ڕۆژنامەکوردستانی

ئەرمەنەكان خوازیارن پەرلەمانی كوردستان جینۆسایدكردنیان بەڕەسمی بناسێت

ئا/ شكۆى كوردستان

چەند ساڵێکە ئەرمەنەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان خوازیارن پەرلەمانی کوردستان وەك زۆرێك لە پەرلەمانی وڵاتە دیموكراسییەكانی جیهان، لەپێناو ڕێگەگرتن لە ئەگەری دوبارەبونەوەی كوشتار بەرامبەر بەكەمایەتییەكان‌ و بەهێزكردنی پەیوەندی ئەرمینیا‌ و كوردستان، جینۆسایدی ئەرمەنەكان بە فەرمی بناسێنێت.

یروانت نیسان ماركۆس، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی ئەرمەنی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپه‌ڕى ئاوێنەی ڕاگەیاندوه‌، كە ئەوان شەش ساڵ لەمەوبەر لە سەدەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنیەكاندا پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردوە كە 39 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر كردوە‌ و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان کردوە بۆ ئەوەی جینۆسایدو كوشتاری ئەرمەنەكان بەڕەسمی بناسێت.

ئەو وتی: “هەمو ساڵێک شەوی 23 لەسەر 24ی نیسان، لە كەنیسە ئەرمەنیەكانی دهۆك‌ و زاخۆ ڕێوڕەسمی ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەكان دەكرێتەوە و مۆنیومێنتی جینۆسایدیش لەحەوشەی كەنیسەی ئەرمەنەكان لە دهۆك دانراوە”.

یروانت ئاماژەی بەوە كرد كە خۆی یەكێكە لە پاشماوەی قەتڵوعام كراوەكانی ئەرمەن، ئەو وتی: “باپیرم تەمەنی 9 ساڵان بوە كە لە توركیاوە بەتەنها ڕویكردوەتە زاخۆ و بنەماڵەیەكی جوامێری ئەو شارە داڵدەیان داوە”.

وتیشی: “باپیرم بەتەنیا ئاوارە بوە‌ و نەیزانیوە باوك‌ و دایك‌ و برا و كەسوكاری چییان لێبەسەرهاتوە، توركەكان كوشتیانن یان لەشەونخونی‌ و برسێتی ڕێگه‌ی دوردا گیانیان سپاردوە، ئەو ونبونەی ونبون ئیتر جارێكیتر هەرگیز نەبینراونەتەوە”.

ئەرمەنەكان لە هەرێمی کوردستان زۆربەیان لە دهۆك‌ و زاخۆ نیشتەجێن‌ و چوار كەنیسەیان لەوێ‌ هەیە، كۆنترین كەنیسەیان لە زاخۆیە‌، لە دوای ڕوداوەكانی ئەم چەند ساڵەی ڕابرد و کە زیاتر لە 150 خێزانی ئەرمەنی لە موسڵ‌ و بەغداوە ڕویانكردوەتە هەولێر‌ و لەوێ‌ دەژین، کەنیسەیەکیان دروستکردوە.

ئارام شاهین داود باكۆیان، پەرلەمانتاری پێشوتری ئەرمەكان لە پەرلەمانی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت كە بۆچی تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان جینۆسایدی ئەرمەنەكانی بەڕەسمی نەناساندوە؟ لەكاتێكدا دەیان وڵات بە فەرمی ناساندویانە، ئەو وتی: “نازانم هۆكاری چییە؟، ڕەنگە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی توندوتۆڵی هەرێمی كوردستان بە توركیاوە!”

سەرەڕای ئەوەی زۆرێك لە ئەرمەنەكان پێیانوایە كوردەكانی سوارەی حەمیدیە بەشداریان لە كوشتاری ئەرمەنەكاندا كردوە، بەڵام جوامێریی ئەو كوردانەش نادیدە ناگرن كە لەو ڕۆژگارە ڕەشانەدا ئەرمەنەكانیان پاراست، یروانت وتی: “هەمیشە ئێمە ئەوەشمان لەبیرە كە كوردستان باوەشی بۆ كردینەوە‌ و باب‌ و باپیرانمان دیسان لێرەوە خۆیان پێگەیاند”.

ناوبراو سۆزو خۆشەویستی خۆیان بەرامبەر بەدەوڵەتی ئەرمینیاش دەردەبڕێت، ئەو وتی: “ئێمە ئەرمەنین‌ و دڵسۆزی‌ و خۆشەویستییەكی زۆرمان بۆ ئەرمینیا هەی ە‌و بەشێك لەخزم‌ و كەسوكارمان لەوێن”.

وتیشی: “ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین كە پەیوەندی نێوان كوردستان‌ و ئەرمینیا بەهێزتر بكەین‌ و ئەرمینیاش کونسوڵخانەی لە هەولێر کردوەتەوە”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close