نێودەوڵەتی

به‌غداد؛ بكوژی هیشام هاشمی ده‌ستگیرده‌كرێت و ناسنامه‌شی ئاشكراده‌كرێت

شكۆی كوردستان-

دوای ئەوەی ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بكوژانی هیشام هاشمی-یان دەستگیرکردوە و روبەڕوی دادگایان دەکەنەوە، میدیای فەرمی حکومەت بڵاویکردەوە بکوژەکە ئەفسەربوە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنگیری بۆ ئەو گروپانە هەیە کەلەدەرەوەی یاسان.

 پلەی ملازمی یەکە لە وەزارەتی ناوخۆ

میدیای فەرمی حکومەت بڵاویکردەوە، بکوژی هیشام هاشمی ناوی ئەحمەد کینانی-یە و لەدایکبوی ساڵی 1985، ناوبراو پلەی ملازمی یەکە لە وەزارەتی ناوخۆ.

بە دو ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلێک چونەتە ناوچەی زەیونە  بۆ کوشتنی هیشام هاشمی

ئاماژە بەوەشکراوە، بکوژی هیشام هاشمی لایەنگیری بۆ ئەو گروپانە هەیە کەلەدەرەوەی یاسان، هاوکات تۆمەتبار لەدانپێدانانەکەیدا دەڵێت، ئەوان چەند چەکدارێک بون و بە دو ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرۆلا چونەتە ناوچەی زەیونە  بۆ کوشتنی هیشام هاشمی.

بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد

ئەمڕۆش مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکدا کەلەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەكردوە، “گفتی خۆمان بردەسەر و بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد، پێشتریش گروپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدمان ڕوبەڕوی دادگا كردەوە و سەدان تاوانبارمان دەستگیركرد.”.

بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ڕەخنەگرتن مافی هەموانە، بەڵام ئێمە بۆ ڕیكلام و موزایەدە كارناكەین، بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین”.

پێشوازی لەدەستگیرکردنی تۆمەتباری کوژرانی هیشام هاشمی دەکەین

پەیوەست بەم بابەتەش مارتن هوس، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی سەرەکی دەکەن لەدۆسیەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، لێپرسینەوەیەکی تەواو و  دادپەروەری لەم دۆسیەیە و سەرجەم دۆسییەکانی دیکەشدا دو پێشمەرجی سەرەکین.

هیشام هاشمی 6ی تەمموزی ساڵی رابردو تیرۆرکرا

6ی تەمموزی ساڵی رابردو هیشام هاشمی چاودێری دۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراق لە بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچەی زەیونە لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراو، تیرۆرکرا.

لێكۆڵه‌رێکی ناسراوی كاروباری ئه‌منی و سیاسی بو

هیشام هاشمی له‌ساڵی 1973 له‌ شاری به‌غدا له‌دایكبوه‌، لێكۆڵه‌ری كاروباری ئه‌منی و سیاسی بو، بڕوامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ كارگێڕی و ئابوری به‌شی ئاماری له‌ زانكۆی به‌غدا به‌ده‌ست هێناوه‌، ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌میشی له‌باره‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی نوسیوه‌، له‌وانه‌ش (عالم داعش، نبذة عن تأريخ القاعيدة في العراق، تنظيم داعش من الداخل) زیاتر له‌ 500 وتار و بابه‌تیشی له‌ رۆژنامه‌ و كۆڤاره‌ عه‌ره‌بی و بیانیه‌كاندا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. 

وێنەی بکوژی هیشام هاشمی:

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close