کوردستانی

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی دوو وڵاتی ئه‌وروپی ده‌كات

شكۆی كوردستان

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی سوپاسگوزاری و پێزانینیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی مرۆییانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌ردو وڵاتی هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا و په‌سندكردنی بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی كه‌یسی ئێزیدیه‌كان، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و دو وڵاته‌ كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مان، به‌مه‌به‌ستی سوپاسگوزاری و پێزانینیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی مرۆییانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌ردو وڵاتی هۆڵندا و به‌لجیكا،  په‌سندكردنی بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی ئێزدی ئه‌نجامدران له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، د. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، نامه‌یه‌كی پێزانین و به‌رزنرخاندنی هه‌ڵوێستی هه‌ردو وڵاتی دۆستی گه‌لی كوردی ئاراسته‌ی ڤێرا بێركامپ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵندا، ئیلیان تیلیۆكس سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا كرد.

رێواز فایه‌ق سوپاس و پێزانینی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵندا و به‌لجیكا كردوه‌

له‌ نامه‌كه‌یدا د. ڕێواز فایق به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵندا كردوه‌، كه‌ له‌ 6ی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا ده‌نگیان بۆ به‌ فه‌رمی ناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدی داوه‌، هاوكات سوپاسنامه‌یه‌كیشی ئاڕاسته‌ی ئیلیان تیلیۆكس سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا كردوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌سندكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا له‌ 15ی ته‌مموزدا بۆ به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی ئێزدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئه‌نجام دران.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواستوه‌ كه‌ به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدی ببێته‌ مایه‌ی دادگاییكردنی تاوانباران و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه

له‌نامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواستوه‌ كه‌ به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدی له‌ هه‌ردو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵندا و به‌لجیكا ببێته‌ مایه‌ی دادگاییكردنی تاوانباران و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه ‌و دوباره‌ بنیادنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، هه‌روه‌ها ببێته‌ په‌ندێك بۆ تاوانكارانی ئه‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵكوژییانه‌ و جارێكی دیكه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

له‌كۆتایی نامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوایخواستوه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌یان ڕایه‌ڵه‌یه‌كی پته‌وتر دروستبكات به‌ئاراسته‌ی لێكنزیكبونه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی هۆڵندا و به‌لجیكا.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close