دیمانە و ڕاپۆرت

ئالان حەمەسەعید..وەزیرێکی جیاوازو پڕ وزە

شکۆی کوردستان – ھەولێر
جیاوازە لەو کەسانەی بوونەتە وەزیری پەروەردە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم لە ماوەیەکی کورتدا بۆ جێگەی سەرەنجی ھاووڵاتیان و پسپۆڕانی پەروەردەو ناوەندە پەروەردەییەکان، لەوەی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەروەردەو دەرچووانی دانەمەزراو و مامۆستایان دەرکرد بەمەش لە کاتێکی کەمدا، زۆترین کاری کرد.
بە بڕوای پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پەروەردە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم لە ھەموو رووەکانەوە لە وەزیرەکانی دیکەی پەروەردەو کابینەی ئێستای ھەرێم جیاوازە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی کەسێکی زۆر پڕ جوڵەیەو زیاد لەکاتی دەوامی خۆی، کاردەکات.
ئەوانە لەو راپۆرتەدا، قسەیان کردووە لە زۆربەری رووەکانەوە سەرسامن بە وەزیری پەروەردەو پێیانوایە کەسێکە ھەمیشە دڵسۆزو جددییەو چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکی کەمدا گۆڕانکاری گەورەتر لە بواری پەروەردە دروستبکات.
لەبارەی ئەدای وەزیری پەروەردە، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ (شکۆی کوردستان) دەڵێت:”بەڕاستی وەزیرێکی جیاوازەو لەھەموو روانگەیەکەوە جێ پەنجەی دیارە، چونکە لەماوەی نزیکەی ھەشت مانگی کارکردنیدا، زۆر کاری جوان و گەورەی بۆ پڕۆسەی پەروەردە کردووە، تەنانەت لەو ماوەیەدا تیکەڵ بە کێشەی قوتابخانەو قوتابیان بووە. ھەروەھا دووجار لەسەر یەکتر بەشداری کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی مامۆستایانی کردووەو لە پەیوەندی راستەوخۆدا بووە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەشداری بە یەکێتی مامۆستایانیش کردووە کە لە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێرکردندا، سەرەڕای ئەوەی چاکسازی زۆر باشی لە پڕۆسەی پەروەردا کردووە”.
پڕۆسەی پەروەردە یەکێکە لە پڕۆسە گرنگ و ھەستیارەکانی کوردستان چونکە پەیوەندی بە سەرجەم خێزانی کوردستان بە شارو دێھاتەکانەوە ھەیە، بۆیە ئەگەر وەزیرێک زۆر ئاگاداری نەبێت و زۆر خۆی ماندوونەکات ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەحمەد گەرمیانی وای گوت.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان، ئاماژەی بەوەشکرد: سێ ھەزار فەرمانبەرو ١٢٨ ھەزارو مامۆستا و ملیۆنێک و ٢٥٠ ھەزار قوتابی ھەیە، ئەگەر وەزیرێک بەشێوەیەکی لێزانانەو بە راوێژکار نەکات، لەوانەیە نەتوانێت ئەو پڕۆسەیە گرنگە بەرەوپێشەوە ببات.
سەرەڕای دەستخۆشییەکانی یەکێتی مامۆستایان لە وەزیری پەروەردە، ئەحمەد گەرمیانی داوادەکات زیاتر گرنگ بە خوێندنی ئیلزامی و وانەکانی بیرکاری و زانست و ئینگلییزی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و تەکەنەلۆژیای سەردەم و رەخساندنی کەشێکی لەبارەی ژینگە قوتابخانەکان بدرێت.
ھاوکات نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بۆ (شکۆی کوردستان) ئاماژە بەوەدەکات: مامۆستا ئالان وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، یەکێکە لە وەزیرە ھەر چالاک و ئەکتیڤەکانی حکومەتی ھەرێم و لەماوەی دەستبەکاربوونی گەلێک کاری باشی کردووە، کە جێگەی شانازی و پێزانییە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە مامۆستا ئالان یەکێکە لەو وەزیرانەی لە ھەموو شونَنێک و لە سەرجەم قوتابخانەکاندا دەبیندرێت و لەگەڵ ھەموو ئەوانەی پەیوەندیان بە ناوەندی پەروەردەییەوە ھەیە و بەردەوام بە وزەیەکی زۆرەوە کاردەکات ئەمەش نیشانەی دڵسۆزیەتی، بۆیە ئێمە زۆر لە کارەکانی رازین و ھیوادارین بەردەوامبێت.
وەزیری پەروەردە لەماوەی دەستبەکاربوونی، پێدانی مۆڵەتی نوێی بە قوتابخانەو پەیمانگە ئەھلییەکان راگرت، ھەروەھا وانەوتنەوەی مامۆستایانی دامەزراون لە قوتابخانەو پەیمانگە ئەھلییەکانی سنووردار کرد کە بووە ھۆی ئەوەی ھەلی کار بەشێوەیەکی یەکسان بۆ بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بڕەخسێندرێت.
ئارام کەمال، یەکێکە لە دەرچووانی دانەمەزراو، دەڵێت: “من ماوەی ١٠ ساڵە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەددین بەشی زمانی عەرەبیم تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو وەزیری پەورەردە وانەوتننەوەی مامۆستایانی لە پەیمانگەو قوتابخانە ئەھلییەکان سنووردار نەکرد، لە ھیچ قوتابخانەیەکی ئەھلی وەرنەدەگیرام، بۆیە من سوپاسی بێ پایانی وەزیری پەروەدە دەکەم کە بووە ھۆی ئەوەی ببمە مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانە ئەھلییەکان”.
لەبارەی گرنگیدان بە خوێندنی کوردی و رەوشی پەروەدە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەروەی ئیدارەی ھەرێم لەلایەن وەزیری پەروەردەوە، کامەران عەلی حەسەن بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە کەرکوک بۆ (شکۆی کوردستان) گوتی:”بەبێ موجامەلە وەزیری پەروەردە، وەزیرێکی زۆر ئەکتیڤەو و جموجۆڵی زۆری ھەیە، ئەوەی جێگەی دلخۆشکەرە لەماوەی دەستبەکاربوونی کۆمەڵێک کاری باشی بۆ کەرکوک کردووە، لەوانە: لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ناوچە دابڕێندراوەکانی لە بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە بێبەش نەکردووە، ھەوەرھا توانیویەتی نەسریەی کەرکوک بە بڕی چوار ملیۆن زیادبکات، بۆ دوزخورماتو سێ ملیۆن دیناری وەکو نەسریە داناوە، ھەروەھا بەڵێنیداوە بڕی ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ پێداویستی قوتابخانەکانی کەرکوک خەرجبکات”.
گوتیشی:”ھەموو ئەو نووسراوانەی کە ناردوومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن وەزیری پەروەردەوە بەرزکردۆتەوە بۆئەوەی جێبەجێبکرێت، کەواتە ئەو وەزیرە کوردانەو مەردانەی کاری بۆ کەرکوک و رەوشی خوێندنی ناوچە کوردییەکان کردووەو جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام داوای لێدەکەین بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرزبکرێتەوە”.
گەڵاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (شکۆی کوردستان( رایگەیاند: وەکو لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمان، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری پەروەردە ھەیەو لەو ماوەی کە چاودێری کارەکانمان کردووە ھەست دەکەمین زۆر بڕیاری گرنگ و جوانی جێبەجێکردووە کە بووە ھۆی ئەوەی تەکانێک بە پڕۆسەی پەروەردە بدات، بۆیە جێ پەنجەی دیارە و یەکێک لە وەزیرە سەرکەوتووەکان و چاوەڕێی کاری زۆرباشی و جوانتری لێ دەکەین کە لە ئێستادا زۆرر گرنگە بۆ پڕۆسەی پەروەردە.
گوتیشی: “ئێمە لەگەڵین و ھیوادارین وەکو ئەوەی ئێستا کاردەکات بەردەوامبێت لەکارکردنی بۆ خزمەتکردنی پەروەردەی ھەرێم”.
پسپۆڕانی بواری پەروەردەو کەسوکاری قوتابیانیش، دڵخۆشن بەوەی وەزیرێکی گەنج و پڕ وزە کار بۆ چاککردنی بارودۆخی پەروەردە لە کوردستان دەکات.
سەربەست حەمید، پسپۆڕی پەروەردەیی بە (شکۆی کوردستان)ی گوت: “ئەوەی وەزیری پەروەردە لە وەزیرەکانی دیکەی پەروەردە جیادەکاتەوە، کاری جددی و وزەو توانایەکی زۆرە، چونکە ئەوەی وەزیری پەروەردەمان لە قوتابخانەو ناوەندە پەروەردەییەکان بینیووە ئەوەند لەسەر کورسی و لە پشت مێزەوە نەبینووە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە کە وەزیرێکی گەنج بەشێوەیەکی شێلگیرانە کاری خۆی بکات”.
مام عەبدوڵا وەھاب_یش کە سێ منداڵی لە خوێندندان، دەڵێت: “ئەوەندەی دیقەتی وەزیری پەروەدەم داوە، پیاوێکی زۆر چالاک و بە توانا دیارە کە خەمی ئەوەیەتی رەوشی پەروەردە چاک بکات و ھەموو خێزانێک ئاسوودەبن کە رەوشی ژینگەی قوتابخانەکان گونجاوەو ئاستی پەروەردە بەڕێوەپێشەوە چووە”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close