نێودەوڵەتی

هەدەپە: لەهەڵبژاردنەکان پشتیوانی لە کڵچدار ئۆغڵۆ دەکەین

شکۆی کوردستان-

هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە 14ی ئایار دەکرێت، پشتگیری لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بکەن.

 میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە ئەمڕۆ هەینی 28ی نیسانی 2023 ئاشکرای کرد، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت دەکەن. 

لە لێدوانێکدا بۆ میدیایەکی تورکی سانجار ئاماژەی بەوە دا، “ئەم هەڵبژاردنە بە گرینگترین هەڵبژاردن لە مێژووی تورکیادا دەبینین، دوو ئامانجی ستراتیژیمان هەیە، ئامانجی یەکەم کۆتاییهێنانە بە رژێمی تاکە کەسی، ئامانجی دووەم ئەوەیە ببینە کاریگەرترین هێز لە گۆڕانکاریی دیموکراسیدا.” هاوسەرۆکی هەدەپە گوتیشی، “رێگەی کۆتاییهێنان بە رژێمی تاکە کەسی لە رێگەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوەیە، لە لایەک ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهور هەیە کە دەیەوێت رژێمەکە بکاتە هەمیشەیی،

لە لایەکی دیکەشەوە کڵچدارئۆغڵو هەیە کە بەڵێنی گۆڕینی رژێمی دا، ئامانجەکانمان لە خاڵی کۆتاییهێنان بە رژێمی تاکە کەسی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵودا یەکدەگرێتەوە، هەربۆیە بڕیارماندا پشتگیری لە کڵچدارئۆغڵو بکەین.” هەدەپە کە بەهۆی بەردەوامیی دۆسیەی داخستنی لە دادگەی دەستوور لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز – یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەربژێری دەستنیشان نەکرد. چاوەکان لەسەر بڕیاری هەدەپە بوون کە پاڵپشتی لە کام بەربژێر دەکات. پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە پێشتر رایگەیاندبوو لەدوای جەژنی رەمەزان رایدەگەیێنن کە پاڵپشتی لە کام بەربژێر دەکەن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close