کوردستانی

کەمال کەرکوکی مەرجەکانی گەڕانەوەی حیزبەکەی بۆ کەرکوک ئاشکرا دەکات

شكۆی كوردستان-

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی، ئاماژە بەوەدەکات پارتی چوار مەرجی داناوە بۆ گەڕانەوەی بۆ کەرکوک، هەر چوار مەرجەکە پەیوەندیان بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەوە هەیە، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە لە ئێستادا وەفدێکیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەغدایە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوکی دەڵێت”پارتی بۆچوونی خۆی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، چوار خاڵمان داناوە بۆ ئەو مەبەستە، خاڵی یەکەم پەیوەندی بە دۆسیەی سەربازیەوە هەیە، کە پێشمەرگە و سوپا بەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری، ئەو هێزانە لەدەرەوەی شارەکان جێگیربکرێن و ناوەندێکی هەماهەنگیان لە کەیوەن هەبێت.”

ڕوونیشیکردەوە، سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنیش گفتووگۆ بەردەوامە و وەفدێکیان ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە لەبەغدایە، وتی”دەبێت ناو کەرکوک ڕادەستی پۆلیسی محەلی بکرێت کە پێکهاتەکەی خەڵکی شارەکەیە، هەروەها خاڵە پشکنینەکانیش بسپێردرێنە کاروباری خاڵە پشکنینەکان، دۆسیەی سیاسیش، دەبێت بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانیش چۆڵ بکرێن، بەربەست لەبەردەم ئاڵای کوردستانیشدا دانەنرێت، ناکرێت جۆرەها ئاڵا ناو کەرکوک هەبێت و ئاڵای کوردستان قەدەغە بێت، دەبێت حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و سوپا و پۆلیسی فیدراڵیش ببرێنە دەرەوەی شار، پاشان دەبێت پارێزگاری سەپێنراویش لاببرێت و پارێزگارێکی کورد دابنرێت کە سەیری هەموو لایەنەکان وەکو یەک بکات.”

دەربارەی ئەوەی ئایا مەرجەکانی پارتی قورس نین یاخود بەحکومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێن، کەمال کەرکوکی وتی”گەر حکومەت حکومەت بێت، دەبێت پابەند بێت بەدەستورەوە، بەپێی دەستور نابێت سوپا ناو شارەکان بێت و دەستوەردان لەکێشەی نێوان لایەنەکان بکات، ئێستا کەرکوک بووەتە سەربازگەیەکی گەورە، جۆرەها هێزی تێدایە، خەڵک دەکوژرێت و دەڕفێنرێت، شارەکە تەعریب دەکرێت.”

سەبارەت بەهۆکاری پاڵپشتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارتی گەلی تورکمانی، کە هەمیشە گەڕانەوەی ئەو حیزبەی بۆ کەرکوک کردووەتە مەرجی دانوستانەکانی، بەپرسەکەی پارتی دەڵێت”پارتی گەلی تورکمان وەکو هەر پارتێکی تر، مۆڵەتی کارکردنی هەیە، لە 16 ی ئۆکتۆبەر بارەگاو ماڵیان داگیرکراوە، ئێمە مەبەستمان تەنها ئەو پارتە نیە، مەبەستمان هەموو حیزبێکی سیاسیە، کەدەبێت ئازادانە کاری خۆی بکات.”

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک گەرمیانی پارتی، دەربارەی کاری ژوورە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وتی”ئێمە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانانمان ئاگادارکردووەتەوە، عێراق لە دوو ڕیانێکی مەترسیداردایە، یان پابەندبوون بەدەستور، یان عێراق بەرەو هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدار دەڕوات.”

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوک بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان ی پارتی، ئاشکرایکرد لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی دەست پشت ئەو موشەکانە پێکهێنراوە کە لەچەند هەفتەی ڕابردوو بە ئاراستەی هەولێر دانرابوون و هێزە ئەمنیەکان دەستیان بەسەردا گرتن، وتی”داعش هێزێکی تیرۆرستیە، جۆرەها کاری تیرۆریستی دەکات، بەڵام بۆ ساروخەکان کە دانرابوون بە ئاراستەی هەولێر، گومانمان لەوان نیە، ئەوانەی دایانناون، حکومەتی عێراق و هاوپەیمانانیش دەزانن پاڵپشتیەکەیان لەکوێ یە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close