاپەڕەیە، بە وردی دۆخی ژیانی 1992 منداڵی ئێزدی دەخاتەڕوو کە سەرەڕای ئەوەی گەڕێندراونەتەوە نێو خێزانەکانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن داعشەوە ئەشکەنجەدراون، بە زۆرەملێ شەڕیان پێکراوەو  دەستدرێژیشیان کراوەتەسەر، تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون و هێشتاش بەدەست ئازاری جەستەیی دەناڵێنن.

 ئەمنستی دەڵێت چەندین منداڵ کە لەدەست داعش رزگارکراون، بەجۆرێک ئەشکەنجە دراون، برینەکانیان بوونەتە نیشانە لەسەر جەستەیان، تووشی ئیفلیجی و پەککەوتەیی بوون. منداڵەکان دووچاری گەورەترین کێشەی عەقڵیش بوون،   بەگوێرەی راپۆرتەکە منداڵەکان تووشی چەندین نەخۆشی بوون، لەوانە سترێسی دوای شۆکێکی گەورە، ناڕەحەتی و خەمۆکییەکی قورس، نیشانەی ئەو نەخۆشیانەش لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیان رەنگدانەوەیان هەیە، زۆرجار بە تووندی هەڵسوکەوت دەکەن، رۆژە ناخۆشەکانیان بیردەکەوێتەوە، تووشی کابووس دەبن و خۆیان لە کۆمەڵگە دابڕاندووە. 

 مات وێڵس، جێگری بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت “تاوەکو کابووسی رابردوویان لە هزریان بمێنێتەوە، نەهامەتی بەرۆکی ئەو منداڵانە بەرنادات.”

 وێڵس هەروەها  دەڵێت: “دوای ترس و تۆقاندنێکی زۆر بەهۆی جەنگ و لەو تەمەنە لاوییەشدا، ئێستا ئەوان پێویستیان بە یارمەتی دەسەڵاتدارانی عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویان بوونیادبنێن.” داعش لە ئابی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و دەورووبەری، لە هێرشەكەیدا 6 هەزار و 417 كەسی رفاندن، سێ هەزار و 530 كەس رزگاركراون و چارەنووسی دوو هەزار و 887 كەسیش تائێستا نادیارە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close