هەمەڕەنگکوردستانی

چیرۆكی ئەو خێزانە كوردەی بەفرۆكەی تایبەت و پاسپۆرتی تەزویر گەیشتنە ئەڵمانیا

پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا رایگەیاند، جۆرێکی نوێی قاچاخی دۆزیوەتەوە، کە بوەتە مایەی سەرسوڕمانی هەموان، ئەوەش پاش ئەوە دێت، کە رۆژی هەینی رابردو خێزانێکی چوار کەسی باکوری عێراق بە فڕۆکەی تایبەت لە فڕۆکەخانەی شاری میونخ نیشتنەوە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، ئەو خێزانە دوای ئەوەی گەیشتونەتە میونخ سەرەتا وەک نوێنەر و کارمەندی دیپلۆماسی خۆیان ناساندبو، بەڵام دواتر دەرکەوتوە کە بڕی شەست هەزار یۆرۆیان داوە بە قاچاغچی بۆ ئەوەی لە ئیستانبوڵەوە بیانگەیەنێتە ئەڵمانیا.

باوک و دایکەکە تەمەنیان 49 ساڵ و 44 ساڵە و منداڵەکانیشیان تەمەنیان 7 و 12 ساڵە و دانیشتوی هەرێمی کوردستانن

12ی ئەم مانگە، پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، باوک و دایکەکە تەمەنیان 49 ساڵ و 44 ساڵە و منداڵەکانیشیان تەمەنیان 7 و 12 ساڵە و دانیشتوی هەرێمی کوردستانن، هاوکات بەپێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە ئەم خێزانە کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

ئەو خێزانە لە ترسی باوکی ئافرەتەکە هەڵهاتون کە ویستویەتی خۆی و منداڵە کچە 7 ساڵانەکەی خەتەنەبکرێن

هەر بەوتەی خۆیان، ئەو خێزانە لە ترسی باوکی ئافرەتەکە هەڵهاتون کە ویستویەتی خۆی و منداڵە کچە 7 ساڵانەکەی خەتەنەبکرێن، هەر بۆیە باوانەکە خانوەکەیان فرۆشتوە و هەڵهاتون و چونەتە تورکیا و لەوێ بڕی شەست هەزار یۆرۆیان داوە بە قاچاغچیەکی سوری بۆ ئەوەی بگەنە ئەڵمانیا.

ئەوەش خراوەتەڕو، سەرەتا باوکەکە هەوڵیدابو، کە بڕوا بە ئەفسەرەکان بهێنێت، کە ئەوان نوێنەرن و دەیانەوێت بچنە دورگەی دۆمینیکا، بەڵام بەڵگەنامەکانیان و چیرۆکەکەیان پێچەوانەی ئەمانە بو.

بەپێی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، هیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکە نەیانتوانیوە بە زمانی دیپلۆماسی قسە بکەن، کە ئەوانیش فڕەنسی و ئینگلیزیە، ئەوەش زیاتر ئەفسەرەکانی خستبوە گومانەوە، لە ئێستادا خێزانەکە لە سەنتەرێکی چاوەڕوانی دەمێننەوە تا ئەوکاتەی ئەنجامی داوانامەکانیان دەردەچێت.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close