ڕۆژنامەکوردستانی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یونامی سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغداد ئیدانەدەكەن

شكۆی كوردستان-

کاردانەوەکان بەردەوامن لەسەر ئەو هێرشەی کرایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت “تواناییەکان بۆ قسەکردنی ئازاد و ڕەخنەئامێز، بەشێکی گرنگی دیموکراسییە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بتوانن بەشدارییان هەبێت لە هەر وتووێژێکی بەهێزدا، بەبێ هەڕەشە و مەترسی میلیشیا و شەقاوەکان.

لەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین تا بەرپرسانە ڕەفتار بکەن لەم سەروەختە گرنگەی عێراقدا، هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابوری و هەروەهاش هاوکاتی بەردەوامی هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی.”

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “جموجۆڵی پشێوی نانەوە لەلایەن میلیشیاکانی ئێران پشتیوانییان دەکات و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقدا کار دەکەن، دەبێتە ھۆی ئاوردانی نەژادی و پشێوی ئاینزایی و تێکدانی دیموکراسی.”

میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی، کە ئێران پشتیوانییان دەکات، ڕۆژی شەممە بارەگای لقی 5 پارتی دیموکراتی کوردستانیان سوتاند لە بەغدا.

ئەم کردەیەش دوابەدوای لێدوانێکی هوشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە وتبووی “پێویستە حکومەتی عێراق ناوچەی سەوزی بەغدا پاک بکاتەوە لە میلیشیاکانی حەشد.”

زێباری کە پێشتر پۆستەکانی وەزیری دەرەوە و هەروەها وەزیری دارایشی هەبووە لە عێراق لەو لێدوانەیدا جەختی کردبووەوە وەک دەڵێت “لادانی حەشدی شەعبی ئەرکێکی سەرەکییە لا کاتێکدا ئەو هێزانە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن.”

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو هێرشە.

یونامی دەڵێت “توندوتیژی هەرگیز نابێتە مایەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.”

جنین بلاسخارت، نێردراوی یو ئێن بۆ عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر سوتاندنی ئاڵای کوردستان و هەروەهاش هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا.

یونامی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەشی بەوە کردووە، عێراق پێویستی بە یەکگرتوویی و سەقامگیری و دیالۆگ هەیە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشە زۆرانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close