نێودەوڵەتیUncategorized

لافاو چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا هه‌راسان ده‌كات

شكۆی كوردستان-

لافاو له‌چه‌ند هه‌رێمێكی ئه‌ڵمانیا چەندین خانووی رووخاندووە و ئۆتۆمبێلەکان لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە. لافاوەکە بە جۆرێک بەهێزبووە کە شەقامەکەی هەڵکەندووە و کردوویەتییە چاڵێکی قوڕاوی. 

لە هەرێمی غاینلاند فالتسی رۆژئاوای ئەو وڵاتەش، ئاستی لافاوەکە بە جۆریک بەرزبووە کە سەربانی هەندێ خانووی لەگەڵ خۆی بردووە. هەروەها پرد و لێواری رووبارەکانیشی لەگەڵ خۆی راماڵیون. لافاوە لەناکاوەکە بۆ خەڵکی ئەڵمانیا مایەی شۆک بوو. 

 تۆماس گەیلن، هاووڵاتیی ئەڵمانییە و دەڵێت، “کوڕەکەم لێرە دەژی. ماوەی ساڵێک بوو خەریکی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەیان بوو و بڕیاربوو دوو هەفتەی دیکە بێنە نێوی، بەڵام ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، دەوروبەری کاژێر 06:00 یان 07:00 ئاوەکە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و دوای 10 خولەک گەیشتە نێو خانووەکە.” لانیکەم 103 کەس لە سەرانسەری ئەڵمانیا بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە وێڕای ئەوەی دەیانی دیکە بێ سەروشوێنن. بەرپرسانی ئەڵمانیاش زیانی لافاوەکە بە ملیاران یۆرۆ مەزندە دەکەن.

دروستبوونی لافاوەکە وای لە لایەنە سیاسییەکانی ئەڵمانیا کردووە سەرنجێکی گەورە بخەنە سەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا پێش ئەوەی لە ئەیلوولی ئەمساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بکەن.  فرانک واڵتەر شتانمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا دەڵێت، “تەنیا بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانین رێگە لە دروستبوونی رەوشی نەخوازراوی کەشوهەوا و ئەم دۆخەی کە ئێستا تێیکەوتووین، بگرین.” لە بەلجیکاش لافاوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 23 کەس، بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیکە و مانەوەی 21 هەزاری دیکە بەبێ کارەبا.  ئەلێکساندەر دی کڕوو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت، “بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەم کارەساتەی کەشوهەوایە، باری نائاسایی راگەیێندرا. دۆخەکە سات بە سات دەگۆڕێت و لە چەندین ناوچە بە دژواری ماوەتەوە. رۆژی رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی دەبێت.” لە هۆڵەنداش لافاوەکە رێگەی دەیان گوندی گرتووە و لە ناوەندی بەشێک لە شارەکان ماڵەکان ژێرئاو کەوتوون. سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، هاوشێوەی بەرپرسانی ئەڵمانیا، هۆکاری کارەساتە سرووشتییەکەی رۆژئاوای ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.  ئورسۆلا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، “بەهێزیی و درێژیی ئەم رووداوانە دەریدەخەن کە زانست پێمان دەڵێت ئەمە ئاماژەی روونی گۆڕانی کەشوهەوان.” رێکخراوی چاودێریی کەشوهەوای جیهانیش کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، داوا لە هەموو وڵاتان دەکات، کاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بوەستێنرێت و لافاوی هاوشێوەی ئەمەی ئەوروپا دروستنەبێتەوە. 

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close