شكۆی كوردستان-
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 8ی مارسدا پەیامێک ئاڕاستەی ژنانی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، کۆڵ مەدەن، ساردمەبنەوە، بەردەوام و پێداگربن، چونکە لەنێو ئەم دۆخە شێواوەی مەیدانی کارو سیاسەت ژنبون بۆ خۆی ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمیش بێت.
د.ڕێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا لە رۆژی 8ی مارسدا رایگەیاند، “لهم ڕۆژه تایبەتەدا درود بۆ ڕۆحی پاكی ههمو ئهو ژنانه ئەنێرین كه لهپێناو ئازادی و یهكسانیدا گیانیان بهخشی، شکۆدار بێت خەباتی ئەو ژنانەی کە هاوتەریب لەگەڵ خەباتی پیاوان بهشداریی كارایان لهبهدهستهێنانی ماف و داخوازییه ڕهواكانی گهل و كۆمهڵگهكهیاندا هەبوە، ئومێدهوارین ژنانی كوردستان ههمیشه له پێشهنگی خهباتی یهكسانخوازانهیاندا ههنگاوی ئازایانەو ناوازە بهاوێن لهپێناو سەندنی تەواوی مافه سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان”.
پێداگرین لەسەر جێبەجێکردنی تێكڕای ئهو یاسایانهی كهمافی ژنانی تێدا چهسپێندراوه، لهوانه یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ی ساڵی 1992ى هەموارکراو
ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگرین لەسەر جێبەجێکردنی تێكڕای ئهو یاسایانهی كهمافی ژنانی تێدا چهسپێندراوه، لهوانه یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ی ساڵی 1992ى هەموارکراو، یاساى بهرهنگاربونهوهى توندوتیژیی خێزانی ژماره (8)ى ساڵى 2011، یاسای ههمواركردنی جێبهجێكردنی یاسای بارى كهسێتی ژماره (188)ى ساڵی 1959ی ههمواركراو ژمارە(15)ی ساڵی 2008و ھەر یاسایەکی تر کە لەبەرژەوەندیی ژنان و دۆزە ڕەواکەیانە.
باوەڕمان وایە بۆ بەھێزکردنی پێگەی ژن لەنێو خێزان و کۆمەڵگەدا ئەبێت توانا ئابورییەکەی بەھێز بکرێت
سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەشکردوە، “باوەڕمان وایە بۆ بەھێزکردنی پێگەی ژن لەنێو خێزان و کۆمەڵگەدا ئەبێت توانا ئابورییەکەی بەھێز بکرێت، بۆ ئەمەش ئەرکی دامەزراوەکانی هەرێمە کە لە ئاستی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت زەمینەی دەرفەتی یەکسان و شایستە بۆ بەدەستھێنانی کار بۆ کچان و ژنان بڕەخسێنن و ڕێژەی بێکاریی تاقەت سووتێن لەنێو ژناندا کەمبکەنەوە، وەک چۆن پێویستە پەرلەمان و حکومەت و دادگاکان، چ بەیاساو چ بەوەرگرتنی ڕێوشوێنی توند، ژنان لەمەیدانی کاردا لەئیستغلال و گێچەڵپێکردن و بەکاڵاکردن بپارێزین”.
ژنبون بۆ خۆی ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمیش بێت
سەرۆکی پەرلەمان لە پەیامەکەیدا بۆ ژنانی کوردستان دەڵێت، “کۆڵ مەدەن، ساردمەبنەوە، بەردەوام و پێداگربن، چونکە لەنێو ئەم دۆخە شێواوەی مەیدانی کارو سیاسەت ژنبون بۆ خۆی ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمیش بێت”.