ڕۆژنامەکوردستانی

په‌رله‌مانتارێك چه‌ندین گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا ده‌كات

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆى كوردستان-

عەلی حەمە ساڵح، په‌رله‌مانتارى كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامى به‌دواداچوونیاندا چه‌ندین گه‌نده‌ڵیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا ده‌كرێت و زیانى گه‌وره‌ له‌ داهاتى گشتى ده‌دات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ى خۆیى له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئه‌نجامى به‌دواداچوون و گه‌نده‌ڵییه‌كانى ئاشكرا كردووه‌، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى نووسینه‌كانى عه‌لى حه‌مه‌ساڵح_ن.

“ئه‌نجامى به‌دواداچوون”

گۆڕینەوەی  داھاتی دۆلار بۆ دینار بەشێوەی کێبڕکێ داھاتی نەوت ناگرێتەوەو قازانجی گەورەی بانکێکی ئەھلی بەردەوامە.

ماوەی چەندین ساڵە گۆڕینەوەی پارەی نەوت لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بەیەک بانک. پێشتر ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١١٧ ھەزار دینار دەدرا بە بانکی کوردستان، بانکی کوردستان خۆی  لە بازاڕدا دەیفرۆشت، پاشان گوازرایەوە بۆ (RT BANK) و١٠٠ دۆلار دەدرا بە ١٢٠ ھەزار دینار و ئەمیش خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت.

پێشتر مانگانە حکومەت ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، ھەندێک مانگ قازانجی ئەم بانکانە لە ڕابردودا ٢٧ ملیار دینار بووە (بە ١١٧ وەریاندەگرت و بە ١٢٧ دەیانفرۆشت) 

لەم دوایەدا قازنجی مانگانە دابەزی بۆ  ٩ ملیار دینار بە (١٢٠ ھەزار وەریاندەگرت بە ١٢٣ ھەزار دەیانفرۆشت).

لە کابینەی پێشوو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوامانکردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوە و حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت.

ھەم داھات بە قەبارەی ٩ ملیار دینار زیاد دەکات (ئەگەر ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بفرۆشێت) ھەم جووڵەی دارایی دروستدەبێت.

ئێستا وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە ئێستادا داھاتی نەوت ناگرێتەوە، تەنیا بۆ ئەو داھاتانەی دیکەی وەزارەتی داراییە کە بە دۆلارە.

ئەو بانکە ئەھلیە خۆی دۆلارە دەگۆڕێتەوە بە دینار بە ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک و پاشان دەیدات بە وەزارەتی دارایی!

پێویستە ڕێگه‌ لەم قۆرخکارییە بگیرێت کە زیانی مانگانەی لە ڕابردوو زیاتر لە ٩ ملیار دینار بووە بۆ قازانجی یەک بانک، بۆیه‌ ده‌بێت فرۆشتنی دۆلار بە دیناریش بە کێبڕکێ بێت.

 گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵى”

پێدانی خزمەتگوزاری خاڵی سنووری و بازگەکان و وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی بە ژمارەیەک کۆمپانیا گەورەترین گەندەڵییە!

بڕیار دراوە پێداچوونەوە بە گشت گرێبەستەکاندا بکرێت، چونكه‌ ٢٧ کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکان مانگانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار وه‌ردەگرن! هه‌روه‌ها کۆکردنەوەی پارەی کرێی تابلۆی بازرگانی و خۆڵ و خاشاک  و ئاو … ھتد  دراوە بە کۆمپانیا.

چەندین خزمەتگوزاری دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ (ھاتووچۆ و بازگەکان) دراوە بە کۆمپانیا.

زۆرینەی ئەم کۆمپانیایانە ھیچ کارێکی ئەوتۆ ناکەن و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار وەردەگرن.

ئەوەی لەسەرشانمان بووە وردەکاریمان بۆ کۆی دۆسیەکان کردووە.

ئەمڕۆ بۆ بەدواداچوونی کاری ئەم کۆمپانیایانە، پێیان ڕاگەیاندین: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە سەرجەم گرێبەستەکاندا بچێتەوە.

ھیوادارم لە زووترین کاتدا ئەم کارە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی کۆیایی پێبێت و ئێمەش پشتیوانی دەبین.

“زیان گه‌یاندن به‌ داهاتى گشتى”

بۆ گواستنەوەی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی خورمەڵە، دراوە بە کۆمپانیایەک بە بڕى ١٩.٤٥ دۆلار بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک.

دوای ئەوەی فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە، ئێستا ھەوڵێک ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فه‌رمانە بۆ ئەوەی بدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک ٢٣ دۆلار وەربگرێت، بەمەش چوار ملیۆن دۆلار زیان بە داھاتی گشتی دەگات.

پێشووتریش دراوە بە ٢٦ دۆلار بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک کە ئەویش ھەشت ملیۆن دۆلار زیانگەیاندن بووە بە داھاتی گشتی.

پێویستە سەرۆکایەتی حکومەت ڕێگر بن لە ھەر بڕیارێک، کە ھەم یاسا شکێنی بێت و ھەم زیانگەیاندنە بە داھاتی وڵات، بە تایبەت سەرۆکی حکومەت کە وەزیری سامانە سروشتییەکانیشە.

پێویستە لەمەودوا ھەموو پڕۆسەی نەوتی و بەرھەمی نەوتی و گواستنەوە بەشێوەی تەندەری ئاشکرا بێت و دەرفەتی یاسایی بۆ بازرگانەکان بڕەخسێت، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پێش ھەموو بەرژەوەندیەک بێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close