ڕۆژنامەکوردستانی

بێخه‌مه‌ و بێخه‌مى…نوسینی سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نووسینى؛ سەرتیپ جەوهەر


ئاژانسی ناسا بڵاویکردەوە لە عیراق و سوریا ئاوی سازگار رووی لە نەمانە و ئەو دوو وڵاتە تینووترین وڵاتی ناوچەکەن!
سەرچاوەیەکی دیکە دەڵێت: بۆ 2040 قەیرانی ئاو لە ناوچەکە دەبێتە گەورەترین گرفتی ناوچەکە.
لە ناوخۆشدا بەڕێوبەری ئاوی بەنداوی دوکان دەڵێت: ئەو بڕە ئاوەی ئێستا لە بەنداوەکەدا هەیە، بەشی ئاوی خواردنەوە دەکات.
بێگومان ئەمساڵ وشکەساڵی بوو، بەڵام خۆ هەر ئەمساڵ نییە، ئەوە زیاتر لە 15 ساڵە پسپۆڕان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئاگاداردەکەنەوە و دەڵێن ئەگەر چارەسەرێکی خێرا بۆ پرسی ئاو لە کوردستان نەکرێت، لە داهاتوودا گرفتی ئاو هەموو گرفتەکانی دیکە دادەپۆشێت.
چەند هۆکارێکی سەرەکی بوونەتە مایەی دروستبوونی گرفتی ئاو لە کوردستان، یەکەمیان سروشتییە و کەشوهەوا گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هاتووە و بەفر و باران کەمبۆتەوە، ئەوەی دووەمیان وڵاتانی دەر و دراوسێیە کە بەنداوی زۆریان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروستکردووە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
سێیەمیشیان حکومەتی هەرێم شتێکی ئەوتۆی بۆ گلدانەوەی ئاو و رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو نەکردووە، ئەوەی کراوە زۆر کەمترە لەوەی دەتوانرا بکرێت.
بیرم دێت لە 2006 حکومەتی عیراق کامپی سەرپەرشتیکردنی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەی دروستکرد.
ژمارەیەکی زۆر کارمەندیش تا ماوەیەکی درێژ لەوێ دەوامیان دەکرد. پارەیەکی ئێجگار زۆریش بۆ تەواوکردنی تەرخانکرا «ئەوکات باسی سێ ملیار دۆلار دەکرا»، چەندین جار گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمدا کرا بۆ دابەزاندنی ئاستی ئاوەکە تەنها لەپێناوی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، بەداخەوە سەرەنجام جێبەجێ نەکرا، ئەگینا ئێستا تەواو ببوو.
ئەگەر تەواوکرابا، جگەلەوەی کارتێکی بەهێز دەبوو بۆ گوشاری سیاسی، هاوکات ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبای (خاوێن) زۆر زیادی دەکرد، لانیکەم هەزار میگا کارەبا بەرهەم دەهات، ئەمە جگە لە زەمینەخۆشکردن بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک بەنداوی دیکە لەخوار ئەو بەنداوەوە تا دەگاتە زێی دیجلە لە خوار هەولێر.
کەشوهەوای هەولێر و ناوچەکەی چەند پلەیەک دادەبەزاند، ئەو دەڤەرە دەبووە ناوچەیەکی گەشتیاریی زۆر گرنگ و پڕ خێر و بێر. سەوزایی زۆر زیادی دەکرد. ئاستی ئاوی ژێر زەوی کە ئێستا لەهەندێک شوێن سەدان مەتر دابەزیووە زۆر بەرزدەبۆوە، سامانی ئاژەڵ بەتایبەتی پەلەوەری کێوی زۆر باشتر دەبوو…هتد.
باسکردنی سوودە ستراتیژییەکانی ئەم پڕۆژەیە وەک کولاندنەوەی برین وایە، باشە بۆچی نەیانهێشت ئەو پڕۆژەیە لەسەر گیرفانی عیراق جێبەجێ بکرێت؟ بەتایبەتی زۆربەی سەرچاوەکانی ئەم بەنداوە ستراتیژییە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندایە و وڵاتانی نەیار دەستیان نایگاتێ تا وشکی بکەن و پڕۆژەکە تێکبدەن.
ئێستاش نەچووە بچێت، کورد وتەنی پیاوی چاک بن بیر لە پڕۆژەیەکی لەوجۆرە ستراتیژیی و گرنگ بکەنەوە.
ئەو پڕۆژەیە کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە، چونکە پڕۆژەکە تەنها گلدانەوەی ئاو نییە، بۆیە هەقە وەک پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی، بخرێتە بەرنامەی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی بکرێتە مەرجی پێکهێنان یان بەشداربوون لەحکومەت، بەڵام ئەمجارە لەسەر حیساب و گیرفانی بەغدا نییە، بەڵکو لەسەر گیرفانی حکومەتی هەرێم دەبێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close