ڕۆژنامەکوردستانی

دڵشاد عومەر: دابینكردنی موچە باشترین هۆكارە بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن

هاوبیر هیوا – سلێمانى

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تائێستا هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیارینەكراوە، چونكە بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیش هەیە، بەڵام دابینكردنی مووچە باشترین هۆكارە بۆ دەستپێكردنەوە و سەرخستنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە 26ی شوباتی ئەمساڵەوە دەوامی خوێندنگەكان راگیران، دەرەنجامیش لەمانگی تەمموزەوە دەست بە تاقیكردنەوەی شەشی ئامادەیی و دواتریش پۆلە ناكۆتاكان كرا، لەم مانگەشدا ئەنجامی تاقیكردنەوەی شەشی ئامادەیی دەرچوو. بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی (شكۆی كوردستان) باسی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و گرفتەكانیان دەكات.

شكۆی كوردستان: بەو پێیەی ئەمساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی، كوردستانیشی گرتەوە، دەرەنجامەكانی شەشی ئامادەیتان چۆن بوون؟

دڵشاد عومەر: سەبارەت بەڤایرۆسی كۆرۆنا و وەستانی دەوام و مەسەلەی كەرەنتینە كە لە رۆژی 26ی شوبات دەستیپێكرد، تا كاتی تاقیكردنەوەكانی 11ی تەممووز بۆ پۆلی 12، ئەنجومەنی وەزارەت بەڤیدیۆ كۆنفرانس پێنج كۆبوونەوەی فەرمیمان كردووە و كۆبوونەوەیەكیشمان لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا كردووە و هەموو كارەكان بەدیراسە و پلان كراوە بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، واتە تەنسیقێكی تەواومان هەبووە، هەروەها لەبەرئەوەی بوار نەبوو دەوام بكەین، لەهەموو قوتابخانەكانیش فۆرمێكمان بڵاوكردەوە بۆ پۆلی 12، بەپێی ئەو فۆرمە ئەنجاممان بۆ هاتۆتەوە هەر قوتابخانەیەك لەشار و شارۆچكەكان چەند پڕۆگرامیان خوێندووە، بۆیە دڵنیایی درایە خوێندكاران و قوتابیان كە ئەو مەنهەجە داخڵە، سوپاس بۆ مامۆستایان كە سەرەڕای نەبوونی مووچە، بەڵام هۆڵەكان زۆر بەهێمنی و واجبێكی رێكوپێك بەڕێوەبران و دەرەنجامەكانیش زۆر باشبوون، ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی هەرێم 57 خوێندكار یەكەم و دووەم و سێیەم بوون كە 27 لەسلێمانی بوون، بەڵام ئەمساڵ یەكەمەكان بوونەتە 86 خوێندكار، بەڵام 43 خوێندكار لەسلێمانی بوون كە نمرەی زۆر باشیش هاتوون.

شكۆی كوردستان: ئەی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان چۆن بوون؟

دڵشاد عومەر: بۆ ناكۆتاكانیش ئەو پڕۆگرامانەی خوێندبوویان 72% خوێندرابوو، مەنهەجەكە باش رۆیشتبوو، دوو پشووش هاتە بەردەمی، بەڵام لەبەر گیانی خوێندكاران كە ڤایرۆسەكە بڵاونەبێتەوە وەرزی دووەممان هەڵوەشاندەوە و ئەو ئەنجامەی لەوەرزی یەكەم هەیبوو كردمانە كۆششی ساڵانە و ئەوانەی دەرچوون، ئەوا دەرچوون، نمرە بۆ پێدانی خوێندكار 5 بوو كردمانە 10 نمرە، لەڕۆژی 9ی ئابیش تاقیكردنەوەی خولی دووەممان كرد لەوەرزی یەكەم، رۆژی 16ی ئابیش دواڕۆژی تاقیكردنەوەی خولی دووەمیان بوو.

شكۆی كوردستان: بەو پێیەی هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە، ساڵی نوێی خوێندن كەی دەست پێدەكاتەوە؟

دڵشاد عومەر: ئێمە هەر بڕیارێك بدەین پشت بەڕاپۆرتی تەندروستی دەبەستین، بەڵام بەدەر لەڕاپۆرتی تەندروستیش، كێشەی سەرەكیمان پێنەدانی مووچەیە و سەرەكیترین هۆكارە بۆ دەستپێكردنەوە و سەرخستنەوەی پڕۆسەی پەروەردە، لەبەرئەوە هیوادارم حكومەت هەوڵێكی جددی دەدات و بەهەموومان هەوڵ بدەین روونكردنەوەی زیاتر بدەین بەفەرمانبەران، قەناعەتم وایە مووچە دابین بكرێت، مەسەلەی كەرەنتینە و ژیان ئاسایی بۆتەوە، ئەگەر مووچە دابین بكرێت ئەوا پڕۆسەی پەروەردە بەئاسانی ئاسایی دەبێتەوە كە ئێمە دۆخی لەمە قورستریشمان بینیوە و پڕۆسەی پەروەردەش پەكی نەكەوتووە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا لەبەرئەوەی ساڵانی رابردوو پاشەكەوت هەبوو، ئەمساڵیش تائێستا سێ مووچە دراوە كە ئەوەش قورساییە، لەبەرئەوە بۆ دۆخی هاوڵاتیان بەگشتی و مامۆستا و فەرمانبەران كاریگەری خراپی هەیە.

شكۆی كوردستان: كەواتە ئەگەر مووچە باش بێتەوە، پێشبینی دەكەن كەی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێبكاتەوە؟

دڵشاد عومەر: ئێمە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت لەگفتوگۆداین و راپۆرتی تەندروستی و مەرجەكانی ئەوان زەرورە، ئەگەر دیقەت بدەن لەم چەند ساڵەدا بینای قوتابخانە و خوێندنگەمان كەم دروستكراون، قەرەباڵغیش هۆكارێكی زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنایە، لەبەرئەوە دیراسەمان كردووە چی بكرێت، دوای راپۆرتی تەندروستی بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخەكە بیگونجێنین، یەكەم هۆكار بۆ چاككردنەوەی پڕۆسەی پەروەردە كە جەختی لێدەكەمەوە مەسەلەی مووچەیە، پاشان دەست بخەینە سەر خاڵەكانی دیكە، بۆیە ئەگەر مووچە ئاسایی بێتەوە مامۆستای ئەوەندە چالاكمان هەیە كە خۆی ئەو پڕۆگرامە رێك دەخاتەوە، بەڵام تائێستا كاتێكی دیاریكراو بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیارینەكراوە.

شكۆی كوردستان: ساڵانە هەرێمی كوردستان تووشی كەمی بینای قوتابخانە و خوێندنگە دەبێتەوە، ئەمساڵ بینای خوێندنگەتان چەند پێویستە؟

دڵشاد عومەر: ئێمە ساڵانە لانیكەم دەبێت 30 تا 50 بینای نوێمان بۆ دروست بكرێت، دۆخێك تێكەوتووین شارەكان فراوان بوون، بۆ نموونە لەهەندێك شوێن نزیكەی هەزار خانووی زیادەڕۆ دروستكراوە بەڕاستی ئێمەش ناتوانین قوتابخانەیان بۆ دروست بكەین، چونكە ئەو زیادبوونە هەم نایاساییە و هەمیش لەتوانای حكومەتدا نییە، بەڵام ساڵی رابردوو شەش قوتابخانە لەلایەن خەڵكی دەوڵەمەندەوە بۆمان دروستكراوە و هەندێكی دیكەشیان بۆ نۆژەنكردووینەتەوە، ئەمساڵیش سێ قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە لەدروستكردندایە، 19 قوتابخانەش ماون دەتوانرێت ئیشی تێدا بكرێت هیوادارم حكومەت پشتگیریمان بكات.

قەناعەتم وایە وردە وردە بتوانین دەوام رێك بخەین، چونكە ئەگەر بزانین قەرەباڵغی زۆر بوو پێویست دەكات بیر لەڕێگەی چارەی دیكە بكەینەوە و وتومە رەنگە پۆلێك بكەین بەدوو گروپ، ئەوەشم لەخۆڕا نەوتووە، بەڵكو وتومە مووچەكە باش بێت ئەو كاتە مامۆستا بتوانێت وانەكە بەدوو گروپ بڵێتەوە، بەڵام ئەو كاتە ئەو قوتابی و خوێندكارە لەجیاتی 6 رۆژ دەوام 3 یان 4 رۆژ دەوام بكات بۆ ئەوەی خوێندنگەكەی چۆڵ بێت و بتوانین بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ بین.

شكۆی كوردستان: ئەمساڵ بۆ مەسەلەی كتێب هیچ كێشەتان هەیە؟

دڵشاد عومەر: بۆ كتێب ساڵی رابردوو لەبەر ئەو قەیرانە زوو بەنووسراوێك گشتاندنمان كرد كە ئەمساڵ زۆربەی كتێبەكان لەخوێندكاران وەرگیراوەتەوە، رێژەیەك لەگەنجینە هەیە وەكو یەدەگ دامانناوە، بەرامبەر ئەوەش بەنیازی گۆڕانكارین لەپڕۆگرام، گلەییەكیش لەحكومەت هەیە كە هەمیشە كتێب چاپ دەكەن و ساڵی داهاتوو دەیگۆڕن، ئەوەش پارەیەكی زۆرە، ئەمساڵ وامانكرد كتێبە كۆنەكان وەربگرینەوە و لیژنەكان دەستبەكاربن بۆ گۆڕانكاری لەپڕۆگرامەكان بۆ ئەوەی ئەم پارەیە بەهەدەر نەچێت، رەنگە ئەمساڵ زۆربەی كتێبەكان كۆن بێت، بەڵام تازەشمان هەیە.

شكۆی كوردستان: سەبارەت بەجلوبەرگی خوێندكاران ئەمساڵیش هەر یەكپۆشییە؟

دڵشاد عومەر: لەساڵی رابردوو بەڕێككەوتنێكی ئەنجومەنی وەزارەتمان بڕیارماندا بۆ سەرتاسەری هەرێم جلوبەرگ لەباخچەی منداڵان تا ئامادەییە یەك رەنگە، ئەمساڵیش هەمان فەرمانی وەزارییە، هیچ كۆمپانیایەكیش بۆی نییە تەداخول بكات.

شكۆی كوردستان: بۆ ئەمساڵ لەسنوورەكەتان ژمارەی خوێندكارانتان چەندن؟

دڵشاد عومەر: 487 هەزار خوێندكارمان هەیە، نزیكەی رێژەی 2% تا 3% زیاتر دەبێت، بەڵام ئێستا زووە ئەو ژمارەیە بڵێین، چونكە هەندێكیان دەڕۆنە زانكۆ و پەیمانگەكان كە خۆی 40 هەزار و 500 خوێندكارن، بەڵام لەخولی دووەم نازانین چەندیان دەردەچن، هەروەها وەرگرتنی باخچە و قۆناغی یەكی سەرەتاییش، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەپێی گەشەی دانیشتوان رێژەی ئەمساڵمان بەراورد بەساڵی رابردوو زیاتر دەبێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close