ڕۆژنامە

ئێران گۆڕانكاری لە تاكتیك و پیلانەكانی خۆی لە عێڕاق كردووە

 گرووپە میلیشیاكانى عێڕاق كەوتوونەتە ململانێ و ڕكابەری تاوه‌كو زۆرترین ماف و ئیمتیاز و دەسەڵاتیان پێبدرێت

ئا/ شكۆى كوردستان

ئێران گۆڕانكاری لە تاكتیك و پیلانەكانی خۆی لە عێڕاق كردووە و لە جیاتی ئەوەی پشت بە گرووپە میلیشیاییە گەورە ناسراوەكان ببەستێت، گرووپی بچووكی میلیشیایی دادەمەزرێنێت و دوای راهێنان و رێكخستنیان، بەكاریان دەهێنێت. هێرشەكەی سەر هەولێر و زۆربەی ئەو هێرشانەی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێكی رابردوو ئەنجام دراون، لەلایەن ئەو گرووپانە بووە.

رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا پەردەی لەسەر ئەو پیلانە لاداوە. ئەندامانی ئەو گرووپە لە ژێر چاودێری هێزەكانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران راهێنانیان پێ كراوە، لەسەر چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و بانگەشەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە چەندان خولدا بەشدارییان پێ كراوە.

ئەركی ئەوەیان پێ سپێراوە دەست بە زنجیرەیەك هێرشی تیرۆریستی بكەن.

سەرچاوە سەربازی و تەناهییەكانی عێراق و دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا پێیان وایە، ئەو گرووپە بچووكە میلیشیاییانە ئەركی ئەوەیان پێ سپێراوە دەست بە زنجیرەیەك هێرشی تیرۆریستی دژی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بكەن.

گۆڕینی تاكتیكی شەڕ دوای ئەوە دێت كە ساڵی رابردوو قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران، لە هێرشێكی ئاسمانیی ئەمەریكا و لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتیی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژرا.

سلێمانی خۆی فەرماندەیی هێزە میلیشیاكانی دەكرد و بە ئاشكرا فەرمانی پێ دەكردن و لەگەڵیاندا كۆ دەبووەوە، بەڵام لەو تاكتیكە نوێیەدا ئێران خۆی لەسەر  گرووپەكان ناكاتە خاوەن و ناڕاستەوخۆ یارمەتی و راهێنانیان پێشكەش دەكات.

قائانی كە لە دوای كوژرانی سلێمانی جێی ئەوی گرتووەتەوە، هێندەی ئەو ئاگای لە رەوتە جیاوازەكانی ناو عێراق نییە، بۆیە هێندەی قاسم سلێمانی نەیتوانیوە كاریگەری لەسەر كۆی گرووپەكان هەبێت و بیانجووڵێنیت.

ئەو گرووپە نوێیە بچووكە میلیشیاییانە راستەوخۆ بە سوپای پاسداران گرێ دراون، هیچ پێوەندییەكیان بە حكوومەتی عێراقەوە نییە.

راپۆرتی گۆڕانكاری لە تاكتیكی شەڕی میلیشیاكان لەلایەن سێ فەرماندەی گرووپی گەورەی میلیشیاكان كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق و دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوا و سەرچاوەیەكی سەربازیی رۆژئاوا پشتڕاست كراوەتەوە.

فەرماندەیەكی ئەو میلیشیایانە گوتوویەتی، وا پێشبینی دەكرێ سوپای پاسداران زۆر بە وردی و بە هەستیارییەوە فەرماندەكانی ئەو گرووپە بچووكانەیان هەڵبژاردبێت، مەبەستیان ئەوە بووە ئەو فەرماندانە بتوانن هێرشی كاریگەر ئەنجام بدەن و لە هەمان كاتدا بە نهێنیی بمێننەوە و كەس نەیانناسێتەوە.

یەكێكی تر لە هۆكارەكانی گۆڕینی ئەو سیاسەتەی ئێران، پێوەندی بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە پارێزگاكانی عێراقەوە هەیە كە دژی ئێران هەڵوێستیان دەربڕی، ئەوەش وایكرد گرووپە میلیشیا گەورەكان كەمتر خۆیان لە قەرەی ئەو خۆپێشاندانانە بدەن و هەڵوێستێكی روون لە خۆیان بنوێنن. دوای كوژرانی قاسم سلێمانی گرووپە میلیشیاكان ئەو یەكێتییەی جارانیان نەما و بەسەر ئاراستەی جیاوازدا دابەش بوون، كۆنترۆڵكردنی ئەوانەش بۆ ئێران زۆر قورستر بوو.

یەكێكی تر لە سوودەكانی ئەو گرووپە بچووكانە ئەوەیە لە هەژموونی گرووپە سیاسییەكان پارێزراو دەبن و ئێران باشتر دەتوانێ بەكاریان بهێنێت و كۆنترۆڵیان بكات.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بەرپرسانی تەناهی عێراق دەڵێن لانی كەم 250 چەكداری شیعە لە ساڵی 2020دا بۆ لبنان بەڕێ كراون، تا لە خولی راهێنانی سەربازیدا بەشداری بكەن و لەلایەن حزبوڵای لبنانییەوە فێری نوێترین تاكتیكەكانی جەنگ ببن.

ئەو فەرماندانە بتوانن هێرشی كاریگەر ئەنجام بدەن و لە هەمان كاتدا بە نهێنیی بمێننەوە و كەس نەیانناسێتەوە.

فەرماندەیەكی میلیشیاكانی عێراق پێی وایە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد شوێنی قاسم سلێمانی ئاشكرا بكرێت و دوژمن زۆر ئاسانتر بتوانێ بیخاتە ناو بۆسەوە، هەر میلیشیاكان خۆیان بوون و كەسێك لە ناو میلیشیاكان هاوكاری ئەمەریكییەكانی كردووە. لەلایەكی ترەوە گرووپە میلیشیاكان لە ناو خۆیاندا كەوتوونەتە ململانێ و ركابەری بۆ ئەوەی زۆرترین ماف و ئیمتیاز و دەسەڵاتیان پێ ببڕێت.

لەو هێرشانەی چ ئەمساڵ و چ ساڵی رابردوو كرانە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنكەی هاوپەیمانان، لە نزیك فڕۆكەخانەكە ژمارەیەك بەڵێندەر و سەرباز بریندار بوون و بەڵێندەرێكی ئەمەریكاش گیانی لە دەست دا.

لە ماوەی یەك ساڵدا سەرووی 10 گرووپی میلیشیایی شیعە لە عێراق دامەزراون

گرووپێكی شیعە كە خۆی بە ئەولیا دەم ناساندووە، بەرپرسیارێتی هێرشەكانی لە ئەستۆ گرت. تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا سەرووی 10 گرووپی میلیشیایی شیعە لە عێراق دامەزراون و بەرپرسیارێتی كۆمەڵێك هێرشی مووشەكی و هاوەنبارانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكایان لە ئەستۆ گرتووە.

ئامانجی ئێران ئەوەیە لە لایەك هەژموونی لە ناوخۆی عێراق بپارێزێت، لە لایەكی تر سەرئێشە بۆ ئەمەریكییەكان و هاوپەیمانان دروست بكات و لەو رێیەوە ئیمتیازی زیاتر وەربگرێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close