ڕۆژنامەکوردستانی

دنیایەکی سەیرە!…نوسینی مه‌ریوان عه‌بدوڵا

شكۆی كوردستان-

ھەرچی یاساو ڕێسای گەردونی و زەمینی ھەیە بگەڕێیت و ئەم سەرو ئەوسەری بکەیت، ئەوانەی دەستکردی یەزدان و ئەوانەش کە دەستکردی مرۆڤی ھۆشمەندن، ھەموویان بونەوەر و مرۆڤایەتی ھان دەدەن ڕێچکە و ڕێبازی زوڵم و ستەم و نادادی بەرەو ڕێگه‌ی دادپەورەری و یەکسانی و ئازادی و خۆشویستن بگرنەبەر و سەکۆی کەرامەت و شکۆمەندی کۆیان بکاتەوە، ئەو سەکۆیەی لوتکەی جیاوازی مرۆڤی بیرمەندە لەگەڵ ئەوانی تر.

بەڵام لەم نیشتمانەی خۆمان کە ھیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ھەموو بەھاکان کەوتونەتە بەردەم بەرداش و تەم و لێڵی خۆڕسکی خۆمان ، وادیارە ھاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە ھەتا بێت سەکۆ و پەتی زۆڵم و ستەم و کۆیلایەتی فراوانتر و ئەستورتر دەبێت و خەڵکانێک کە تەنیا گیرفان و بەرژەوەندی خۆیان بەم خاکەیانەوە دەبەستێتەوە سەنگەری دادگەری و ئیرادە بەرەو زوڵم و  ستەم و چەوساندنەوە بەجێ دەھێڵن!

لێگەڕێن با ئەو سەنگەرە قوڵتر و قەبەتر و ئەستورتر بێت، ئەی پێشینان نەیانوتووە ھەموو شتێک لە باریکیدا ئەبچڕێت تەنیا زوڵم و ستەم نەبێت لە ئەستوریدا، کەوابێت لێگەڕێن با ئەو سەنگەرە تا بێت ئەستورتر و بازنەی زوڵم و ستەمی فراوانتر بێت، دڵنیابن ئەوە سەنگەری ئیرادەو  تواناو بەرەی ڕاستەقینەی ویژدانی خەڵک بەھێزتر دەکات و ڕقەکان بۆ ڕەتکردنەوەی چەوساندنەوە و نادادی تۆختر  دەکاتەوە، ڕۆژێک دێت ئەو زوڵمە لە ئەستوریدا ھەر دەبچڕێت.

لە ئێستاو ڕابردووشدا ئەوانەی ھێشتا ھیوایەکیان بە باشبونی ئەم دۆخە ھەبووە و ھەیە، چاویان لەوەیە بەرەی گەل و داکۆکی لە مافی خەڵک و بەدیھێنانی یەکسانی و دادگەری قایم و فراوانتر بێت، بەڵام سەیرە ڕۆژگارەکە بەجۆرێک قڵپ بووەتەوە دەبینین لە چاوتروکاندنێکدا دژەکان دەبنە دۆست و نەیارەکان دەبنە یار و دووژمنەکان دەبنە پشت و پەناو دەست لەملانی یەک!

بەم کار و کردەوانە مرۆڤ واسەری لێ دەشێوێت ھەق وایە بڵێیت ئێمە ھەر لەسەرەتاوە تۆوی دوو ڕووی و دووبەرەکی و فرۆشتنی ھەست و ھەڵوێست لەناخماندا چەکەرەی کردووە و بووە بەبەشێک لە کلتورمان، کاتێک مرۆڤ  دووکاری لەم چەشنە دەبینێت گومانەکانی تۆختر دەبێت، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێیت: ئێمە مرۆڤ گەلێکین لەگەڵ ناخ و رٍووی ڕاستەقینەی خۆمان ھەر لە سەرەتاوە راستگۆ نەبوین، ھەرکات بەرژەوەندییەکانمان بکەونە بەردەم مەترسی یان چاومان بچێتە سەر گەنجینەی پڕ  لە زێڕ و دراو، ڕێک سەدو ھەشتا پلە دەگۆڕێین و لەبەرامبەر مافی گشتی و دەنگ دلێری و ڕەتکردنەوەی چەوساندنەوە، سەنگەری بەرژەوەندی و گیرفان پڕی ھەڵدەبژێرین! ئەوکات بەدڵنیاییەوە ھیچ بەھایەک بۆ ڕابرووشمان نامێنێتەوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close