ڕۆژنامەکوردستانی

شاندەكەی هەرێم گەڕایەوە…شكۆی كوردستان زانیاری ورد لەوبارەیەوە بڵاودەكاتەوە

كۆی كوردستان-

لایەنەکانی شیعە ئاستی داواکاریەکانیان بەرزکردوەتەوە و لەئێستادا داوای رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی هەرێمی کوردستان دەکەن بەرامبەر رەوانەکردنی پشکی کورد، ئەو داواکاریەش لەلایەن شاندی دانوستانکاری هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان رەتکراوەتەوە، بەوپێیەی داواکارییەکەی بەغدا بە “نادەستوری” ناودەبەن، شاندەکە گەڕاوەتەوە هەرێم و بڕیارە هەفتەی داهاتو جارێکی دیکە شاندی دانوستانکار سەردانی بەغدا بکاتەوە.

پێشنیازی رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی نەوتمان رەتکردەوە

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمشەو لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە دواین پێشنیازیان ئەوەبو داوایانکرد بەرامبەر رەوانەکردنی پشکەکەی، پێویستە حکومەتی هەرێم تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات و ئەو پێشنیازە لەلایەن حکومەت و فراکسیۆنە کوردستانییەکان رەتکراوەتەوە”.

شاندی دانوستانکاری هەرێم دوای کۆبونەوەکانیان دەگەڕێنەوە هەولێر

ئاماژەی بەوەشكرد، شاندی دانوستانکاری هەرێم ئەمشەو گەڕاونەتەوە هەولێر و چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتو جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکەنەوە، بڕیاریشە لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە پێشنیازێکی نوێ ئامادە بکەن بۆ ئەوەی هەردولا گفتوگۆبکەن و کۆدەنگییەک لەبارەی پشکی هەرێم دروستبکرێت.

هەوڵیانداوە بودجەیەکی زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کەرکوک و  ناوچە کێشەلەسەرەکان تەرخان بکەن

پەیوەست بەوادەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەش شیروان میرزا وتی، لەئێستادا کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوامن و رۆژانە بڕگەی نوێ بۆ پڕۆژەکە زیاد دەکرێت و وەک نوێنەرانی کوردیش هەوڵیانداوە بودجەیەکی زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کەرکوک و  ناوچە کێشەلەسەرەکان تەرخان بکەن.

ماوەی چوار رۆژە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەبەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە، کۆبونەوەكان بەئامانجی دروستکردنی کۆدەنگی و پشتیوانییە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکانی عێراق پەیوەست بەپشکی هەرێم بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبون، بەشێکیان داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێکی دیکەیان داوای کۆی مەلەفی نەوتی هەرێم دەکەن و بەشەکەی دیکەشیان پێیانوایە پێویستە هەرێم کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستبکات.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close