دیمانە و ڕاپۆرتڕۆژنامە

بەرپرسێكی پەروەردە: پەروەردە لە سلێمانی لە ئاستی یەكەمدایە

حەوێز محەمەد، سەرپەرشتیار و پسپۆڕی پەروەردەیی:

به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى هه‌ردوو ڕێكخراوى یونیسێف و یونیسكۆ ڕه‌وشى پەروەردە لە سلێمانی لە ئاستی یەكەمدایە

سەرجەم بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە لە ناچاریدان

ده‌بێت ژیانى مامۆستایان چاك بكرێت

هاوبیر هیوا – سلێمانى- تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان

حەوێز محەمەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەی یەكەم و پسپۆڕ لە بواری پەروەردە پێیوایە دوای تەواوبوونی دۆخی كۆڕۆنا، یەكەم كاری پەروەردەیی بەستنی كۆنگرەیەكە كە دەرمانە بۆ هەموو دەردەكان.

 سەبارەت بە ڕەوشی ئەمساڵی خوێندنیش بەهۆی دۆخی كۆڕۆناوە دەڵێت: “سەرجەم بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە لەناچاریدان”.

حەوێز محەمەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەی یەكەم و پسپۆڕ لە بواری پەروەردە لە سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی (شكۆی كوردستان)دا تیشك دەخاتە سەر ڕەوشی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی.

شكۆی كوردستان: بە گشتی پڕۆسەی پەروەردە لە كوردستان چۆن دەبینیت؟

حەوێز محەمەد: دیارە من بە دوولایەن هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی پەروەردە  دەكەم، یەكەمیان؛ بە ئیجابیاتێكی باش بەراورد بە وڵاتانی دەوروپشت و بەراورد بەژمارەی خوێندكاران كە زیاتر لە ملیۆن و نیوێكن، 130 هەزار مامۆستا هەیە، لە پارێزگاكان و شارۆچكە و گوندەكان مامۆستا هەیە، بە ویژدانەوە دەتوانین ئەو ڕاستییە بڵێین كە توانراوە جۆرێك لە خوێندن بۆ تاكەكانی منداڵانی تەمەن شەش ساڵ فەراهەمكراوە ئەوە دوور لەم دۆخەی كۆڕۆنا، بۆیە بەگشتی كە باسی پڕۆسەی پەروەردە دەكەین، لە گوند و شارۆچكەكان مامۆستا دابینكراوە.

لایەنی دووەم؛ زۆر كاریش ماوە لە بواری پەروەردە كە نەكراوە و دەبێت بكرێت، یەكێك لەوانە هەمیشە دەناڵێنین بە دەست زۆری ژمارەی خوێندكار و كەمی بیناوە، دەتوانم بڵێم كێشەیەكی بەردەوامە كە دەبووایە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە پلانێكی تۆكمەیان بۆ چارەسەری ئەو كێشانە هەبێت، چونكە ناكرێت خوێندنگەكانمان ئەگەر حاڵەتێكی خوێندنی ئاسایی بێت 30 تا 40 خوێندكار لە پۆلێكدا بن ئەوەش ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە هەقە وەزارەتەكانی پلاندانان و پەروەردە بیر لەوە بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی، هەروەها كەمی میلاكات كە لە ساڵی 2013ەوە دامەزراندن نییە بەڕاستی پێویستە جۆرێك لە دامەزراندن بكرێتەوە بەتایبەتیش بۆ شارۆچكە و گوندەكان.

مەسەلەی جۆرێك پێداچوونەوە لەسیستەم، ئێمە تائێستا چوار كۆنگرەی پەروەردەییمان بەستووە كۆنگرەكان بۆ كاتی خۆی ڕۆڵی هەبووە، بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا و دوای تێپەڕینی كۆڕۆنا یەكەم هەنگاو بەستنی كۆنگرەی پەروەردەییە، لە زانستی دەروونزانیدا عیبارەتێك هەیە ئەویش (پرسیاركردن) كەسێك لە پرسیار لە كەسێك دەكات واتە بوونی كێشەیەك، وەڵامی ئەو پرسیاركردنەش واتە جۆرێك لە چارەسەری كێشەكان، بۆیە لەهەر سێكتەرێك ئەگەر كۆمەڵە كێشەیەك هەبوو دەبێت كۆنگرەی بۆ ببەسترێت، بەقەناعەتی من بەستنی كۆنگرە دەرمانە بۆ دەردەكان و نەخۆشییەكان چارەسەر دەكات، لە ساڵی 2007ەوە سیستەم بۆتە دوو قۆناغ بنەڕەتی و ئامادەیی، دەكرێت كاری لەسەر بكرێت بۆ شڕۆڤەكردن.

شكۆی كوردستان: زۆرجار دەوترێت خۆزگە بە ساڵانی پێش ڕاپەڕین كە دەتوانرا نەوەیەكی باش پێبگەیەنرێت، بەڵام ئێستا پەروەردە ناتوانێت نەوەیەكی باش پێیبگەیەنن و خوێندكاران هیچ فێر نابن، ئایا گۆڕانی سەردەمە یان كێشەكە پەروەردەییە؟

حەوێز محەمەد: بەقەناعەتی من هەموو گۆڕانكارییەك باشە، ناكرێت بڵێین ئەو پڕۆگرامەی هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە پەرتووك و ڕاهێنانی مامۆستا و خوێندكار و بینا، ناكرێت بینای ساڵانی حەفتا و شەستەكان بۆ ئێستاش بەكاربێت، دەبێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت كە گۆڕانكاریش لەهەندێكیان كراوە، دەبێت ڕاهێنانی مامۆستایان و خولی سەرپەرشتیاران بەردەوامبێت، هەوڵ بدەین كەسی شیاو بەمانای وشە و توانا لەشوێنی شیاو دابنێین، من دەڵێم: سێكتەری پەروەردە واتە سێكتەری ژیان، نەبوونی پەروەردە لەجێگا و ڕێگەیەك واتە ژیان وەك پێویست ئاڕاستە ناكرێت.

بۆیە پەروەردە كە ئەوەندە گرنگی هەیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە و ئێمەش بیر بكەینەوە بۆ هەموو جومگەكان خەڵكانی شیاو و بەتوانا دابنێین، مامۆستایەك كە وانەی پۆلی یەكەم دەڵێتەوە خۆ هەر 40 دەقیقە وانە دەڵێتەوە، لەگەڵ مامۆستایەكی وانەی كیمیای 12ی ئامادەیی هەر 40 دەقیقەیە، بەڵام خەسڵەتی تەمەنی خوێندكارەكان وەك یەك نین، ڕاستە پەروەردە یەك پاكێجە، بەڵام گرنگە وردتریان بكەینەوە بەكردار كاریان لەسەر بكەین.

شكۆی كوردستان: دەوترێت وەك چۆن حیزب باڵی بەسەر هەموو سێكتەرەكان كێشاوە، گلەیی لە پەروەردەش دەكرێت، ئایا دانەنانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەیوەندی بەدەستوەردانی حیزب نییە لە پەروەردە؟

حەوێز محەمەد: من وای وێنا ناكەم، بەڵكو وای وێنا دەكەم دەبێت پەروەردە خاوەنی بڕیاری تایبەتی خۆی بێت، لەدانانی بەڕێوەبەرێكی قوتابخانە هەڵسەنگاندن تا دەگاتە بەڕێوەبەرێكی گشتی تەنانەت لە وەزارەتیش تەنها وەزیرەكان كە پرسێكی سیاسییە، ئەوانەی دیكە بەلێوەشاوەیی بكرێت، لیژنەیەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستانە بكرێت، رەنگە بڵێن ئێوە وەك یەكەی سەرپەرشتیاری ئەو رۆڵەتان نەبینیوە؟ بەڵێ ئەو رۆڵەمان بینیوە لەهەڵسەنگاندن، بەڵام هەڵسەنگاندنەكان لەتموحی ئێمەدا نییە، بەداخەوە زۆرجار پڕۆسەكە لەپڕێكدا كە لەسەر شاڕێی كاری پەروەردەییت گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

ئەوە دوو ساڵە سیستەمی بونیادنانی تواناكان پیادە دەكەین، بەڵام دەركەوت لایەنی ئیجابی و سلبیشی تێدایە، ئێستا لەسەردەمی كۆرۆنادا ناتوانین سیستەمی بونیادنانی تواناكان جێبەجێ بكەین، كەواتە ئەم پڕۆژەیە ناڵێین شكستی هێناوە، بەڵام پێویستە دەستكاری بكرێت، چونكە دەبێت پڕۆژەیەك بێت لەهەموو ئاستەكاندا بتوانێت كاری خۆی بكات.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین ئەمساڵ كۆڕۆنایە، وەك ئاگادار بن خوێندنی ئەمساڵ چۆن دەبێت؟

حەوێز محەمەد: قەناعەتم وایە هەموو بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە بەهۆی كۆرۆناوە لەناچاریدایە، هیچی بڕیارێك نییە بڵێین بڕیارێكی تۆكمەیە و سەلیم و چاكە، نەخێر دەتوانم هەموویان ناوزەد بكەم كە لەناچاریدایە، بەڵام لەناو هەموو خراپەكاندا ئەم خراپەیانە كە دەڵێت پۆلی ئەوەندە لەپۆل بێت و پۆلی ئەوەش بەئۆنلاین بێت ناچارییە، ئەگینا چاكترین بڕیار ئەوەیە خوێندكار لەناو پۆل بێت، بەڵام وەك لایەنی تەندروستی ناتوانین ئەوە بكەین، لەگەڵ باشبوونی دۆخەكەش ئەوە باش دەبێت، بەڵام بەگشتی سیستەمی پەروەردە هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام پێویستە پەروەردە هەموو ڕۆژێك خۆی نوێ بكاتەوە، هەموو مانگێك پلانی هەبێت، هەقە حكومەتی هەرێمیش گەورەترین داهات بۆ ئەم سێكتەرە تەرخان بكات.

شكۆی كوردستان: ئەگەر وردتر باسی رەوشی پەروەردە لەپارێزگای سلێمانی بكەین، چۆنە؟

حەوێز محەمەد: ڕەوشی پەروەردە لەپارێزگای سلێمانی بەقسەی یونیسێف و یونیسكۆ پەروەردە لەسلێمانی لەئاستی یەكەمدایە، ئەوەش لەوەیە هەڵسەنگاندنێكی باش بێت بۆ هەمووان، بەڵام هێشتا پەروەردە لەئاستی تموحی ئێمەدا نییە، یەكەم؛ دەبێت پەروەردە بیر لەباشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستا بكاتەوە، ناكرێت مامۆستا بەگوزەرانی خراپەوە بڕواتە ناو پڕۆسەی خوێندنەوە، دەبێت هەمووان بیر لەوە بكەینەوە و داوا لەوەزارەتی پەروەردە ژیانی مامۆستا باش بكات، لەم كاتەشدا كە مامۆستایان ناتوانن بڕۆنە ناوەندەكانی خوێندن ژیان و گوزەرانیان باش نییە و پارەی هاتووچۆیان پێ نییە، بۆیە ئومێدمان وایە دوای كۆرۆنا وەزارەتی پەروەردە كۆنگرەیەك ببەستێت لەسەر هەموو ئاست و تەوەرەكان بێت و بەرنامەكانی ببێتە شاڕێگەیەك و بە دوو تا سێ ساڵ جارێكیش كۆنگرەیەك ببەستین.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close