Uncategorized

ئەرکی پەرلەمانتاریی…. عەلی حەمە ساڵح نوسیویه‌تی

شكۆی كوردستان-

بە ئەزمونی کاری پەرلەمانی و بینینی چەند ئەزمونێکی دەرەوەو خوێندنەوەی واقعی کوردستان، زۆرێک کاری پەرلەمانتاری لە بری نوێنەرایەتی ڕاستەقینە کردوەتە شەڕی ساختەی سیاسی، تێگەشتنێکی ھەڵەش لای خەڵک بۆ کاری پەرلەمانی ھەیە!
چەند بنەمایەک بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەشتنە و کاری دروستی پەرلەمانتاریی کە پەیوەستە بەیەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمانتار کە چاودێریکردنە.
یەک؛ پەرلەمانتار لە بری نوێنەرایەتیکردنی خەڵک، بەرەو ئەو ئاڕاستە دەڕوات بەڕاست و ھەڵە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی حزب یان بەرپرسێکی حزبی بکات یان ببێتە وتەبێژی حکومەت، ھەڵەی لایەنێکی سیاسی و زۆنێکی حوکمڕانی چەندین جار گەورە بکات و ھیچی زۆنی حزبی و بەرپرسی خۆی نەبینینێت! ئەمە ھەڵەیەکی گەورەیەو پێچەوانەی ھەنگاوی یەکەمە؛ گەڕان بەدوای ڕاستی وەک ئەوەی ھەیە.
دوو؛ ٨٥٪‏ کاری پەرلەمانی لە دەرەوەی ھۆڵی پەرلەمانە، چاودێریکردن و بەدواداچون، بەردەوامی کۆڵنەدان و گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێکی پێڕەویی و یاسایی بۆ ئەو دۆسیانەی بەدواداچونی بۆ دەکەین، پەرلەمانتارێک ھیچ بەدواداچونێکی نەکردبێت، دەیان پرسیارو لێکۆڵینەوەی نەکردبێت، قسەی گشتی لە ھۆڵی پەرلەمان بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان كه‌ (دەسەڵاتی دارایی و جێبەجێکردنی نییە) تەنیا بەکارھێنانی ھەست و سۆزی خەڵکە لە ڕێگه‌ی میدیاوە، بەمە دەوترێت فێڵکردن لە چاوی خەڵک.
بۆ نمونە، كه‌ دەڵێی: “پارەی ئەم وڵاتە ھەموی دزرا”! بۆچی موچە نادرێت، ئەمە قسەیەکی بێ جەدوایە بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان.
پەرلەمانتار دەبێت لە وردەکارییدا گەندەڵی دەستنیشان بکات، ئەوەی دزراوە بە بەڵگە باسی بکات!
سێ؛ پەرلەمانتاری پێویستی بە مەعریفەیە، لە ھیچ بوارێکدا شارەزایت نەبێت و ئامادەش نەبیت فێرببێت ھەرگیز ناتوانیت نوێنەرایەتی خەڵک بکەیت، تەنانەت پەرلەمانتار ئامادەنەبێت پێڕەویی ناوخۆی پەرلەمانیش بخوێنێتەوە! چۆن دەتوانێت چاودێری حکومەت بکات کە بەدەیان یاساو سەدان ڕێنمایی کار دەکات.
چوار؛ وەک چۆن پەرلەمانتار نابێت چاوپۆشی لە گەندەڵی یاسا شکێنی بکات، ناشبێ شەڕە جنێو بکات، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی خواستی خەڵک بکەیت دەبێت پەیوەندییەکی سەنگینت ھەبێت و دۆسیەو گرفتەکانی خەڵک بگەیەنیت. پەرلەمانتارێک لە چوار ساڵدا دۆسیەیەکی نەگەیاندبێتە وەزیرێک، نوێنەرایەتی پێناکرێت.. دەبێت ھەموان بزانن ئەوەی تۆ دوژمنایەتی و ڕقی شەخسی و حزبی نییە؛ خەمی گشتییە…
پێنج؛ تۆی ھاوڵاتی پەرلەمانتار بە بەرپرسی سوپا مەزانە داوای ڕوخاندنی حکومەت و کودەتای لێبکەیت، ئەرکی ئەو ئەوە نییە، دەڵێ: جگە لە قسەو بەدواداچون چیت کردوە!..
ئەرکی پەرلەمانتار، چاودێریکردن بەدواداچون و ڕێککاری یاسایی و پێڕەوییە بەرامبەر دۆسیەکان و دروستکردنی ڕایگشتیە..
ئەو کە ئۆتۆمبیلی پێیە تۆ چۆن داوای فڕینی لێدەکەیت!
شەش؛ دروستکردنی ڕایگشتی، وەک یەکێک لە ئەرکی نوێنەرایەتی لە پڕۆسەی چاودێرکردن و وەک ئامانجێک بۆ چارەسەری گرفتەکان، پەرلەمانتار گرنگە بتوانێت ڕای گشتی دروستبکات، من زۆر باوڕم بەم ڕێگه‌یەو بەردەوام بەکاری دەھێنم. لە موچەخۆری نایاساییەوە تاوەکو قاچاخچێتی و لە داگیرکردنی زەوی بۆ دیارنەبونی داھاتی نەوت، لە بەحزبکردنی دادگاوە تاوەکو ژەھری و گازوایل بەنزین.. بۆیە کە پەرلەمانتارێک لەسەر دۆسیەیەک دەڕوات، مەڵێ تاقەتمان نەما… لەبری پشتیوانی ساردی مەکەرەوە..
حەوت؛ یەکێ لەو مەترسییەی کە پەرلەمانتار دەبێ زۆر وریا بێت و بە ئەستەم لێی دەردەچێت، حزبێک دژی ئەوی تر بەکارت نەھێنێا، کۆمپانیا دژی کۆمپانیای دیکە و سیاسی دژی سیاسی دیکە بەکارت نەھێنێت…
دەبێت ئامادەبیت بۆ فشاری سیاسی، ھەموو جۆرەکانی ھەڕەشە، تەسلیمنەبون بۆ بەرژەوەندی تایبەت، لەبەردەم پارەدا بەھێزبیت و کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت خاڵی لاوازت نەکەوێتە بەردەست ئەوانەی، کە دەبێت چاودێربیت بەسەرییانەوە…
بە کورتی؛ پەرلەمانتار بۆ ئەوەی سەرکەوتوانە کاری خۆی بکات، بە وردیی و بە زانیارییەوە بەبێ ترس و چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەنێک و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بەپێی پێڕەی ناوخۆ و یاسا بەرکارەکان کاری خۆی دەکات، زۆر بەخێرایی ھەست بە گرفتەکان دەکات و زانیاری بۆ کۆدەکاتەوەو ڕێگه‌ی یاساو پێڕەویی بۆ چارەسەر بەکاردەھێنێت، لە کۆتاییدا ھەوڵی دروستکردنی ڕایگشتی دەدات… پەرلەمانتاری باش ھەمیشە لە خەمی ئەنجامدایە بۆ ئەو دۆسیانەی کاری لەسەر دەکات، بەڵام نە گەشتنە ئەنجام کۆڵی پێنادات.
گرنگترین شت دانانی پلانی کارکردنە، من بۆ خۆم ھەموو ھەینیەک بە وردەکاریی پلانی ھەفتەی کارکردن دادەنێم، مانگانەش پلانی گشتی؛ بۆ ئەو دۆسیانەش لە ناکاون ڕۆژانە کاریان لەسەر دەکەم.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close