کوردستانی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا له‌باره‌ی گرفتی كه‌موكورتی ده‌رمان هۆشداری ده‌دات

شكۆی كوردستان-

بەشێک لەكارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی گردبونەوە و دەڵێن، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئەو کارمەندانەی کە دەوامی زیادە (بەدەل عەیادە)یان کردوە  پارەیان خەرج نەکراوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش رایگەیاند، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان و بەبێ راوێژ لەگەڵ هیچ پزیشکێکی بڕیاری کەمکردنەوەی پارەی نەخۆشخانە شێرپەنجەییەکان دراوە.

یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەو پارەیەی کە دانراوە بۆ سەنتەرە شێرپەنجەییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەهیچ شێوازێک ناتوانرێت خزمەتگوزاری تەندروستی شێرپەنجە بەردەوام ببێت، هیوادارن بچن سەیری قاوشەکان بکەن بەتایبەتی بەشی منداڵان کە ئەو پزیشکانەی لەوێن هەشت پزیشک بون رۆژانە هەمو رۆژێک لە 8:00ەوە بۆ 5:00ەوە دەوامیان کردوە، لەدوای ئەوە هەرچیەک روبدات بەڕاستی کارەساتە و قورسە، نەخۆش هەیە زیاتر لە سێ ساڵە خزمەتی دەکەین ئێستا ناتوانین بەو بڕە پارە کەمەی تەرخانکراوە خزمەتیان بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان و بەبێ راوێژ لەگەڵ هیچ پزیشکێکی بڕیاری کەمکردنەوەی پارەی نەخۆشخانە شێرپەنجەییەکان دراوە و “بەداخەوە سەنتەر هەیە لە سنوری هەرێمی کوردستان سیستمی کۆمپیوتەری تێدا نیە و نەخۆش بە وەرەقە دەبینرێت کارمەندی ئایتی بۆ دانراوە”.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لەوەشکرد، “داواکارم لە وەزیری تەندروستی کە لەسەرەتاوە خەمخۆری ئەم بابەتە بوە و هیوادارم لەسەر ئەم بابەتە سوربێت و ئەو نوسراوەی کە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرزکردوەتەوە لە 24-5-2021دا هەمان میلاک بگەڕێتەوە تاوەکو بتوانین خزمەت بە توشبوانی شێرپەنجە بکەین”.

لەبارەی بونی کێشەی دەرمان، یاد نەقشبەندی وتی، “ئەو بابەتە لە ئێستادا هەنگاوی باشی بڕیوە و لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە کراوە و بەڵێندراوە کە ئەوان هاوکاربن لە دابینکردنی ئەو دەرمانانەی کە ئێمە پێویستمان پێیەتی، بەڵام گرنگترین سەرچاوە لە کەرتی تەندروستیدا سەرچاوەی مرۆییە و کە پزیشک و کارمەند بونی نەبو، ئەگەر نەخۆشخانەی هیوا پڕبێت لە دەرمانیش نەخۆش ناتوانێت سود لە دەنکە حەپێک وەربگرێت”.

ئەوەشی خستەڕو، “ئەم گرفتە تەنها لە نەخۆشخانەی هیوا نیە بەڵکو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شاریش دەگرێتەوە چونکە میلاکی ئەوانیش لە 45 میلاک کە داواکراوە تەنها 14 میلاکیان بۆ کراوە، کە ئەوەش خزمەتگوزاری کەمدەکاتەوە لەکاتێکدا زۆربەی حاڵەتە کتوپڕەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و دەوروبەری لەسەر نەخۆشخانەی شارە”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close