ڕۆژنامەکوردستانی

“هاتنى گه‌شتیار بۆ هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاستێكى نزم دابه‌زیوه‌”

شكۆى كوردستان – هه‌ولێر

ئەمساڵ بۆ كەرتی گەشتوگوزار لە سەرانسەری دنیا ساڵێكی زۆر ناخۆش بوو و زیانێكی زۆر بەر ئەم كەرتە كەوت و وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دنیا بە دەیان ملیار دۆلار زیانیان بەركەوت. لە هەرێمی كوردستانیش كە پلانی ئەوە هەبوو لە ژمارەی گەشتیاران ژمارەی پێوانەیی تۆمار بكات، ئامانجەكە نەپێكا، بە پێچەوانە دابەزینێكی بەرچاوی تۆمار كردووە.

گەشتوگوزار بە یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهات بۆ ئەو وڵاتانە هەژمار دەكرێت كە ژێرخانی گەشتیارییان بەهێزە. كەرتەكە بۆ ئەو وڵاتانە رۆڵی كێڵگەی نەوت و گاز دەگێڕێت و لە هەرێمی كوردستانیش بایەخێكی تایبەت بەم كەرتە دراوە، حكوومەت ساڵانە بە پلان لە هەوڵی گەشەپێدانیدایە تا بتوانێ سەرچاوەكانی داهات فرەجۆر بكات.

لەوەتەی ساڵی 2007ەوە كە ئاماری ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان بە وردی كۆ دەكرێتەوە جگە لە دوو ساڵی تەنگژەی دارایی نەبێت كە ژمارەكە بە خێرایی دابەزی، لە سەرجەم ساڵەكانی تر بەراورد بە ساڵیك پێشتری هەڵكشاوە و هەندێك ساڵیش بۆ سەرووی ئەو ژمارەیە بەرز بووەتەوە كە حكوومەت پلانی بۆ دانابوو. بۆ نموونە لە ساڵی 2019 پلانی حكوومەت ئەوەبوو ژمارەكە بگەیەنێتە سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار، بەڵام ژمارەكە زیار هەڵكشا و گەیشتە سێ ملیۆن و 700 هەزار كەس.

تەنیا لە ساڵی 2014 و 2015 ژمارەی گەشتیاران دابەزیبوو و لە ساڵی 2007ەوە ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو، بەداخەوە دیسان لە ساڵی 2020 دابەزینی ژمارەی گەشتیاران تۆمار دەكرێت،  لەكاتێكدا بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو دەبوو ژمارەكە لەمساڵدا بۆ چوار ملیۆن گەشتیار بەرز ببێتەوە .

نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ (وشە) ئاماژەی دا، ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆنا دۆخی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان خراپ بوو و نەیانتوانی پلان و بەرنامەكانیان وەك پێویست جێبەجێبكەن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، هێشتا هیچ ژمارەیەكی دیاریكراویان لە بەردەستدا نییە و خەریكی كۆكردنەوەی ئامارەكەن بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵدا رای بگەیەنن، هەرچەندە پێیان وایە ژمارەكە بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە.

رۆستی دەڵێت: “ناتوانن ئێستە هیچ پێشبینییەكیان بۆ ساڵی 2021 هەبێت، بەڵام لە كۆتایی ئەمساڵ بە بەشداری سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پلانی نوێ دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانن هەناسەیەك بە كەرتی گەشتوگوزار بدەنەوە”.

ئەو روونیكردەوە، ئەمساڵ بۆ سەری ساڵی زاینى دەرگاكان بەڕووی گەشتیاران كراونەتەوە كە لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی خۆپارێزێ دەتوانن سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان بكەن و خۆیان وەك دەستەی گەشتوگوزار هیچ رێوڕەسمێكی تایبەتیی بەڕێوە نابەن.

لە ساڵی 2007دا كۆی گشتی ئەو گەشتیارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد سەرووی 377 هەزار كەس بوون، ساڵی 2008 ژمارەكە گەیشتە سەرووی 558 هەزار گەشتیار، لە ساڵی 2009 بەرەو 791 هەزار گەشتیار هەڵكشا و لە ساڵی 2010 گەیشتە ملیۆنێك و 313 هەزار گەشتیار. ساڵێك دواتر گەیشتە ملیۆنێك و 702 هەزار گەشتیار. ساڵی 2012 ژمارەی گەشتیاران زیاتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتە دوو ملیۆن و 216 هەزار گەشتیار و لە ساڵی 2013دا گەیشتە ئاستێكی بەرز و كۆی گشتی گەشتیارانی ساڵەكە بە دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار راگەیەنرا.

لە ساڵی 2014 بەهۆی ئاڵۆزبوونی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دواتر داعش و تەنگژەی دارایی، ئاراستەكە پێچەوانە بووەوە و بۆ نیوە دابەزی و گەیشتە ملیۆنێك و 529 هەزار گەشتیار، لە ساڵی 2015دا دیسان ژمارەكە نیوە بووەوە و گەیشتە 782 هەزار گەشتیار و بۆ ئاستی شەش ساڵ پێشتری گەڕایەوە.

ساڵی 2016 دیسان ئاراستەكە رووی لە بەرزبوونەوە كردەوە و سەرووی دوو هێندە لە ژمارەی گەشتیاران بەرز بووەوە و گەیشتە ملیۆنێك و 603 هەزار گەشتیار. سەرەڕای  بەردەوامی تەنگژەی دارایی ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2017دا گەیشتە دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار، لە ساڵی 2018 ژمارەی گەشتیاران گەیشتە سێ ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار و بەمەش ژمارەی پێوانەیی شكێنرا كە لە ساڵی 2013 تۆمار كرابوو. لە ساڵی 2019ش ژمارەی پێوانەیی دیسان شكێنرا و دواین ژمارە بە سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار راگەیەنرا.

پلانی ستراتیجیی گەشتوگوزار بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2011 دانرا و وەك گوتەبێژی دەستەی باڵای گەشتوگوزار باسی دەكات، بڕیار بوو بەپێی پلانەكە ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی  2025 بگاتە حەوت ملیۆن گەشتیار، بەڵام ئەوەی كاریگەریی خراپی خستەسەر پلانەكە شەڕی داعش و ساڵانی تەنگژەی دارایی و دواتریش كۆرۆنا بووە.

ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و جێبەجێكردنی پلانەكانی دەستەی گەشتوگوزار، دەكرێ هەرێمی كورستان ببێت بە ناوچەیەكی لەباری گەشتیاری لەسەر نەخشەی گەشتوگوزاری جیهان و بەمەش ئەلتەرناتیڤێك بۆ داهاتی سەرچاوەكانی نەوت و گاز بدۆزرێتەوە.

بەپێی ئەو خەمڵاندنەی دەستەی گەشتوگوزار بۆ داهاتی گەشتیار لە كوردستان كردوویەتی، بە تێكرا هەر گەشتیارێك كە سەردانی كوردستان دەكات، لانی كەم 300 دۆلار سوود بە ئابووری كوردستان دەگەیەنێت. ئەو داهاتە راستەوخۆ ناچێتە گیرفانی حكوومەت، بەڵكو راستەوخۆ بەسەر هاووڵاتییان و كەرتی تایبەتی و گشتی و دابەشدەكرێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close