ڕۆژنامەکوردستانی

وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات: کۆرۆنای گۆڕاو زیاتر بڵاوبوەتەوە

شكۆی كوردستان-

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و رۆژ بە رۆژیش بەرەو زیادبوون دەچێت. دەشڵێت “لە 24 کاژێری رابردوودا 344 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان هەڵگری کۆرۆنای گۆڕاون.” 

ئەمڕۆ سێشەممە 08-03-2021 دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر خۆیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتا. دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری تەندروستی هۆشداریی لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا و رایگەیاند “ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبین، ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاودەبێتەوە.”

 وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە هەوڵدان بۆ پەیداکردنی ڤاکسینی دیکەی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان و راشیگەیاند “رەنگە هەفتەی داهاتوو [15]ی مانگ بە بڕی 187 هەزار ژەم کاروانێکی دیکەی ڤاکسین بگاتە هەرێمی کوردستان و لە رۆژانی داهاتووشدا ڤاکسینی دیکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.”

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دکتۆر سامان بەرزنجی، پەیامی ئاراستەی هاونیشتمانییان کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە نابێت رێکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا شلبکەینەوە و دەڵێت “بە درەنگهاتنی ڤاکسین یان نەبوونی ڤاکسین نابێت هاووڵاتیان رێکارەکان جێبەجێ نەکەن و دەبێت زۆر باشتر لە جاران پابەندی رێنماییەکان بن، چونکە ئەگەر وا بڕوا رێکارەکان تووندتر دەکەین لەوەی ئێستا هەیە.” 

دکتۆر سامان بەرزنجی، “بەستنی ماسک” بە گرنگترین رێکار دادەنێت بۆ هاونیشتمانییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. راشیدەگەیێنێت “رێکارەکان قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن، بەڵام رێکاری کەسی لە هەمووشتێک باشترە و پێویستە هاونیشتمانییان خۆیان پابەندبن. بەڵام ئێستا هیچ رێکارێکی نوێ نییە و بەپێی رێنماییەکانی رابردوو لەگەڵ دۆخەکە دەڕۆین.”

بینینی زیاتر
Back to top button
Close