نێودەوڵەتی

تورکیا ڕازیبوو بە ئەندامێتی سوید لەهاوپەیمانێتی ناتۆ…پێشتر پرسی کورد ڕێگر بوو

شکۆی کوردستان-

جێنز ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا ڕەزامەندی نیشانداوە بە ئەندامبوونی سوید لەهاوپەیمانێتی ناتۆ کە پێشتر بەهۆی پرسێکی پەیوەندیدار بە کوردەوە ڕێگری دەکرد.

پێشتر حکومەتی تورکیا مەرجی ئەوەی بۆ سوید دانابوو کەدەستبەرداری لەخۆگرتن و میوانداری بەرپرسە سەربازییەکانی پەکەکە و پشتیوانیکردنی دۆزی کورد لەتورکیا ببێت، دوێنێش مەرجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی تورکیای لە یەکێتی ئەوروپا دانابوو.

تورکیا تەنها ئەندامی هاوپەیمانێتی سەربازیی ناتۆ بوو کە دژی ئەندامبوونی سوید بوو، نیشاندانی ڕەزامەندی ئەنقەرەش سوید دەکاتە 32 ەمین ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سرتێری گشتی ناتۆ، ئەردۆغان پرسی بەئەندامبوونی سوید لەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و ڕەزامەندیشی بۆ وەردەگرێت.

وەک کاردانەوەیەکیش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە لەسەر پرسی بەرگریکردن و ئاسایشی ئەوروپا- ئەتڵانتیک لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە و کۆشکی سپیش وەک سەرکردەی 32 هەمین ئەندامی ناتۆ پێشوازی لەسەرۆک وەزیرانی سوید دەکات.

لای خۆشییەوە، ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند، ئێستا هەموو پێکەوە سەلامەتترین، هاوکات، ئانالین بایربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، ئێستا 32ین سەلامەتترین.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close