کوردستانی

حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی لێبڕینی موچه‌وه‌ بڕیارده‌دات

شكۆی كوردستان-

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو حکومەت بڕیار لەبارەی لێبڕینی موچەوە دەدات.

کاری لەپێشینەی حکومەت دابەشکردنی موچەیە بەبێ لێبڕین، بەمەرجێ بەغدا بەردەوامبێت لە ناردنی 200 ملیارەکە

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند، “کاری لەپێشینەی حکومەت دابەشکردنی موچەیە بەبێ لێبڕین، بەمەرجێ بەغدا بەردەوامبێت لە ناردنی 200 ملیارەکە، نەک مانگێک بدرێت و دواتر بەربەستی بۆ دروستبکرێت.”

وەزارەتی دارایی سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتە بۆ دابەشکردنی موچە

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتی دارایی سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتە بۆ دابەشکردنی موچە،” هاوکات دەشڵێت، جگە لە لێدوانەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی، لێدوانی دیکە فەرمی نین. 

پێشتر عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان و سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند، ئەم مانگە بە داهاتی نەوتی و ناوخۆ لەگەڵ ئەو پارەیەی لە بەغداوە هاتوە، دەتواندرێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت. 

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، “لێبڕینی موچە لەم مانگەوە کەمدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ مانگەکانی داهاتوش زۆر زیاتر کەمببێتەوە، بە مەرجێک حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیارەکە.”

15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 11ـی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەکە گەیشتوەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close