شكۆی كوردستان-
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕۆژی پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی وڵاتانی ئۆپێك پڵه‌س به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردوه و بۆ سبه‌ینێ هه‌ینی دواخراوه، كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی رێكخراوه‌كه‌ش له عێراق ده‌بێت.
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وت له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، وڵاتانی ئه‌ندام له‌رێكخراوی ئۆپێك پڵه‌س، بڕیاری دواخستنی كۆبونه‌وه‌كه‌یان داوه، كه ئه‌مڕۆ ده‌ستی به كاره‌كانی كردوه و چه‌ند كاتژمێرێكی خایاندوه، بڕیاره سبه‌ینێ درێژه به‌كۆبونه‌وه‌كان بده‌ن.
دواخستنی كۆبونه‌وه‌ی ئۆپێك بۆ گفتوگۆ و ڕاوێژی زیاتره به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، دواخستنی كۆبونه‌وه‌ی ئۆپێك بۆ گفتوگۆ و ڕاوێژی زیاتره به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك كه ئامانجی هاوبه‌ش له سه‌قامگیری و هاوسه‌نگی بازاڕه‌كانی نه‌وتی جیهانیدا به‌دیبهێنێت .
هه‌وڵ هه‌یه بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچونه‌كان له‌رێككه‌وتنێك كه خزمه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنه‌ران بكات
وه‌زیری نه‌وت ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كان كرد، بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچونه‌كان له‌رێككه‌وتنێك كه خزمه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنه‌ران بكات و سه‌قامگیریی بۆ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت دابین بكات.
له كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، گفتوگۆ كراوه له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه ڕوبه‌ڕوی بازاڕی نه‌وت ده‌بنه‌وه
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار باسی له‌وه‌شكرد، له كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، گفتوگۆ كراوه له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه ڕوبه‌ڕوی بازاڕی نه‌وت ده‌بنه‌وه، پێداچونه‌وه‌ی به‌و ڕاپۆرتانه‌ش كراوه كه له‌لایه‌ن لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئۆپێكه‌وه ئاماده‌كراون.
سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی رێكخراوی وڵاتانی ئۆپێك، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار ئاشكرایكرد، كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی رێكخراوی ئۆپێك له به‌غدا ده‌بێت، به‌مه‌به‌ستی پیرۆزڕاگرتنی یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه له به‌غدا.