شكۆی كوردستان-
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دو ناوچەی زەرد و سەوز یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بکرێت و ئێستا کاتی ئاشتبونەوە و یەکگرتن هاتوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی “یەکڕیزی بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی پێویستیدایە”.
کوردستانێکی بەهێز مانای توانابونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە کۆنفرانسی “یەكڕیزی و دەستور” کەئەمڕۆ لەشاری هەولێر بەڕێوەچو وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، “کوردستانێکی بەهێز مانای توانابونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی، ئەوەی کە ئێمەش دەیزانین ئەوەیە کە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمييهى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستوە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، ماف و ئازادیيەکان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتون”.
هەرگیز وا مهزانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دو ناوچەی زەرد و سەوز یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبونەوە و یەکگرتن هاووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە، ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مهزانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە”.
ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدا دادهمهزرێن ئەوە ناتوانن بە دورمەودایی بمێننەوە
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق ئەوەشی خستەڕو، “دوا ئامانجی سەرکردایەتی پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیيەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بهڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدا دادهمهزرێن ئەوە ناتوانن بە دورمەودایی بمێننەوە. هەر وەک وتم یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت بەڵام هێشتاش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت”.
