نێودەوڵەتی

ئه‌مریكا موچه‌ بۆ 39 ملیۆن خێزان ده‌بڕێته‌وه‌

شكۆی كوردستان-

ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گەورەترین پڕۆگرامی دژ بە هەژاری لە ئەمەریکا دەستپێکرد، ئەوەش بۆ یەکەمین جار لەڕێی بڕینەوەی موچەی مانگانە بۆ ئەو خێزانە ئەمەریکیانەی کە منداڵیان هەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پارەکە دەخرێتە هەژماری بانکی نزیکەی 39 ملیۆن خێزانەوە، بەمەش موچە بۆ لە سەدا 88 ی منداڵانی ئەمەریکا دەبڕدرێتەوە، هەروەها بە گشتی نزیکەی 60 ملیۆن منداڵ سوودمەند دەبن. بەگوێرەی پڕۆگرامەکە، خێزانەکان مانگانە 300 دۆلار بۆ هەر منداڵێکی خوار تەمەن 6 ساڵ و 250 دۆلار بۆ هەر منداڵێکی سەروو 6 ساڵ وەردەگرن.

لە ئێستادا وابڕیارە موچەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 بدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن و هاوڕێ دیموکراتەکانی لە کۆنگرێس هیواداران بتوانن ماوەکەی درێژ بکەنەوە، ئەگەر ماوەکەی درێژبکرێتەوە، پڕۆگرامەکە ساڵانە پێویستی بە 120 ملیار دۆلار دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆمارییەکان دەڵێن ئەم پڕۆگرامەی بایدن خەرجییەکی زۆری دەوێت و ئامانجی بایدن لەم کارەی زیادکردنی باجە لەسەر کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا، بەگوێرەی کۆمارییەکان، بایدن دەیەوێت ئەو باجەی لەسەر کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکان زیادی دەکات خەرجی پڕۆگرامەکەی پێ دابین بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ” خەڵک پێم دەڵێن ئەو پارەیە بەکاردەهێنن بۆ کڕینی پێڵاوی نوێ بۆ منداڵەکانیان، بەکاریدەهێنن بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ خولی هاوینە، بۆ دابینکردنی خەرجی دایەنگەکان تاوەکو خوێندنگاکان دەکرێنەوە.”

بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن پڕۆگرامەکە لەوانەیە ملیۆنان خێزان لە هەژاری ڕزگار بکات و دەبێتە هۆی باشکردنی خواردن و باری دەروونی منداڵان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close