ڕۆژنامەکوردستانی

پۆلیس هاوڵاتییەک بەتۆمەتی ئەنجامدانی مامەڵەی گوماناوی دەستگیردەکات

شكۆی كوردستان-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، هێزەکانیان لە چۆمان کەسێکیان دەستگیرکردوە کە هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی، مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا کردوە و “مامەڵەکەی گوماناویی بوە”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوێنێ یەکشەممە هاوڵاتییەک بەناوی( ك. ع )  لەلایەن پۆلیسی چۆمانەوە دەستگیرکراوە، بەتۆمەتی ئەنجامدانی مامەڵەی گوماناویی، كە لە سنوری پشدەر ئەنجامیداوە”.

بەپێی وتەی پۆلیسی سۆران، ئەو کەسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بانگەشەی ئەوەی کردوە کە ئۆتۆمبێل و شمەک و کاڵاک لە هاوڵاتیان بۆ ماوەی هەشت هەفتە وەردەگرێت و پاشان زیاتر لە نرخی خۆیان دەداتێ، لەسەرەتاشدا کارەکەی بەنهێنی کردوە و سێ ئۆتۆمبێل و پارچەیەک زەوی و بە بەهای زیاتر لە 10 هەزار دۆلار کارتی مۆبایلی لە هاوڵاتیان وەرگرتوە.

سلێمان ئیسماعیل سلێمان کە بە “سلێمان هەڵشۆیی” ناسراوە لەماوەی رابردودا ئۆتۆمبێل، دەمانچە، کەلوپەلی دیکەی لە خەڵکی دەڤەری راپەڕین وەرگرتوە و پێی وتون ئامادەیە بەپارەیەکی زیاتر لێیان بکڕێت، بەجۆرێک کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلێک 10 هەزار دۆلاربوبێت، ئەو بازرگانە بەقیستی چەند مانگێک و بە 15 هەزار دۆلار لە خاوەنەکەی وەرگرتوە.

بەڵام مانگی رابردو، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ئاسایشی قەڵادزێ کەسێک دەستگیرکرا دواتر بەهۆی تایبەتمەندی پیشەیی بەبڕیاری دادوەر رەوانەی پۆلیسی قەڵادزێ کرا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لەگەڵ دادگا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە، “لەئێستاشدا 20 کەس لەسەر دۆسیەکە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە 50 هاوڵاتیان لەلایەن پۆلیسەوە سکاڵایان تۆمارکردوە، تا ئێستا زیاتر لە 500 هاوڵاتی ناوی خۆیان نوسیوە بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی کە دەڵێن، پارەیان پێداوە و دواتر سکاڵایان لێوەدەگیرێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close